دەقی پەیامەکە...
بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی (٢٧٢٣) وە گەرمترین پیرۆزبایی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و گەلانی ناوچەکە دەکەین و ئومێدەوارین، جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ، ببێتە ھەوێنی ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزەرانی و پتەوکردنی یەکێتی ریزەکانی گەلەکەمان.
نەورۆز کە نوێبوونەوەی سروشتە، جەژنی ئازادیخوازان و راپەڕینی کوردیشە دژی ستەمکاری و ھاوکاتە لەگەڵ یادی تاجی سەرکەوتنەکانی راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە شاری کەرکوک. لەم بۆنەیەدا بەڵێن دووپاتدەکەینەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پێناوی ئامانج و مافە بەدینەھاتووەکانی گەلەکەماندا، لە چوار چێوەی پرەنسیپە دەستورییەکانی عیراقی فیدراڵدا ھەمیشە لەخەبات وتێکۆشان بەردەوام دەبێت .
ھەر لەم بۆنەیەدا دروود بۆ گیانی پاکی شەھیدانی رێگای رزگاری کوردو کوردستان و سڵاو بۆ کەسوکاری شەھیدان و پارێزەرانی دەسکەوت وئازادییەکانی گەلەکەمان دەنێرین .
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمایی کوردستان
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئێوارەی ئەمرۆ دوو تەرمی تر لە گوندی بێرکیات لەناحیەی چەمانکێ دۆزراونەتەوەو رەوانەی پزیشکی دادی دھۆک کراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە پێی زانیارییەکان، پێدەچێت تەرمەکان ھی ئەو شەڕڤانانە بن کە شەوی چوارشەممە لە گوندی بێرکیات لە ناحیەی چەمانکی ھیلیکۆپتەرەکەیان تێکشکاو سەرجەمیان کە ٩ شەڕڤان بوون گیانیان لەدەستدا.
رۆژی ھەینی ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، دوو ھیلیکۆپتەریان لەکاتی گواستنەوەی ھێزێکی دژە تیرۆر بۆ شاری سلێمانی تێکشکاون و نۆ شەڕڤان شەھید بوون.
عرفان مورتەزایی کوڕە پوری ژینا ئەمینی بە کەناڵی ئەی تیڤی بەریتانی راگەیاندووە، خانەوادەی ژینا داوا دەکەن دادگایەکی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی کوشتنی کچەکەیان بکات و لێپرسراوانی ئێران روبەڕوی بەرپرسیارێتی بکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەزگا ئەمنییەکانی ئێران ھەڕەشەیان لە خانەوادەی ژینا ئەمینی کردووە و پێیانڕاگەیاندون، ئەگەر لێدوان بۆ میدیاکان بدەن، کوڕە تاقانەکەیان دەستگیر دەکرێت.
دوای گیانلەدەستدانی گوماناوی ژینا ئەمینی، عرفان مورتەزایی زانیاری لەبارەی روداوەکە و فشارەکان بۆ سەر خانەوادەکەی بڵاوکردەوە و بەوھۆیەشەوە فشاری دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانی لەسەربوو، بۆیە ناچاربوو وڵاتەکەی جێبھێڵێت و لەئێستاشدا داوای وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی لە ئەڵمانیا دەکات.
عەمیدی فڕۆکەوان حسێن فەیزوڵا بەڕێوەبەری فڕۆکەوانی سلێمانی ڕایگەیاند، تیمەکانیان لەرۆژانی نەورۆزدا بۆ بەھاناوەچوونی ھاووڵاتیان و بەرەنگاربوونەوەی ھەر حاڵەتێکی نەخوازراو لەئامادە باشیدا دەبن.
ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژی ٢٠ی مانگ بەھێلیکۆپتەر چاودێری شەقامەکان و تەواوی ئەو شوێنانە دەکەن کەلەناو شاری سلێمانی بۆ بەڕێوەچوونی چالاکیەکانی تایبەت بەجەژنی نەورۆز دیاری کراون، ئاماژەی
دەشڵێت، رۆژی ٢١ی مانگ ھێلیکۆپتەرەکانیان چاودێری سەیرانگە و شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن و لەکاتی بەدیکردنی ھەر ڕووداو یاخود حاڵەتی نەخوازراو تیمەکان ئاگادار دەکەنەوە و لەکاتی پێویستیشدا ھێلیکۆپتەرەکان بۆ مەبەستی فریاگوزاری و گواستنەوەی ھاووڵاتیان بەکار دەھێنن.
