حەمەی حەمەسەعید: یەکێتی مێژوویەکی پرشنگدار و پڕ دەستکەوتی تۆمارکردووە
سام
٣١ی ئایاری ٢٠٢٦
حەمەی حەمەسەعید، بە بۆنەی یادی 51 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە: هیوادارم یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ژێر سایەی یەکڕیزی، یەکدەنگی و سەرکردایەتیی بەکۆمەڵ، هەروا بە خزمەتکردنی دڵسۆزانە بۆ گەل، بەردەوام بێت لەسەر ڕێبازی مام جەلال تاڵەبانی بۆ بەدیهێنانی ئامانجە بەرز و نیشتمانییەکان.
دەقی پەیامەکە
بە بۆنەی یادی 51 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە، گەرمترین و دڵسۆزانەترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدان، کادران، پێشمەرگە قارەمانەکان، لایەنگرانی دڵسۆز و هەموو ئەو تێکۆشەرانە دەکەم کە لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بە دڵسۆزی و قوربانیدانیان ڕۆڵی بەرچاویان لە گەشەپێدان و سەرکەوتنی ئەم ڕێکخراوە نیشتمانییەدا هەبووە.
زیاتر لە نیو سەدە تێکۆشان، خەبات، کۆڵنەدان و قوربانیدان لە پێناو داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی گەل، ئازادی، دادپەروەری و پێشکەوتنی کۆمەڵگە، مێژوویەکی پرشنگدار و پر دەستکەوتی تۆمار کردووە.
ئەم بۆنە دەرفەتێکە بۆ ڕێزلێنان و وەفاداری نیشاندان بە یادی نەمر مام جەلال، دامەزرێنەران، شەهیدان، پێشمەرگە و هەموو ئەو کەسایەتییانەی کە بە خۆشەویستی و خۆنەویستی و دڵسۆزییەوە بناغەکانی ئەم بزووتنەوە سیاسی و نەتەوەییەیان دامەزراند و پاراست.
هیوادارم یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ژێر سایەی یەکڕیزی، یەکدەنگی و سەرکردایەتیی بەکۆمەڵ، هەروا بە خزمەتکردنی دڵسۆزانە بۆ گەل، بەردەوام بێت لەسەر ڕێبازی مام جەلال تاڵەبانی بۆ بەدیهێنانی ئامانجە بەرز و نیشتمانییەکان.
خەبات و قوربانییدانی یەکێتی نیشتمانی شایەنی دەستکەوت و سەرکەوتنی زیاترە لە هەموو بوارە سیاسی، نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکاندا، بەوهیواییەی لە داهاتوودا شایەتحاڵی سەرکەوتن و دەستکەوتی زیاتربین لەمەیدانەکەدا.
سڵاو و دروود بۆ رۆحی پاکی شەهیدان
حەمەی حەمەسەعید
٢٠٢٦/٥/٣١



