هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر، پاڵپشت بە زانیاری هەواڵگری ورد و بەدواداچوونی بەردەوام، توانییان تیرۆرستێک دەستگیربکەن لە ناوچەی باینجان.
هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر ئاشکرایکرد، تیرۆرستی دەستگیرکراو بەناوی 'حکم ردام محمد الرفیعي' ناسراو بە 'ابو الحکم' خەڵکی پارێزگای سەڵاحەدینە و چەکداری رێکخراوی تیرۆرستیی دەوڵەتی ئیسلامیی بووە لە فرقەی 'ذات الصوار'ـی لیوای 'عەبدوڵای کوڕی عومەر' بەشداری چەندین کار و چالاکی تیرۆرستی و شەڕی دژ بە هێزە ئەمنییەکان کردووە، دوای ڕووخانی دەوڵەتی ئیسلامی هاتووەتە سنوری پارێزگای سلێمانی و لە ناوچەی باینجان نیشتەجێ بووە.
ئەوەشی خستەڕوو، ناوبراو فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا بە مادەی 4ـی تیرۆر، دەستبەجێ پاش دەستگیرکردنی رادەستی یاساکرا بە مەبەستی سزادانی.
لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی هۆشداری دەدەنە خاوەن مارکێت و فرۆشیاران لە بەرزکردنەوەی هەڕەمەکیی نرخەکان، و سەرۆکی لیژنەکەش جەخت دەکاتەوە کە سەرجەم ئەو کاڵایانەی لە کاتی گۆڕانکارییەکانی نرخدا لە بازاڕدا هەبوون پێشتر هێنراون و پەیوەندییان بە بەهای دۆلارەوە نەبووە.
بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵە ئابورییەکانی کوردسات نیوز رایگەیاند، کە ئەو کاڵا و شتومەکانەی لە کاتی گۆڕانکارییەکانی نرخدا لە بازاردا هەبوون، هی پێشتر بوون و هیچ پەیوەندییەکیان بە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارەوە نەبووە لە بانکی ناوەندیدا، بەڵام هەندێک لە خاوەن مارکێتەکان لەسەر خۆیان و بەشێوەیەکی هەڕەمەکی نرخەکانیان بەرزکردەوە.
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان ئاماژەی بەوەشکرد، گلەیی هاووڵاتییان لەوەبووە کە بۆچی بەو خێراییە زۆرە نرخەکان گران کراون، لە کاتێکدا کاڵاکان هیپێشترن و کڕینیان بە نرخی پێشتر بووە. جەختیشی کردەوە، کە ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە پەیوەندی بە ویژدانەوە هەیە، چونکە کڕیارەکان هەموویان کەس و کاری یەکترن.
بابان ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە خاوەنکارەکان هەستیان بە بەرپرسیارێتی کردووە، بەڵام کەمینەیەک هەبوون کە نرخیان بەرزکردبووەوە، و لیژنە هاوبەشەکان رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر و بەردەوام دەبن لە رێگریکردن لە گرانکردنی نرخەکان.
بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، باسی لەوەشکرد، پەڕەی رەسمی قائیمقامیەت و هێڵە گەرمەکان ئامادەن بۆ وەرگرتنی سکاڵای هاووڵاتییان، و هەرکەسێک تێبینیی گرانبوونی نرخ یان هەر سەرپێچییەک لەسەر کۆی سێکتەرەکان هەبێت، دەتوانێت لە رێگەی ژمارە تەلەفۆنی (07708677777)ـەوە پەیوەندی بکات و تیمەکان بەدواداچوونی وردی بۆ دەکەن.
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان دەشڵێت؛ سکاڵاکانی هاووڵاتییان جۆراوجۆر بوون؛ لەوانە بەرزکردنەوەی نرخی هەندێک لە بەرهەمە ناوخۆییەکان و میوەهات (وەک فرۆشتنی کیلۆیەک هەنار بە شەش هەزار دینار)، و جەختیشی کردەوە کە لیژنەکان بە بەردەوامی سەردانی کۆگا، مارکێت و کۆمپانیا دابەشکارەکان دەکەن و رێکاری توند بەرانبەر هەر سەرپێچییەک دەگرنەبەر.
لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ کۆیە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ قائیمقام و بەڕێوەبەری فەرمانگە و یەکە ئیدارییەکانی کۆیە و تەقتەق کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەکشەممە 11ـی 10ـی 2026 بەڕێوەچوو، پاش گوێگرتن لە تێبینی و داواکارییەکان، قوباد تاڵەبانی بەڵێنی پێدان هاوکاریان بێت لە چارەسەرکردنی کێشە و کەموکوڕییەکان بۆ ئەوەی باشتر بتوانن خزمەتی دانیشتووانی کۆیە و تەقتەق بکەن.
جێگری سەرۆک وەزیران داواشیکرد بەرپرسانی یەکە ئیدارییەکان رێوشوێنی گونجاو بگرنەبەر بۆ ئەوەی بتوانن لە کاتی جێبەجێکردنی مامەڵەی هاووڵاتییاندا، زۆرترین کارئاسانییان پێشکەش بکەن، هەروەها ئامادەیی خۆشی دەربڕی هاوکاربێت لە هاندانی وەبەرهێنەران تا لە بوارە جیاوازەکاندا لە سنوورەکە کاری وەبەرهێنان بکەن.
سەرۆکی یەکێتی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کونسوڵی نوێی فەرەنسا جەختی لە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم کردەوە و رایگەیاند، نابێت بە هیچ شێوەیەک قووتی هاونیشتمانییان تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان بکرێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئیمانوێل مینیۆ، کونسوڵی گشتیی نوێی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی پیرۆزبایی لە کونسوڵی نوێی فەرەنسا کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونییەوە و هیوای خواست قۆناغی کارکردنی لە هەرێمی کوردستان ببێتە مایەی برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.
پرسی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداد تاوتوێ کرا و بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا کردەوە و رایگەیاند، نابێت بە هیچ شێوەیەک قووتی هاونیشتمانییان تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان بکرێت.
شارەوانیی سلێمانی شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە؛ سبەینێ سایدێکی شەقامی سەرەکیی گەڕەکی بەختیاری بەربەست دەکرێت و داواش دەکات شەقامی خوار تەلاری هونەر وەک رێگای جێگرەوە بەکاربهێنن.
شارەوانیی سلێمانی ئاشکرایکرد،، سبەینێ سەعات 9:00ـی بەیانی، بە مەبەستی خێرا کارکردن لە یەکتربڕی "شەوکەت حاجی موشیر" و قیرتاوکردنەوەی، سایدی رۆیشتن لە تەلاری هونەرەوە بۆ شەقامی سەرەکیی گەڕەکی بەختیاری بەربەست دەکرێت.
شارەوانی داوا لە شۆفێران دەکات بۆ کارئاسانی لە هاتوچۆ، شەقامی خوار تەلاری هونەر وەک رێگای جێگرەوە بەکاربهێنن و پابەندی هێماکانی هاتوچۆ بن.
لە سەردانەکەیدا بۆ کۆیە، قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لەگەڵ کوردە عومەر، لێپرسراوی مەڵبەند و ئەندامانی ئەنجوومەنی مەڵبەندی 14ـی رێکخستنی کۆیەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەکشەممە 11ـی 10ـی 2026 بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگیی کۆیەی کرد بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و داوایکرد ئەندامانی ئەنجوومەنی مەڵبەند زۆر زیاتر لە جاران خۆیان ماندوو بکەن و خۆیان بە داکۆکیکاری مافی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کۆیە بزانن.