بەڕێوەبەری فڕۆکەوانی سلێمانی داواشیکرد، لەکاتی پێویستدا بۆ رووداوەکانی ھاتووچۆ ھاووڵاتیان پەیوەندی بەژمارە تەلەفۆنی ١٨٨ھاتووچۆەوە بکەن و بۆ حاڵەتی فریاگوزاریش پەیوەندی بە ژمارە ١١٥ی بەرگری شارستانیەوە بکەن، ھەروەھا بۆ تێکچوونی باری تەندروستی پەیوەندی بە پەیوەندی بەژمارە ١٢٢ی تەندروستیەوە بکەن، وتیشی: ئەو بەڕێوەبەرایەتیانە راستەوخۆ پەیوەندی بەتیمەکانیانەوە دەکەن و دواتر بۆ بەھاناوەچوونی ھاووڵاتیان ھێلیکۆپتەرەکانیان دەگەنە شوێنی مەبەست
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە رۆژنامەی سەباحی فەرمی راگەیاند، چاوەڕێ دەکرێت پێش ھاتنی جەژنی رەمەزان، ئەنجومەنی نوێنەران گفتوگۆکانی پڕۆژەیاسای بودجە تەواو بکات و پڕۆژەکە پەسەند بکات.
لای خۆیەوە باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٣ ژمارەیەک برگە و ماددەی یاسایی تێدایە کە یەکەمینجارە لە بودجەدا جێگیر دەکرێن، ئەو برگە و ماددانەش کارئاسانی دەکەن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان، پلانی گەشەپێدان، بونیادنانی ژێرخان و خزمەتکردنی ھاووڵاتیان.
بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە شەشـی ساڵی ٢٠١٩، وەزارەتی دارایی عێراق دەتوانێت پڕۆژەیاسای بودجە بۆ ماوەی سێ ساڵ ئامادە بکات، بەڵام یاسای بودجە تەنھا بۆ ساڵی یەکەم پابەندکارییە و بۆ دو ساڵەکەی تر وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان دەتوانن بە رەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران، دەستکاری بەشێک لە ماددە و برگەکانی بودجە بکەن.
دوێنێ حکومەتی فیدڕاڵ پڕۆژەیاسای بودجەی رەوانەی پەرلەمان کرد کە گەورەترین پڕۆژەی بودجەیە لە مێژوی وڵاتدا و قەبارەکەی ١٩٧ تریلیۆن دینارە.
بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان لە نێوان نیمچە ھەور بۆ ھەوری تەواو دەبێت، لە کاتەکانی شەودا ئەگەری بارینی نمە باران ھەیە بە تایبەتی لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای ھەرێم.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی ھەرێم، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە بە دوو تا چوار پلەی سیلیزی بە بەراورد بە تۆمارکراوی رۆژی پێشوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، سبەی یەکشەممە ئاسمان ھەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی بارانی مام ناوەند لە دوایی نیوەرۆ لە ھەندێ ناوچەدا باران بە لێزمە دەبێت و ھەورە تریشقەشی لەگەڵدا دەبێت، پلەکانی گەرماش یەک تا دوو پلە نزم دەبنەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین بڕیارەکانی سەرکردایەتی و ئامادەکارییەکانی یەکێتیی و ھەنگاوەکانی رێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی حزب، خستنەوەگەڕی ھەوڵ و تواناکان و ھەنگاونان بۆ باشتر کارکردنی ئۆرگانەکانەوە کرا.
ھەڤاڵانی بەشداربوو، دیدو تێڕوانینی خۆیان خستەڕوو، جەختیان لە گرنگی ھەولێر کردەوە ھەمووان ھاوڕا بوون کە دەبێت بایەخی زیاتر بە ھەولێر بدرێت و خزمەتی زیاتری خەڵکی ھەولێر بکرێت.
