کوردستانکوردستان

دەقی پرسەنامەکە....
پرسەنامەی سەرۆک کۆماری عێراق بەبۆنەی ماڵئاوای مامۆستا کەریم ئەحمەد

بەبیستنی ماڵئاوایی کەسایەتی سیاسی و خەباتگێڕی ناسراوی کوردستان و عێراق، سکرتێری پێشوی حیزبی شیوعی کوردستان، ھاوڕێ کەریم ئەحمەد لەدڵەوە خەمبار بووین. 

مامۆستا کەریم ئەحمەد، یەکێک لەسەرکردە ئازادیخوازەکانی عێراق و کوردستان بوو، کە ھەموو تەمەنی خۆی بۆ تێکۆشان لەپێناو ئازادی و بەختیاری گەلدا تەرخان کرد و وەک خەباتگێڕێکی پشودرێژ لە پێناوی دادپەروەر کۆمەڵایەتی و ئازادی، بەوەفاوە لەگەڵ بیروباوەڕەکەی بە درێژایی ڕۆژگارە جیاوازەکان وەک نمونەیەکی جوان بۆ کۆڵنەدان مایەوە.

 لەم بۆنە خەمگینەدا، پرسە و ھاوخەمی خۆمان بۆ ئەندامانی خانەوادەی نیشتیمانپەروەری مامۆستا کەریم ئەحمەد و تەواوی ھاوڕێیانی شیوعی لە کوردستان و عێراق ڕادەگەیەنین، لە خوای میھرەبان نزادەکەین کەجێگای مامۆستا کەریم ئەحمەد بەھەشتی ئاسودەیی بێت و ئارامیش بە خێزان و کەوسوکار و ھاوڕێیانی ببەخشێت.

بەرھەم ساڵح
سەرۆک کۆماری عێراق

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پرسەنامەکە...


بەڕێزان بنەماڵە و کەسوکاری مامۆستا کەریم ئەحمەد..
د. کاوە مەحمود، سکرتێری حزبی شیوعیی کوردستان..
بەڕێزان لە مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان..


زۆر بەداخەوە ھەواڵی کۆچی داویی تێکۆشەری دێرین و سکرتێری پێشووتری حزبی شیوعیی کوردستان و عێراق، مامۆستا (کەریم ئەحمەد)_مان پێگەیشت. بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و ھاوخەمیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکار و سەرجەم ھاوڕێ و ھاوسەنگەرانی دەکەین.


مامۆستا کەریم ئەحمەد بۆ ماوەی زیاتر لە نیوسەدە یەکێک بووە لە سیمبولە ھەرە دیارەکانی نێو کایە و خەباتی سیاسیی گەلەکەمان لە ڕووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆریەت و بەگژداچوونەوەی نادادیی کۆمەڵایەتی و تێکۆشان لەپیناو بەدیھێنانی یەکسانی و دادپەروەری.


بە کۆچی دوایی مامۆستا، کوردستان یەکێک لە دیارترین سەرکردە ئازا و داناکانی لەدەستدا، داواکارین لە خوای گەورە سەبر و ئارامی بخاتە دڵی کەسوکار و بنەماڵە و سەرجەم ئازیزان و ھاوخەباتانی.


"انا للە وانا الیە راجعون"


د. ڕێواز فائق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
١٤ی تەمووزی ٢٠٢٢

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ڕۆژی دووشەممەی داھاتوو تەرمی عەلی قازی کوڕی پێشەوا قازی محەمەد لە ئەڵمانیاوە دەگاتەوە ھەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر ڕێوڕەسمێکی بۆ دەکرێت، پاشان تەرمەکەی دەبرێتەوە بۆ مھاباد، چونکە حکومەتی ئێران ڕەزامەندی دەربڕیوە کە تەرمەکەی عەلی قازی بگەڕێندرێتەوە بۆ ئێران و لە شاری مھاباد بەخاکبسپێردرێت، لە کاتێکدا پێشتر بەھۆی ناڕازیبوونی ئێران، بڕیاربوو تەرمی عەلی قازی لە کەلار بەخاکبسپێردرێت.

عەلی قازی، تاکە کوڕی قازی محەمەد بوو، بەرەبەیانی ڕۆژی ١٠ی تەممووز لە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا بەھۆی وەستانی دڵیەوە لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا کۆچی دواییکرد، پێش گیان لە دەستدانی وەسیەتی کرد بوو لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەخاکبسپێردرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆک ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ماوەی ڕابردوودا جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی ڕاسپارد بۆ خێراکردنی ڕێکارە دارایی و کارگێڕییەکانی پێکھێنانی لیوای ٢٠ی پیادە، لە ئێستاشدا ڕێکارە کارگێڕییەکان  بەرەو کۆتایی دەچن و ژمارە و ئاماری پێشمەرگە ڕێکخراوە و تەنھا کاروبارە داراییەکان ماون، کە بڕیارە بەم نزیکانە ڕەوانەی وەزارەتی دارایی بکرێت.