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، سیاسەت و هەڵوێستی یەکێتی بۆ ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە روونکردەوە و جەختیکردەوە کە یەکێتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی پابەندە بە تەواوی ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکی کوردستان و دەنگدەرانی خۆی داوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بە پێگەی یەکێتی کرد لە کوردستان و عیراق و ناوچەکەدا و روونیکردەوە کە لە دوای سەرۆک مام جەلالەوە، هەرگیز یەکێتی وەک ئێستا پێگەی بەهێز نەبووە، بە جۆرێک لە هەموو پرسە گرنگەکاندا حیساب بۆ بۆچوون و هەڵوێستی یەکێتی دەکرێت. وتیشی بەهۆی روونبوونی سیاسەت و هەڵوێستەکانییەوە، یەکێتیی ئێستا متمانەپێکراوترین هێزی سیاسییە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دەباشان پێشوازی لە کریستیان ئۆلفکێ، کونسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی یەکێتی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی نوێی ئەڵمانیا کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکە نوێیەکەیدا بۆ خواست. هاوکات ئامادەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک لەپێناو سەرخستنی کارەکانیدا دووپاتکردەوە.
هەروەها تاوتوێی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە کرا. لای خۆیەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی هاریکاری و پەیوەندییەکانی نێوان لایەنەکان کردەوە، لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکاندا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی 10ـی 2026 لەسەر رێگای پێنجوێن سەیدسادق بارهەڵگرێک وەرگەڕا و سێ کەس بەو هۆیەوە بریندار بوون.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، سێ کەسەکە لە دایک و باوکێک و منداڵەکەیان پێکهاتوون و باوکەکە تەمەنی 55 ساڵە و دایکەکەش تەمەنی 35 ساڵە.
وتیشی، بارهەڵگرەکە باری 'تەماتە'ـی پێبووە و جگە لە زیانە گیانییەکانی روداوەکە، زیانی مادیشی لێکەوتووەتەوە و بارەکەی بەهەدەر چووە.
هاوکات، سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی 'شەهید شەوکەت' بەهۆی سەختی برینەکەیەوە پیاوەکە رەوانەی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شار کراوە و دایک و منداڵەکە بۆ چاودێری پزیشکی لەنەخۆشحانەی 'شەهید شەوکەت' هێڵراونەتەوە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران سەردانی قەزای کۆیەی کرد و لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا زانکۆی کۆیەی بەسەرکردەوە و لەگەڵ سەرۆک و ئەنجومەنی زانکۆ کۆبووەوە.
لە دەستپێکی سەردانەکەیدا قوباد تاڵەبانی، بەردی بناغەی پارکی "بەردی بناغە"ـی لە هەواری زانکۆی کۆیە دانا کە بەبۆنەی یادی 23 ساڵەی دامەزراندنی زانکۆکە بە هاوکاری دامەزراوەی سەرۆک مام جەلال دروست دەکرێت.
دواتر جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ سەرۆک و ئەنجومەنی زانکۆکە کۆبووەوە. سەرۆکایەتی زانکۆی کۆیە سوپاسی پشتیوانییە بەردەوامەکانی قوباد تاڵەبانیان کرد بۆ پێشخستنی زانکۆکە و بە تایبەتیش کە لەم دوایانەدا پاسی کارەبایی بۆ زانکۆ دابین کردوە.
قوباد تاڵەبانیش لە کۆبوونەوەکەدا دڵخۆشی خۆی دەربڕی بەوەی هەر کاتێک سەردانی زانکۆی کۆیە دەکات گۆڕانکاری و پێشکەوتنی نوێ دەبینێت. دەستخۆشیشی لە سەرۆکایەتی زانکۆ و مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆکە کرد بۆ داهێنان و هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ خزمەتکردنی ژینگە. داواشیکرد ئەو پڕۆژانەی هەیانە لە بوارەکانی ریسایکلین و بەکارهێنانی وزەی پاک و دابینکردنی کارەبا لە وزەی خۆر، زیاتر پەرەی پێ بدەن بۆ ئەوەی لە شارەکانی دیکەی کوردستان و عێراق سوودی لێ وەربگیرێت.
