لافاو لە چەند گەڕەکێکی شاری ھەولێر درووستبوو
کوردسات نیوز
١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
پەیامنێری کوردسات نیوز لە ھەولێر رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمرۆ شەپۆلێکی باران بارینی بەخوڕ ھەولێری گرتەوەو لافاو لە گەڕەکانی زیلان و تەیراوا و برایەتی و سەروەران و ھەولێری نوێ و شاوێس و بەردەم ئەنجومەنی وەزیران دروستبوو، ئەوەش ئاستەنگی بۆ ھاتووچۆی ھاوڵاتیان دروستکردو ئاو چووە چەند ماڵ و ئۆتۆمبێلێک.
پارێزگاری ھەولێر لە راگەیەنراوێکدا سەبارەت بە دروستبوونی لافاو لە چەند گەڕەکێکی شاری ھەولێر داوا لە ھاووڵاتیان دەکات لە پێناو سەلامەتی خۆیان و گەیشتنی تیمەکانیان بۆ شوێنی پێویست، ئەوەی کاری زۆر گرنگی نەبێت، ھاتوچۆیان سنورداربکەن.
راشیگەیاندوە، ھاووڵاتیان بۆ ھەر بابەتێکی پێویست، پەیوەندی بە شارەوانی و بەرگری شارستانی و پۆلیس ونزیکترین فەرمانگەی خزمەتگوزاری بکەن.
ھاوکات"سەرکەوت کاڕەش"وتەبێژی بەرگری شارستانی ھەولێر لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند، ھەموو تیمەکانیان لە ئامادە باشیدان بۆ بەھاناوەچوونی ھاووڵاتیان، لە گەڕەکەکانی ھەولێری نوێ و سێتاقان و گڵکەند و ترافیک لایتی ئەنجومەنی وەزیران ئاو کۆبۆتەوە، لە ھەندێک شوێنیش زیانی ماددی ھەبووە.
بەھۆی لافاوەکەوە زیانی ماددی زۆر بەر ھاوڵاتیان کەوتووە، بەپێی زانیارییەکانیش لە نزیک ئەنجومەنی وەزیران پێنج ئۆتۆمبێل ژێر ئاو کەوتوون، تیمەکانی بەرگری شارستانیش لە ھەوڵی کردنەوەی رێڕەوە ئاوییەکانن.
ھاوکات ھاووڵاتیانیش دەڵێن، زیانی ماددی زۆریان پێگەیشتووە، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا ئەوە سێیەمین جارە بەھۆی دروستبوونی لافاوەوە توشی زیانی ماددی زۆر بوون.