مەراڵ دانش بەشتاش پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند، مام جەلال دروشمی یەكێتی و یەكڕیزی گەلی كورد بوو و دەیانەوێت بەردەوامی بەو رێبازە بدەن، وتیشی، هەر جارێك سەردانی هەرێمی كوردستان و سلێمانی بكەن دەبێت سەردانی مەزاری سەرۆك مام جەلال بكەن.
ئاشكراشیكرد لە چوار ساڵی داهاتوو هەرێمی كوردستان ڕووبەرووی ئاڵنگاری گەورە دەبێتەوە و بۆیە نوێنەری بەهێز پێویستە بۆ ئەوەی بتوانێت پارێزگاری لە قەوارەی هەرێم و دەستوور بكات.
وتیشی ئەوەی گرنگە حكومەتی هەرێم هەموو هەنگاوێكی گرتوەتەبەر و بەهۆی ئەوەشی رەوشی عێراق ناجێگیرە نازانرێت لە داهاتوودا حكومەتی عێراق چ بڕیارێك دەدات.
فەرمانگەی كارتی نیشتیمانی سرۆچك لە ناحیەی بەرزنجە لە دوای تەواو بوونی و دابینكردنی فەرمانبەری پێویست و ئامێر و كەلوپەلی پێویست، ئەمڕۆ بە ڕووی هاوڵاتیان كرایەوە، بەڕێوەبەری كارتی نیشتیمانی پارێزگای سلێمانیش داوا لە هاوڵاتیانی ناحیەی بەرزنجە دەكات كە بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانیان سەبارەت بە كارتی نیشتیمانی سەردانی فەرمانگەی كارتی نیشتیمانی سرۆچك بكەن و مامەڵەكەیان لەو فەرمانگەیە بەڕێ بكەن.
بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەسەردانێک گەیشتە کەرکوک و سەرەتا لەبارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لەلایەن بەرپرسی دەستەی کارگێڕی و ژمارەیەک لە کارگێڕ و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی پێشوازی کرا و لەگەڵ لێپرسراوانی شارەکە کۆبووەوە، لەو کۆبونەوەیەدا دڵنیایی بە کەرکوکییەکان دەدات، ھەمیشە پاڵپشت و ھاوکاریان بێت.
لەکۆبوونەوەکەدا بە وردی گفتوگۆکرا لەبارەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرخستنی ھاوپەیمانیی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکوک و میکانیزمەکانی زیاتر خزمەتکردنی کەرکوکییەکان و رێکخستنەوەی کاری حزبی لە سنورەکە .
دوای ئەوەی سەرکردایەتی کەرکوک راپۆرتێکیان لەسەر کۆی ھاوکێشە و پرسە سیاسی و ئەمنییەکان و دۆخی کورد لە ناوچەکە و ھەڵمەتی سەرخستنی ھاوپەیمانیی کوردستان خستەڕوو، بافڵ تاڵەبانی وتەیەکی ھەمەلایەنەی لەبارەی دۆخی گشتی پێشکەشکرد و ئاماژەی بە سیاسەتی نوێی یەکێتی کرد کە رەنگدانەوەی واقیعی سیاسی و بەرژەوەندییە گشتییەکانە و روونیکردەوە، کەرکوک لای یەکێتی ھێڵی سوورە و وەک سەرۆک مام جەلال فەرموویەتی قودسی کوردستانە، لەبەرئەوە خزمەتکردنی کەرکوک و کەرکوییەکان لەپێشینەی خەباتمان دەبێت و ھەموو ھەوڵێکمان بۆ ئەوەیە تایبەتمەندی و کوردستانی بوونی کەرکوک بپارێزین .
ھاوسەرۆک ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، راستە لە دەرئەنجامی ریفراندۆم و بەھەند وەرنەگرتنی پێشنیاری وڵاتانی دۆستمان زیانی گەورەمانکرد، بەڵام بێھیوا نەبووین و یەکێتی بۆ ساتێکێش کەرکوکییەکانی جێنەھێشت، کە ئەمە بەرپرسیارێتی مێژوویی و نەتەوەیی ئێمە بووە لە داھاتووشدا ھەر لێرە دەمێنینەوە و خزمەتدەکەین، ئەرکی سەرکردایەتی کەرکوکیشە پارێزەری راستەقینەی بەدیھێنانی داواکارییەکانی کەرکوکییەکان بن و زیاتر لەناو خەڵک بن و خزمەتی شارەکە بکەن .
سەبارەت بە کاری رێکخراوەیی و ئۆرگان و ناوەندەکانی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی بەرچاوڕونیدایە ئامادەبووان و ھێڵەگشتیەکانی حزبی لەچەند ئاستێکدا روونکردەوە، کە کاری لەسەر بکرێت .
بۆ ھاوپەیمانیی کوردستان و سەرخستنی کاندیدەکانی ھاوسەرۆک وێڕای دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و لیژنەی بانگەشە لە کەرکوک، کە بەشێوەیەکی سەرکەووتوانە ئەرکەکان رادەپەڕێنن، روونیکردەوە سەرکەوتنی ھاوپەیمانیی کوردستان لە کەرکوک زامنی پاراستنی کوردستانی بوونی شارەکە و پێکەوەژیانی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانە، لەبەرئەوە پێویستە ھەموو ھەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی لە کەرکوک دەنگی یەکەم بھێنین و ھاوپەیمانیی کوردستان ببێتەوە سەرمەشقی بەردەوامی خزمەتکردنی کەرکوک و کەرکوکییەکان لەو رووەوە بافڵ تاڵەبانی دڵنیایی دەربڕی، کە کەرکوکییەکان لەم وێستگەی سەرکەوتنەشدا پشکی شێریان بەردەکەوێت و وەک ھەمیشە لە پێشەوەی دەنگدان دەبن و ھاوپەیمانییەکەی خۆیان سەردەخەن .
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا چەندین پرسی تری پەیوەست بە کەرکوک گفتوگۆی لەبارەوە کرا و ھەڵسەنگاندنی پێویستی بۆ کرد .
چوار ساڵ پێش ئێستا و لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ ریفراندۆم ئەنجام درا و بەھۆیەوە ھەرێمی کوردستان خرایە ژێر گەمارۆی قورس و سەرجەم دەروازەکانیشی لێداخرا.
دوای کەمتر لە مانگێکیش لە ئەنجامدانی ریفراندۆمەکە ھێرش کرایە سەر ھەرێمی کوردستان و لە ٥١٪ی خاکەکەی لەدەستدا و پێگە و قەوارەی ھەرێمیش کەوتە بەردەم مەترسی لەناوچوونەوە.