ئەیھان سەعید نوێنەری زیندانیانی بادینان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، لە چاکسازی گەورانی ھەولێر زیندانیانی بادینان بەبێ ھیچ ھۆکارێک سزادەدرێن و لەدواین پێشھاتیشدا ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی بۆ جاری چوارەم بەبێ ھیچ ھۆکارێک سزادراوەتەوەو  بێبەشدەکرێت لەھەر مافێکی ئاسایی زیندانییەک.

راشیگەیاندووە، ماوەیەکە بە پلان و بەشێوازێکی بەرنامە بۆ دارێژراو بیانوو بە زیندانیانی بادینان دەگیرێت، لەکاتێکدا کۆی بیانووەکان نالۆژیکین و پێی سزادەردرێن و دەخرێنە ھۆڵی دیکە و تاکەکەسی و لە ھاوڕێکانیان جیادەکرێنەوە و دەرون و کەشێکی نائارامیان بۆ دروستدەکرێت و بێبەشدەکرێن لە مافی پەیوەندیکردن و بینین و بابەتی بەشداریکردن لە کۆرس و ئەو خولانەی لە چاکسازی ئەنجامدەدرێن .

ئەیھان سەعید باسی لەوەشکردووەە، گوھدار زێباری دوای تێپەڕبوونی ٩٠ ڕۆژ لەسزادانی کە بەبێ ھیچ ھۆکارێک سزادرابوو تاوەکو ئێستا سزاکەی بەردەوامە و ئیدارەی چاکسازی ئامادەنین بیگوازنەوە لای ھاوڕێکانی.

نوێنەری زیندانیانی بادینان داوا لە رێکخراوەکان و  ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستان دەکات بەردەوامی بدەن بە پشتگیری لە کەیسی زیندانیانی بادینان تاوەکو ئازادی سەرجەم زیندانیانی بادینان.