دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە، وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە نووسراوێکی وەزاری وانەی کوردی لە پەروەردەی عەرەبیدا بێ بایەخ دەکات و دەڵێت ھەر خوێندکارێک لە وانەی کوردی دەرنەچێت بە کەوتوو ھەژمارناکرێت، ئەوەش فەرامۆشکردنی زمانی کوردی و پێچەوانەی دەستووریشە کە ھەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بە رەسمی ناساندووە.

دەشڵێت، ئەو پاشەکشە دەستوورییە زەنگێکی مەترسیدارە و خزمەتی ژیانی پێکەوەیی ناکات و داوای ڕوونکردنەوەی بڕواپێکراویش لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەکەن و داوا لە فراکسیۆنە کوردییەکانیش دەکەن ئەو پێشێلکاری و  بێبایەخ کردنانەی زمانی کوردی بیانھێنێتە دەنگ و ڕێوشوێنی یاسایی پێویست بگرنەبەر.