وتیشی، پێکھێنانی لیوای ٢٠ی پیادە سەرەتایەکە بۆ دروستکردنی متمانەی ھاوبەش لە نێوان ھەردوولادا و ڕێگە خۆشکەر دەبێت  بۆ ئەوەی لە داھاتوودا کاری ھاوبەش لە نێوان ھەردوولادا زیاد بکرێت و چەند لیوایەکی تری ھاوشێوە کاری لەسەر بکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٣ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی وتارێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٤٩٠ خزمەتگوزاری تاک و تایبەت ھەیە لە نێوان حکومەت و ھاووڵاتیی دا.

دەقی وتارەکەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان:

ئەساسی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، خزمەت کردن و چاکسازییە. لەو چوارچێوەیەدا بەندە و نووسینگەکەم، دەستمان بردووە بۆ چەند مەلەفێک کە خزمەت بەو ئامانجە دەگەیێنێت. ھەم بەردەوام بووین لە جێبەجێ کردنی پرۆگرامی بایۆمەتری کە لەم کابینەیەدا بە خۆشحاڵیەوە قۆناغی دووەمی بایۆمەتریمان دەست پێکرد. قۆناغی دووەمی بایۆمەتری بریتییە لە رێکخستنەوەی میلاکاتی ھەموو حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەو چوارچێوەیەدا بۆ ھەر مووچەخۆرێکی ھەرێمی کوردستان ژمارەی کەسی بێھاوتامان پێشکەش کرد. ئەو ژمارەیە دەبێتە دەستپێک بۆ حکومەتێکی ئەلیکترۆنی، کە سبەینێ ھەر مووچە خۆرێک بتوانێت لە رێگەی ئەو ژمارەیەوە چەندین خزمەتگوزاری پێ بگات. ئێمە کە بەرەو حکومەتێکی دیجیتاڵی دەڕۆین ئەو خزمەتگوزارییانە کە پێشکەشی ھاووڵاتییانی دەکەین باشتر و خێراتر و شەفاف تر دەبن. لەو پێناوەشدا بەرنامەی خزمەت کە بەرنامەیەکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە، لەم کابینەیەدا پەرەی پێدرا. بەرنامەی خزمەت پێکھاتووە لە پێداچوونەوە بەھەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی کە حکومەت پێشکەشی دەکات بە ھاووڵاتیان، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٤٩٠ خزمەتگوزاری تاک و تایبەت ھەیە لە نێوان حکومەت و ھاووڵاتیی دا. داوامان لە ھەموو وەزارەتەکان کردووە، پێداچوونەوە بە ھەموو ئەو خزمەتگوزارییانە بکەن، تاکو ئەو خزمەتگوزارییانە خێراتر و شەفافتر و باشتر بگەیەنێرێت بە ھاووڵاتیان. ئەم خزمەتگوزارییانە ھەموو کۆکراونەتەوە، ھەموو یەکسان کراون، تاکو خزمەتێک لە دھۆک بە ھەمان شێوەی سلێمانی پێشکەش بکرێت، کە کۆکراونەتەوە راگەیێنراون لە پۆرتاڵی خزمەت، کە ئەمڕۆ ئەو پۆرتاڵە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی راگەیێنراون و لە ئینتەرنێت دا ھەیە لە ژێر ناونیشانی خۆی. ئەم بەرنامەیە دەبێتە دەستپێکێک بۆ حکومەتێکی ئەلیکترۆنی و گەیاندنی ھەندێک خزمەتگوزاری لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە رۆتین کەم دەکاتەوە و شەفافیەت زیاد دەکات. 

ھەر لە چوارچێوەی پرۆگرامی خزمەت پێداچوونەوەیەکی سەرتاسەریمان کردووە بە شێوازی تۆماری کۆمپانیا لە ھەرێمی کوردستان. پێشتر پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆز و دەستی ھەبووە کە ئێستا بە دیجیتاڵ کردنی ئەم پرۆسەیە توانیومانە تۆماری کۆمپانیا ببێتە پرۆسەیەک کە بە خێرایی بگەیێندرێت، ئەمەش نەک تەنیا رۆتین کەم دەکاتەوە بەس ھەنگاوێکی گرنگە بۆ بەھێز کردنی ئابووری ھەرێمی کوردستان. بۆیە ئەمانە بەشێکن لەوچاکسازییانە، بەس کۆتایی نایەت بەو چاکسازییانە. چاکسازی تریشمان ئەنجام داوە، بەھاوکاری چەند وەزارەتێکی دیکە کە ھەم چاکسازین ھەم خزمەتێکی باشتر دەگەیێنن بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. 

