سەرۆکی یەکێتی لە دیبەیتێکی دووەم کۆڕبەندی ئابوری دێڵفی لە سلێمانییەوە باسی لە هەوڵەکانی یەکێتی و رەوشی ناوخۆی هەرێم، عیراق و ناوچەکەی کرد.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دووەم کۆڕبەندی ئابوری نێودەوڵەتی دێڵفی لە سلێمانییەوە رایگەیاند: دەرفەتی باشمان لەبەردەستە بۆ داهاتویەكی باشتر، دەتوانین ئاشتی بەردەوام بێنینە كایەوە بەڵام پێوستمان بە پشوودرێژییە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا: یەكێتی نیشتمانی كوردستان كار بۆ سەقامگیری و ئاسایش دەكات تا براكانمان پارێزراو بن، ئەركی ئێمە ئەوەیە سەقامگیری بۆ ناوچەكە فەراهەم بكەین.

سەرۆکی یەکێتی وتیشی: پەیوەندیە تەلەفونیەكەم لەگەڵ سەرۆك ترەمپ و عەباس عیراقچی زۆر باش بوو، پەیوەندییەكانمان لەگەڵ تاران و واشنتۆن لەوپەڕی باشیدایە.

سەرۆکی یەکێتی سەبارەت بە عیراق وتی: عیراقیش دەتوانێت وەك پاكستان رۆڵی نێوەندگیر ببینێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەبارەت بە دۆناڵد ترەمپ وتی: باوەڕم وایە كە دۆناڵد ترەمپ دەتوانێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی مامەڵەی باش بكات، هەروەها دەكرێت پەیوەندی ئەمریكا و ئێران بەرەو پێشەوە بچێت.

سەبارەت بە تورکیا، سەرۆکی یەکێتی وتی: پەیوەندیمان لەگەڵ توركیا باشە و پێمان وایە پڕۆسەی ئاشتی لەو وڵاتە سەركەوتو دەبێت، هەوڵی تەواومان داوە بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا سەركەوتوبێت.

 سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداد، سەرۆکی یەکێتی وتی: پێویستمان بە ئاڕاستەیەكی نوێیە لە هەولێرەوە بەرەو بەغداد، دەبێت لێكتێگەیشتنی زیاتر بۆ ئەو شتانە هەبێت كە تا ئێستا لێیتێنەگەیشتوین، هەروەها بەغداد داوای ئەوە دەكات چۆن رێز دەگرێت ئاوایش رێزی لێ بگیرێت.

سەرۆکی یەکێتی وتیشی: پێویستە لێكتێگەیشتنێكی تەواو هەبێت لەبارەی ئەوەی كە حكومڕانی هاوبەش چۆنە، هاوپەیمانێتییەكی باشمان لەگەڵ نەوەی نوێ هەیە و باشتر دەبێت ئەگەر لەگەڵ پارتیش هەمانبێت، هیچ حكومەتێكی باش لە هەرێمی كوردستان پێكنایەت ئەگەر وەك حكومەتەكەی پێشوبێت.