شۆڕش کەمال نوێنەری ڤێتێرنەری لە لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، دوای بەدواداچونی ورد بە ھاوکاری ئاسایشی ئابووری و پۆلیسی سەرا توانرا لە ماڵێکدا لە گەڕەکی کارێزەوشک دەستبگیرێت بەسەر بڕی ٥٥٠ کیلۆگرام گۆشت و قیمەی ھندی و جگەری بەستووی ئێرانی کە سەرجەمیان بە بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ و تەندروستی قەدەغەن، لەگەڵ ٢٥٠ کیلۆگرام ساسی ئامادەکراو کە بەھۆی خراپ ھەڵگرتنیانەوە خراپ ببون.

وتیشی، بەفەرمانی دادوەر ماڵەکەیان پشکنیوە و بە بڕیاری قائیمقامی سلێمانی تەواوی ئەو خۆراکانە لەناو دەبرێن.

ھەروەھا رێکان جەمال سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، خاوەنی ئەو خۆراکە قەدەغەکراوانە رادەستی یاسا کراوە و ئیجرائاتی لەگەڵ دەکرێت، لەھەمان کاتدا دوکانی ئەو ھاوڵاتییە لە دارەسوتاوەکەی ناوبازاڕ داخرا.