ھەموومان دەزانین کە نا ھاوسەنگییەک ھەیە لە نێوان ئەو ئیمتیازانەی کە لە کەرتی حکومەتی ھەیە و لەگەڵ ئەو ئیمتیازانەی کە لە کەرتی تایبەت ھەیە، بۆیە بە پەسەند کردنی یاسای کار ئێمە بەشێک لەو ناھاوسەنگییەمان رێکخستووەتەوە، ئەمڕۆ لە ژێر چەتری یاسای کاری نوێی ھەرێمی کوردستان، ئیمتیازێکی زیاتر دەدرێت بەو کارمەندانەی کە لە کەرتی تایبەت ئیش دەکەن و لە ھەمان کاتیشدا مافێکی بەھێزتریان ھەیە، مافیان پارێزراوە. لە پاڵ یاسای کار، ئیشمان کردووە بۆ پەسەندکردنی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی، ئەمەش لە ھەمان کاتدا پاراستنێکی دەبێت بۆ ئەو کارمەندانەی کە لە کەرتی تایبەت ئیش دەکەن، وە لە ھەمان کاتدا ئەو کەسانەی کە لە خوارووی رێژەی ھەژارین.

 بە داخەوە لە ھەرێمی کوردستان بینیومانە کە رێژەکانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان زیادیان کردوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی ئەو دیاردەیە حکومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زیاتری داوە بە ئالییەتەکانی رووبەڕووبوونەوەی دژی ژنان و خێزان. 

ھەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیمان پەسەند کردووە. گرنگییەکی زیاترمان داوە و ھێزێکی زتاترمان داوە بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ژنان، بە پشتیوانی ھێزە ئەمنییەکانمان دادگاکانمان رووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی دیاردەی توندوتیژی دژی خێزان. ئێمە راستە حکومەتێکی تۆکمەمان پێویستە، حکومەتێکمان پێویستە کە رێنماییەکانی ئاسان بن و جێبەجێ بکرێن و کارا بین و کاریگەر بین، بەڵام ئێمە ھەموومان دەمانەوێت لە کوردستانێک دا بژین کە شانازی پێوە بکەین، بۆیە پاراستنی یەکسانی نێوان ژنان و پیاوان لە ھەرێمی کوردستان، یەکێکە لە ئەولەویەتەکان و ھەموومان کاری لە پێناودا دەکەین. بۆیە دوای سێ ساڵ کارکردن لە کابینەی نۆیەم دەتوانم بڵێم کە ئەنجامی باشمان داوە، لە پێناو خزمەتکردن و لە پێناو چاکسازی، بەڵام زۆر کاریش ماوە کە بکرێت، بۆیە ئێمە لەو ساڵەی کە ماومانە ھەموو ھەولێکی خۆمان سەرف دەکەین بۆ تەواوکردنی ئەو چاکسازییانە و دەستپێکردنی چاکسازی دیکە، کە بتوانین پێکەوە باشتر خزمەت بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەین و حکومەتەکەمان کاراتر و باشتر بکەین.

 
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ناووخۆی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلانە تۆماردەکرێت کە لەحیمی بچووک یان درز یان کونێک لە شانسییاندا ھەیە، بەڵام ئەوانەی ژێرئاوکەوتوون یان سووتاو و بردڕاوەکانن تۆمار ناکرێن.

وتیشی، بڕیارەکە تەنھا ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە کە تا سەعات سێی پاش نیوەڕۆی رۆژی ٤ی ئەم مانگەوە ھێنراونەتە ناو ھەرێمی کوردستانەوە و ھەر ئۆتۆمبێلێکیش لە دوای ئەو بەروارە بڕوانامەی (سی ئۆ سی) بۆ ڕێکبخرێت، ئەوا کۆمپانیای پشکنینی کوالیتی بەو ھۆیەوە سزادەدرێت.

وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت، ھەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی ھاتوچۆی ھەرێمی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە ڕاسپاردووە و ھەلومەرجی پێکھێنانی لیژنە و پشکنینی ئۆتۆمبێلەکانی دیاریکردووە.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نوسینگەی راگەیاندنی ناوەندی پارتی چەپی کوردی لە سوریا، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، دوو کەسی دەمامکدار ھەڵیانکوتاوەتە سەر نوسینگەی پارتەکەیان لە شاری قامیشلۆ و ھێرشیانکردۆتە سەر (رۆژین محەمەد موسا) و کاری تێکدەرییان لە نوسینگەکەدا کردووە و ھەڕەشەیان لە (محەمەد موسا) سکرتێری گشتی پارتەکە کردووە، کە دەستبەرداری کاری سیاسی بێت، بە پێچەوانەوە چارەنوسی خراپ دەبێت.

پارتی چەپی کوردی، سەرەڕای ئیداکردنی ھێرشکردنە سەر کچی سکرتێری پارتەکە و ھەڵکوتانە سەر نوسینگەکەی لە قامیشلۆ، داواشی لە لایەنە ئەمنی و بەرپرسیارەکان کرد، ئەنجامدەرانی ئەو کارە ئاشکرا بکەن و سزایان بدەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم ڕایگەیاند، پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی ھەرێم بەردەوامە و تا ئێستا ٢٣٦ ھەزار و ٨٤١ تۆن و ٥٨٠ کیلۆ گەنم لە سایلۆکانی ھەرێم وەرگیراوە و داوا لە جوتیارانیش دەکات پەلە بکەن لە پێدانی گەنم بە سایلۆکان.

 بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی راشیگەیاند، لە داھاتوویەکی نزیکدا شایستە داراییەکانی جوتیاران دەگاتە ھەرێم و دابەشدەکرێت.

ساڵی رابردوو وەرگرتنی گەنم سنوردار کرابوو، بەڵام بۆ ئەمساڵ جوتیاران ھەرچەند بەرھەمیان ھەبێت  دەتوانن رادەستی سایلۆکانی بکەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێم تایبەت بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، بڕیارە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی دامودەزگاکانی حکومەتی ھەرێم، واتە لە ڕۆژی یەکشەممەوە مووچەی مانگی حوزەیرانی ئەو وەزارەت و دەستانە دابەشبکرێت کە پێش جەژنی قوربان مووچەیان وەرنەگرت.

بڕیاربوو تا ڕۆژی ٧ی تەمموز واتە پێش جەژن، مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەشبکرێت، بەڵام بەھۆی نەبوونی پارە لە بانکەکان لە پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین مووچەی بەشێک لە مووچەخۆران دابەشنەکرا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاوکردووەتەوە بەھۆی پابەندنەبون بەمەرج و رێنماییەکانی کارکردن و گرانفرۆشی، لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی دوکانێکی غاز فرۆشتن لە فولکەی مامە ریشە دادەخات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، نرخی غازی ماڵان ھەشت ھەزار و ٥٠٠ دینارە، بەڵام ئەو دوکانی غاز فرۆشتنە غازی بەنرخی ١٦ ھەزار و ٥٠٠ دینار فرۆشتوە، بۆیە بەفەرمانی قائیمقام شوێنەکە دادەخرێت و خاوەنەکەشی روبەڕوی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە.

قائیمقامیەتی سلێمانی راشیگەیاند، ھەر غازفرۆشێکیش لەو نرخە دیاریکراوە زیاتر لە ھاوڵاتیان وەربگرێت رێکاری یاسایی لەگەڵ دەگیرێتەبەر.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە بارەی ڕوداوەکەوە عامر شوانی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند ئەو سێ کەسەی کوژراون لە دوو پیاو و ژنێک پێکھاتوون، یەکێک لە پیاوەکان ھاوسەری ژنەکەیە کوردە، دوو کەسەکەی تریان کە خوشک و بران لە نەتەوەی عەرەبن.

رونیشیکردەوە، روداوەکە لەناو باخێکدا لەگوندی چیمەن ڕویداوە و پەیوەندی بە کێشەی کۆمەڵایەتییەوە نەبووە و تەرمی کوژراوەکان بۆ یەکەی پزیشکی دادوەری گوازراونەتەوە و لێکۆڵینەوەش لە ڕوداوەکە دەستیپێکردووە.

وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک ئاشکراشیکرد، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتوە خێرانەکە پێشتر کێشەیان لەگەڵ شوانکارەیەکدا ھەبووە کە لەماڵەکەیان کاری کردوەو عەرەبە و خەڵکی شارۆچکەی عەلەمە و  پێش ماوەیەک ١٠ سەر مەڕی لە ماڵەکە بردووە و ھەڵاتوە و ھەڕەشەشی لێکردوون و لە ھەوڵدان بۆ دەستگیکردنی ئەو شوانکارەیە .

