عەلی باپیر: رەوشی هەرێمی کوردستان جێگەی دڵخۆشی نییە و پێویستە عەقڵییەتی حوکمڕانی بگۆڕدرێت
محەمەد رزگار
٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
بەهۆی قووڵبوونەوەی ناکۆکییە حزبییەکان، عەلی باپیر داوای گۆڕینی عەقڵییەتی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم وڵاتە موڵکی گشت خەڵکە و نابێت لەبەر ململانێکان، خزمەتکردنی هاووڵاتیان پشتگوێ بخرێت.
عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، لە ڕۆژی دووەمی کۆڕبەندی ئابوری نێودەوڵەتی دێڵفی لە شاری سلێمانی لە دیبەتێکدا سەبارەت بە رەوشی ئێستای هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات و رایدەگەیەنێت، دۆخی هەرێم لەبەردەم هەڕەشە و مەترسیدایە.
عەلی باپیر ئاماژەی بەوەکرد، هەرچەندە پارتی و یەکێتی جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەنەوە، بەڵام لە واقیعدا رەوشەکەتادێت خراپتر دەبێت و وتی، رەوشی ئێستای هەرێمی کوردستان جێگەی دڵخۆشی نییە و پێویستە عەقڵییەتی حوکمڕانی لە هەرێمدا بگۆڕدرێت.
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری، سەرەڕای رەخنەگرتن لە دەسەڵاتدارانی هەرێم، حکومەتی عیراق و هاووڵاتیانیشی بە کەمتەرخەم زانی بەرانبەر بەو رەوشەی ئێستا هەیە. هاوکات جەختی لەوەکردەوە، نابێت لەبەر ململانێی حزبی، خزمەتکردنی خەڵک لەبیر بکرێت، چونکە ئەو وڵاتە موڵکی هەمووانە نەک تەنها حزب و لایەنێک.
عەلی باپیر داواشی لە پارتی و یەکێتی کرد، لەسەر بنەمای ئیدارەدانێکی دادپەروەرانە رێکبکەون، چونکە ناحەزان سود لەو کەلێن و ناکۆکییانە وەردەگرن کە لەنێوان لایەنەکاندا هەیە.
لە کۆتایی دیبەیتەکەدا، عەلی باپیر بەرپرسیارێتییەکی گشتی خستە ئەستۆی هەموو لایەک و رایگەیاند، پێویستە حوکمڕانان دڵ و دەروونیان فراوان بکەن، چونکە هەموومان بەرانبەر بەوەی لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت بەرپرسیارین.



