رەئیسی بۆ دووەمجار لە ماوەی شەش مانگدا سەردانی سنەی کردوو لە میانی کردنەوەی پڕۆژەیەکی گەیاندنی ئاو بە پارێزگاکە جەختیکردەوە لەسەر گرنگی یەکڕیزی نەتەوەکانی ئێران لەبەرامبەر دوژمنان.

رەئیسی ھەڕەشەی لە خۆپیشاندەرانیش کرد و رایگەیاند، ئەوانەی لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە تاوانی کوشتنی خەڵک و ھێزە ئەمنییەکانیان ئەنجامداوە رووبەرووی دادگا دەکرێنەوە.

بە وتەی رەئیسی، رەوتێکی نەیاری کۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵانی سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕش ھەوڵیدا رەوشی پارێزگاکە تێکبدات، ھەمان رەوت خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی ئەمجارەشی  قۆستووەتەوە بۆ نانەوەی پشێوی لە پارێزگاکەدا، بەڵام رۆڵەکانی گەلی ئێران روبەروی وەستانەوە.

ھەر لە سەردانەکەیدا سەرۆک کۆماری ئێران چاویکەوت بە کەسوکاری ژمارەیەک لە کوژراوان و جەختیکردەوە لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ ئاشکراکردنی ھۆکاری گیانیان لەدەستدانی ئازیزانیان. دواتریش چاویکەوت بە زانایانی ئاینی سنە و نوێژی بە کۆمەڵی لەگەڵ زانایانی سونە و شیعە کرد.