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"عەبدولواحید محەمەد"سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، ھەرچەندە ئەو وادەیەی وەزارەتی پەروەردە دیاریکردوە، چواری ئەیلول دەوامی خوێندن بۆ ساڵی ٢٠٢٢/٢٠٢٣ دەستپێبکاتەوە، نەبووە بە بڕیار و بەرەسمی رانەگەیەنراوە، بەڵام داوایان لە وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم کردووە بەھۆی گەرماوە ئەو وادەیە دوابخرێت.

 وتیشی، لەگەڵ وەزیری پەروەدە گفتوگۆیان لەسەر پرسی دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندن کردوە، وەزیری پەروەردەش پێی راگەیاندون ئەو بابەتە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و بڕیاری گونجاو دەدەن، چاوەڕواندەکرێت داوادەکەی یەکێتی مامۆستایان لەبەرچاو بگیرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ئەوەی رۆژی ھەینی رابردوو عەلی قازی کوڕی پێشەوا قازی محەمەد، سەرۆکی کۆماری کوردستان، لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا بە نەخۆشی لە شاری بۆنی ئاڵمانیا کۆچی دوایی کرد، بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داھاتوو تەرمەکەی بگەڕێنرێتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.

بە پێی زانیارییەکان "تەرمی عەلی قازی" لە قەزای کەلار لە تەنیشت گۆڕی خوشکەکەی بەشێوەی کاتی بەخاکدەسپێردرێت.

عەلی قازی، لە ساڵی ١٩٣٣ لە شاری مھابادی رۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بووە، دوای روخانی کۆماری مھاباد لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێبووە، سەرۆکی پێشوی پارتی ئازادی کوردستان بووە.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ زیادکردنی بەرھەمھێنانی کارەبا دەست بە جێبەجێکردنی ژمارەیەکی نوێی پڕۆژەی بەرھەمھێنانی کارەبا کراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پڕۆژەکانیش بریتین لە وێستگەی تاسلوجە ٥١ مێگاوات و ھەولێر و سلێمانی و دھۆک ٨٧ مێگاوات و وێستگەی ھایدرۆپاوەری دێرەلوک ٣٧ مێگاوات و وێستگەی بازیان ٥٠٠ مێگاوات.

راشیگەیاند، بەجێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە ٦٧٥ مێگاوات بەرھەمھێنانی کارەبا زیاد دەکات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"ئیلھام ئەحمەد"سەرۆکی دەستەی جێبەجێکردنی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی رایگەیاند، دەستپێکردنی گفتوگۆی کوردی - کوردی پەیوەندیدارە بە رەخسانی کەشوھەوایەکی لەبار تا سەرکەوتن بەدەستبھێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە یاریکەرە ھەرێمییەکان لەو دۆسیە دەستوەردان نەکەن.

جەختی لەوەشکردەوە، ھەوڵەکان چڕکراوەتەوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان بەمەبەستی ئاگادارکردنەوەیان لە مەترسی ھەڕەشەکانی تورکیا و ھەر کارێکی سەربازی ئەو وڵاتە دژ بە گەلی سوریا و ئایندەی وڵاتەکە،  بەڕێوەبەری خۆسەریش لە ھەوڵی ئەوەدایە چارەسەری دیموکراتی کێشەی سوریا و ھاووڵاتیانی سوری بکات، بەڵام لەلایەن پرۆژەی تورکیاوە بە ئامانج دەگیرێت.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"ئارام ئەنوەر"بەڕێوەبەری سندوقی پشتیوانی پڕۆژە بچوکەکانی لاوان لە وەزارەتی کار بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ماوەی مانگێکە بە نوسراوی رەسمی و دەرخستەی پێویست، پلانێکی سێ ساڵەیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم کردووە، بۆ ئەوەی لەو بڕە پارەیەی دەگەڕێتەوە پێدانی قەرز بە گەنجان دەستپێبکەنەوە.

وتیشی، لە رابردوودا ٧٦ ملیار و ٨٥٠ ملیۆن دینار وەک قەرزی بچووک دراوە بە ھاووڵاتیان، لەئێستاشدا ٢٢ ملیار دینار لەلای ھاووڵاتیانە و رۆژانە نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن دینار لە پارێزگاکان دەگەرێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت، بەپێی ئەو پلانەی دایانناوە دەتوانن لەو پارەی دەگەرێتەوە جارێکی تر قەرز بدەنەوە بە ھاووڵاتیان.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، چاوەڕاندەکەن لە کۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجومەنی وەزیران، ھەڵسەنگاندن بۆ نوسراوەکەی وەزارەتی کار بکرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...575576577578579...924