لە مانگێکدا لە دھۆک ٦٢ ھەزار مەتردووجا کێڵگە لە مین پاککرایەوە
کوردسات نیوز
١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
دەزگای گشتی کاروباری مین رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە پارێزگای دھۆک لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، بە ھاوکاری لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتیی MAG رووبەری زیاتر لە ٦٢ ھەزار مەتردووجا زەوی لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی پاککردووەتەوە، دواتر رادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە.
راشیگەیاند، لە گوندی شەریفا سەر بە قەزای ئامێدی، لە کێڵگەی مینی (مەلا قاقیچکێ) رووبەری ٥٠ ھەزار مەتردووجا لە مین و تەقەمەنی پاککردنەوە، لە ئیدارەی زاخۆش لە ناحیەی دەرکار کێڵگە مینی (خرابێ رەشوی) بە رووبەری ١٢ ھەزار مەتردووجا پاککرایەوە.
دەزگای گشتی کاروباری مین راشیگەیاند، ئەو کێڵگانەی پاککراونەتەوە دەتوانرێت بۆ مەبەستی نیشتەجێبوون و کشتوکاڵ و ئاودێری و پڕۆژەکانی وەبەرھێنان سوودی لێوەربگیرێت.