دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی:

یادی سی و دوو ساڵەی ڕاپەڕینە مەزنەکەی ئازاری ١٩٩١ لە خانەوادە سەربەر‌زەکانی شەھیدانی ڕاپەڕین و تەواوی شەھیدانی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و تەواوی گەلی کوردستان، بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە پیرۆز دەکەم. بە ڕێز و شکۆوە یادی شەھیدان دەکەینەوە،‌ سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکیان دەنێرین.

ڕاپەڕین ھەستانێکی مێژوویی و یەکلاکەرەوەی جەماوەریی سەرتاسەریی گەلی کوردستان بوو بە ھەموو چین و توێژ و پێکھاتەکانییەوە کە بەپشتگیریی پێشمەرگە و بەرەی کوردستانی، لە دژی ستەم و زۆرداری ڕاپەڕی. پێشمەرگە و ڕۆڵەکانی کوردستان بۆ ئازادی، بۆ ژیان و داھاتوویەکی باشتر بۆ گەلی کوردستان، گیانیان خستە سەر دەست و بەرەنگاری مەرگ بوونەوە.

یەکڕیزی و تەبایی، ھەوێنی سەرکەوتنی ڕاپەرین بوو کە ھەموو دەستکەوتەکانی گەلی کوردستانی لە ئازادی، پەرلەمان، حکوومەت، فیدراڵی و چەسپاندنی مافەکانی لە دەستووری عێراقی فیدراڵدا بەدیھێنا. ئێستاش گەلی کوردستان بە ھەموو پێکھاتە و ھێز و لایەنە سیاسییەکانییەوە،‌ دەبێ وانەی سەرکەوتن لە ڕاپەڕین وەربگرن. دەبێ یەکڕیزی و تەبایی و یەکترقبووڵکردن و پێکەوەکارکردن، بکەنە ھەوێنی سەرکەوتن و داھاتوویەکی باشتر بۆ گەلەکەمان.

لەم یادە شکۆدارەدا، دووپاتی دەکەینەوە کە ھەموو ھەوڵ و توانامان بۆ ئەوە دەبێت ھەموو پێکەوە کار بکەین بۆ بەدیھێنانی ئامانجە پیرۆزەکانی ڕاپەڕین و ئەو خەونانەی شەھیدان لەپێناویاندا گیانیان بەخشی. وەک چۆن لە ڕاپەڕیندا پێکەوە سەرکەوتین، گەلی کوردستان بە ھەموو ڕەنگ و پێکھاتەکانیەوە سەرکەوت، ئێستاش سەرکەوتن و مسۆگەرکردنی داھاتوویەکی باشتر بۆ گەلی کوردستان، تەنیا و تەنیا یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوەیی و یەکترقبووڵکردنە.
بەرز و شکۆدار بێت یادی ڕاپەڕین.

شاد و ئارام بێت گیانی شەھیدان.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٣٠٢٣/٣/٥