سۆزان مەنسور: بەغداد ڕووفاتی ئەنفالکراوان بە بێ پشکنین ڕەوانەی ھەرێم دەکاتەوە
کوردسات نیوز
٢٤ی نیسانی ٢٠٢٢
سۆزان مەنسور ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، لەسەر داواکاری کەسوکاری ئەنفالکراوەکان، ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق و پزیشکی دادیی بەغداد لە پەیوەندیدان لەبارەی کێشەی ناردنەوەی ١٧١ ڕووفاتی ئەنفالکراوانی گەرمیان کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەماوە دۆزراونەتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ڕووفاتەکان ماوەیەکی زۆرە لە پزیشکی دادوەری بەغدادن و بە نیازن دوای جەژنی ڕەمەزان بە بێ پشکنینی DNA بنێردرێنەوە بۆ کوردستان، پزیشکی دادیی و بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکانیش دەڵێن، پزیشکی دادیی ڕووفاتی زۆری لێیە و جێگەیان نییە.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی وتیشی، کەسوکاری ئەنفالکراوان دژی ئەوەن ڕووفاتەکان بە بێ پشکنینی DNA بنێردرێنەوە بۆ ھەرێم، لە بەغداد پشتیوانی لە داواکارییەکانی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان دەکەن بۆ ئەوەی پشکنینیان بۆ ئەنجام بدرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە مانگی تەمووزی ٢٠١٩ چەند گۆڕێکی بە کۆمەڵ دۆزرانەوە کە ڕووفاتی ١٧١ ئەنفالکراوی تێدابوو، بە مەبەستی پشکنینی DNA ڕەوانەی پزیشکی دادی بەغداد کران.