بێگەرد تاڵەبانی: گۆڕانکاری لە کەشوهەوا کاریگەری زۆری لەسەر ناوچەکە هەیە
محەمەد رزگار
٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی قەیرانی ئاو و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و جەختی لە پێویستیی دارشتنی لێکگەیشتنێکی ناوچەیی کردەوە بۆ ئیدارەدانی ئەو ئاڵنگارییانە، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە هێشتا پشت بە نەوت و غاز دەبەستن.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم لە پانێڵێکدا لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی دێڵفی لە سلێمانی رایگەیاند، دۆسیەی ئاو زۆركات بووە بە كێشە لە نێوان وڵاتاندا و بۆ ئیدارەدانی گۆڕانكارییەكان پێویستمان بە لێكتێگەیشتنێكی ناوچەیی هەیە.
وتیشی، وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەكی گشتی پشتیان بە نەوت بەستوە كە كاریگەری لەسەر پیسبونی ژینگە هەبووە.
بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی هەستیاریی زۆر بە قەیرانەکانی وزە و ئاو، پێویستی بە جۆرێکی جیاواز لە ستراتیژی کارکردن هەیە بە بەراورد بە ناوچەکانی تری جیهان.
ئەوەشی خستەڕوو، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا تەنها کێشەی ژینگەیی نین، بەڵکو بوونەتە هۆکارێک بۆ تێکچوونی شیرازەی بیرکردنەوەی کۆمەڵگاکان لە دانانی پلانی داهاتوودا.
وەزیری کشتوکاڵی هەرێم راشیگەیاند، مەلەفی ئاو پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە گەشەی ئابوری، تەندروستی گشتی و سەقامگیری کۆمەڵایەتییەوە هەیە، جەخت لەوەش کردەوە، بەهۆی ئەوەی سەرچاوەی بەشێک لە ئاوەکانی عیراق لە وڵاتانی دراوسێوە دێن، دروستکردنی کۆگاکان و گۆڕینی رێرەوی ئاوەکان لەو وڵاتانە، زۆرجار دەبێتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی.
لە کۆتایی پانێڵەکەدا بێگەرد تاڵەبانی ئاشکراشیکرد، پێویستە وڵاتانی ناوچەکە بۆ ئیدارەدانی ئەم گۆڕانکارییانە و کەمکردنەوەی کاریگەرییە ژینگەیییەکان، بە تایبەت لە قۆناغی وازهێنان لە پشت بەستن بە نەوت و غاز، بگەنە لێکگەیشتنێکی هاوبەشی هەرێمی و پلان و بەرنامەی درێژخایەنی کاریگەر پەیڕەو بکەن.