بەڵێنیشی پێدان بۆ لەمەودواش پشتیوانی هەموو هەوڵێک دەکات بۆ پێشخستنی زیاتری زانکۆی کۆیە، بە تایبەتیش پشتگیری لە پڕۆژە داهێنەرانەکانیان دەکات.
قوباد تاڵەبانی سەردانی کۆیەی کرد و بەردی بناغەی 'پارکی بەردی بناغەی زانکۆی کۆیە'ـی دانا و سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمیش نوێترین زانیاری بۆ کوردسات نیوز خستەڕوو.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، بە کوردسات نیوزی راگەیاند: ئێمە بەشێکین لە عیراق و بەشێکیشین لە پێکهێنانی حکومەتەکەی، لە چەند رۆژی رابردوودا کاک بافڵ لە بەغداد بوو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت.
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا: گفتوگۆکان بەردەوامە و ئیشەڵا دەگەینە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بێت.
سهرۆکایهتیی ههرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی شا خالیدی سعودیە دەکات و تێیداهاتووە، " پشتیوانی و هاوسۆزیمان لهگهڵ شانشينى عهرهبستانى سعووديه دووپات دهکهینهوه".
دەقی پەیامەکە
به توندى سهرکۆنهى ئهو هێرشه دهکهین كه دوێنێ شهممه كرایە سهر فڕۆكهخانهى نێودهوڵهتيى شا خالد له ڕيازى پايتهختى عهرهبستانى سعووديه و ژمارەیەک قوربانى و برينداری لەنێو خەڵکدا لێکهوتهوه.
پرسه و سەرەخۆشی و هاوخهمیمان ئاراستەى سهركردايهتى، حكوومهت و خەڵكی شانشينى عهرهبستانى سعووديه و كهسوكارى قوربانييان دهكهین و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازین.
پشتیوانی و هاوسۆزیمان لهگهڵ شانشينى عهرهبستانى سعووديه دووپات دهکهینهوه و جەخت لە پێویستیی پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل، ڕاگرتنی گرژییەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەکهینهوه.
سهرۆکایهتیی ههرێمی کوردستان
2026/10/11
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دەڵێت، نیەتێک بۆ پێکهێنانی حکومەت هەیە و ئەگەر هەیە لەم پاییزەدا کابینەی نوێ پێکبهێنرێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر دوایین پێشھاتەکانی پرۆسەی سیاسی و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و رایگەیاند: "ئەگەر هەیە لەم پاییزەدا حکومەت پێکبهێندرێت."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هێزە سیاسییە سەرەکییەکان، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد کە کۆبوونەوە لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان "هەر دەبێت"، و جەختی کردەوە کە کۆبوونەوەکان گرنگن و نیەتێکی راستەقینە بۆ پێکهێنانی حکومەت بوونی هەیە.
هەروەها سەبارەت بە کۆسپ و بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەکە، قوباد تاڵەبانی وتی: "رەنگە ئەو بەربەستانەی کە هەن لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتدا، هەندێکیان چارەسەر بووبن و هەندێکیشیان مابن، بەڵام من گەشبینم و حکومەت هەر پێكدێت."
لە تەوەرێکی تری قسەکانیدا، جێگری سەرۆک وەزیران باسی لە هاوپەیمانییەکەیان لەگەڵ نەوەی نوێ کرد و جەختی کردەووە، "نەوەی نوێ هەر بەوەی کە هاوپەیمانی ئێمەن، بەو واتایە نییە کە حەز بکەن لەناو حکومەتدا بن؛ خۆیان سەرپشکن لەوەی کە بەشدار دەبن یان نا، و ئێمەش رێز لە بڕیاری ئەوان دەگرین." لەگەڵ ئەوەشدا، جەختی لە گرنگیی هاوپەیمانییەکە کردەوە و وتی: "ئەم هاوپەیمانییە هاوپەیمانییەکی جدییە، شانازیی پێوە دەکەین و پابەند دەبین پێوەی."
