دەقی راگەیاندراوەکە .....

‎ئەمڕۆ شەممە (٨ی ١٠ی ٢٠٢٢)، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی لە مەکۆی سەرەکی لە سلێمانی ئەنجامدا.
‎سێ پرسی سەرەکی، تەوەری گفتوگۆکانی ئەندامانی جڤات بو:

‎یەکەم: کۆنفرانسی نیشتمانی
‎لیژنەی باڵای کۆنفرانسی نیشتیمانی کۆتا ئامادەکارییەکانی کۆنفرانسی خستەڕوو، لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاردرا لە نزیکترین کاتدا دوەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی ببەسترێت.

‎دوەم: پرسی ئاشتەوایی و خۆڕێکخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆی بەرھەمھێنی لەسەرکرا، لەو چوارچێوەیەدا بڕیاردرا ھەنگاوە کردارییەکانی ئاشتەوایی و سەقامگیری ڕێکخراوەیی دەست پێ بکات؛ وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکانی کۆنفرانس و خۆڕێکخستنەوە و خۆنوێکردنەوەی گۆڕان.

‎سێیەم: پرسی وادەی پەرلەمان
‎بزوتنەوەی گۆڕان بڕوای تەواوی بە پرۆسەی ھەڵبژاردن ھەیە لە کات و ساتی خۆیدا، بۆ ئەو مەبەستەش وەک بەرپرسیارێتی نیشتیمانی کە دواخستنی ھەڵبژاردن نەبێتە نەریتێکی نادیموکراتی و زەوتکردنی مافی خەڵک؛ فراکسیۆنی گۆڕان لە ساڵی (٢٠٢٠) پێشنیازی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی و ھەڵبژاردن و ڕاپرسی کوردستان، ھاوکات لە (٣١ی٣ی٢٠٢١) پێشنیازی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد، بەڵام ناکۆکی حیزبی بووە ھۆی گوێنەگرتن لە پڕۆژەکانی گۆڕان، ئەم دوو پرسەش کرانە لەمپەڕێکی یاسایی لەبەردەم ھەڵبژاردن.
‎لەو چوارچێوەیەدا، لەلایەک بۆ دروستنەبوونی بۆشایی یاسایی و دەستوریی لە ھەرێم، لەلایەکی دیکەش لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خەڵک و جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی گرنگ لەوانە جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەت و ناردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمان و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، لەگەڵ تەواوکردنی پڕۆژەکانی ڕێگەوبان و چەند پڕۆژە یاساییەکی گرنگ لەوانە خانەنشینی ھێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ؛ یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان فراکسیۆنە پێکھێنەرەکانی حکومەت واژۆکرا. 

‎جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
٨/١٠/٢٠٢٢