بە ھەوڵی فراکسیۆنی یەکێتی دەرچووانی دانیشتووی ناوچە جێناکۆکەکان دادەمەزرێن
کوردسات نیوز
١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
د. نەرمین مەعرووف ئەندامی لیژنەی دارایی و فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی رابردوو دوای چەند جارێک دیدار و گفتوگۆکردن لەگەڵ ژمارەیەک لە دەرچووانی بەشە پزیشکی و تەندروستییەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێم بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٠ - ٢٠٢١ کە دانیشتووی ناوچە جێناکۆکەکانن لە پارێزگاکانی کەرکوک و دیالە و نەینەوا و سەڵاحەدین، کە بە پێی یاسا مافی دامەزراندنیان ھەیە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵ، بەڵام بەھۆی دواکەوتنی ڕێکارە کارگێڕییەکانی پەیوەست بە بڕوانامەکانیان لەو مافەیان بێبەشببوون.
راشیگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوو بە مەبەستی داکۆکیکردن لە مافی ئەو دەرچووانە، داوای لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کرد بڕگەیەکی تایبەت بە مافی دامەزراندنی ئەو دەرچووانە لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٣ زیاد بکرێت، دوای داواکارییەکە دواجار وەزارەتی تەندروستی حکومەتی فیدڕاڵ بڕیاریدا لە ئەمڕۆوە فۆڕمی دامەزراندنیان بە ئەلەکترۆنی بۆ کارا بکات.