قوباد تاڵەبانی دەڵێت؛ زیرەکیی دەستکرد تەنها هاوڕێیەك نییە، بەڵكو كەرەستەیەكی زۆر بەهێزە، كێشەكانت بۆ رووندەكاتەوە و چارەسەرت بۆ پێشنیاز دەكات، بەمەش رێگەی دوورت بۆ نزیك دەكاتەوە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لە ئیڤێنتی فاوندەیشن هەب تایبەتە بە پێشبڕکێی زیرەکیی دەستکرد کە بە پاڵپشتی میدیایی دەزگای میدیایی كوردسات بەڕێوەدەچێت وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، هێشتا مرۆڤ زاڵە بەسەر AI دا و من لە AIی ناترسم و پێم وانییە AIی كۆتایی دنیا بێت، خۆم AIی بەكاردەهێنم و سودم لێ وەرگرتووە، وای كردووە كاره كانی خێراتربێت، بەڵام دەبێت AIی بەرپرسیارانە بەكاربهێنرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، زیرەكیی دەستكرد بەبێ مرۆڤ بێسوودە، لەم ئیڤێنتەدا كۆمەڵێك گەنج بە بەرپرسیارییەوە مامەڵەیان لەگەڵ ئەی ئای كردووە، هەربۆیە حكومەتی هەرێم پێویستی بە گەنج و داهێنانەكانیانە و ئێمەش لە هەركوێ بین پشتیوانیان دەبین.
بە ئامانجی چاودێریکردنی نرخ و کوالیتیی پێداویستییەکان، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی هەڵمەتێکی مەیدانی بۆ سەر کۆگاکانی خواردن لە ناوچەی هوانە دەست پێکرد و لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ رەوشەکە کرد.
لەو بارەیەوە، بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەدوای بڕیاری بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار لەلایەن حکومەتی عیراقەوە، هەندێک نیگەرانی و ترسی لای هاووڵاتییان دروست بووە، بەڵام ئەوان هاووڵاتییان دڵنیا دەکەنەوە کە رێگە بە زیادکردنی نرخەکان نادەن."
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان ئاماژەی بەوەشکرد، لە رێگەی چاودێریکردنی وردی کۆگاکانی خۆراک و ناو بازاڕەوە، رێگری لە هەر سەرپێچییەک دەکرێت و هۆشداریشی دا کە "هەر بازرگان و کاسبکارێک نرخ لەسەر هاووڵاتییان زیاد بکات، رووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبێتەوە."
لە کۆتاییشدا جەخت کرایەوە کە لیژنە تایبەتمەندەکان بەردەوام دەبن لە سەردانیکردنی مەیدانی بۆ ناو بازاڕ، کۆگاکان و مارکێتەکان، و هەر شوێنێک پابەند نەبێت رووبەڕووی رێکاری توندی یاسایی دەکرێتەوە.
لەم لینکەوە بینەری کۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەکەی قائیمقامیەتی سلێمانی ببە
سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر نوێترین نرخەکانی زێڕی بۆ ئەمڕۆ بڵاوکردەوە، کە تێیدا نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 گەیشتووەتە 970 هەزار دینار.
بەپێی نرخەکانی سەندیکای زێڕنگەران لە هەولێر، ئەمڕۆ، نرخی یەک ئۆنسەی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بە چوار هەزار و 121 دۆلار دیاری کراوە.
نرخی فرۆشتنی جۆرەکانی زێڕ لە بازاڕدا بەم شێوەیەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22: 1,015,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21: 970,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18: 831,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 14: 646,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 12: 554,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 9: 415,000 دینار
سەندیکای زێڕنگەران ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر گۆڕانکارییەک له نرخەكان پەيوەستە بە بەهاى بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەى دۆلار لە بازاڕەكانى هەرێمی کوردستان و كردنەوەى بۆرسەكانى جيهان گۆڕانکاریەکان بەردەوام دەبێت.