بەبۆنەی ٢٨ ساڵەی دامەزراندنی حزبی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ سەعدی ئەحمەد پیرە، بە یاوەری سالار لالە سەرحەد لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە گشتییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و وریا زەنگەنە ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییەکان، سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان-یانکرد، لەلایەن غەفور مەخموری، سکرتێری گشتیی حزب و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی و کادیرانی پێشکەوتووی حزبەکەوە پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارەکەدا سەرەتا سەعدی ئەحمەد پیرە پیرۆزبایی، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پێڕاگەیاندن، دواتر تیشکی خستەسەر رۆڵ و پێگەی حزبی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان ھەر لە خەباتی مەدەنی سیاسی دوای راپەرین و رۆڵی ئەو حزبەی لە دامودەزگا حکومی و مەدەنییەکاندا بەرز نرخاند، ھیواشیخواست لەسەر بنەمای سیاسەتی چەپکە گووڵەکەی سەرۆک مام جەلال، کە ھەمیشە تەئکیدی لێدەکردەوە، بوونی ھێز و لایەنی سیاسی و بیروڕای جیاواز و خەباتی پێکەوەیی ببێتە مایەی باشتر خزمەتکردن بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
سەربەست لەزگین،ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ناکرێت بارودۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستان بەم شێوەی ئێستا بەردەوام بێت و بەمزووانە سەرۆکی ھەرێم رۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریدەکات.
راشیگەیاند، لێکتێگەیشتن لەنێوان یەکێتی و پارتی دروستبووە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوانیان.
مەزڵوم کۆبانێ لە تویتێکدا دەڵێت، سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادەی ھەر ٩ شەھیدەکە دەکەین، دەشڵێت، ئەو قوربانییەی کە ئەو شەھیدانە داویانە دەبێت رێگەیەک بۆ ئێمە لە پاراستنی ئازادی گەل و خاکەکەمان.
فەرماندەی گشتی ھەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە، ھێزە تایبەتەکانی دژەتیرۆر لەو رووداوەدا ٩ شەڕڤانی لەدەستدا لەنێویشایندا شەڕژان کۆبانێ ھەبوو کە فەرماندەی یەکینەی دژەتیرۆر بوو، ھەموو شەھیدەکان لە ئەرکێکدا بوون بۆ کارێکی ھاوبەش دژی چەکدارانی داعش.
پێشتریش، ھێزەکانی سوریای دیموکرات، راگەیەنراوێکی لەبارەی کەوتنەخوارەوەی "ھێلیکۆپتەرەکانی" چەمانکێ بڵاوکردەوە و دەڵێت، چەند شەرڤانێکی لەنێو هێلیکۆپتەرەکاندا بوون و بەرەو سلێمانی دەڕۆیشتن.
ھەسەدە دەشڵێت، هێلیکۆپتەرەکان دوو دانە بوون و بەهۆی کەوتنەخوارەوەیان، نۆ شەڕڤانی یەکەکانی دژەتیرۆر شەھید بوون و بەھۆی خراپی کەشوھەواوە ھێلیکۆپتەرەکان کەوتوونەتەخوارەوە.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، پیرۆزبایی لە خەڵکی ھەڵەبجە دەکات و داواش لەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و تەواوی فراکسیۆنە جیاوازەکان دەکات، ئەرکی یاسایی خۆیان لەپەسەندکردنی پڕۆژەکە و دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە جینۆسایدناساندنی گەلی کوردستان دەربکەن و تێیدا مافی کەسوکاری شەھیدان و قوربانیان بچەسپێندرێت، لەپێناو قەرەبووکردنەوەی زیانە ماددی و مەعنەوییەکان.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاند، دەبێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو توانایەکی بخاتەگەڕ بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیاتر و بنیاتنانەوەی سێکتەرە جیاکانی ھەڵەبجە و دەڤەرەکە بە گشتی.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان "لە پانێڵی "سیاسەتی ئابوری، دینار و ئاڵنگارییەکانی گەشەسەندن" لە دووەم رۆژی دیداری سلێمانی رایگەیاند، "چەندین تێبینی ھەیە لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا، بەڵام لە ئێستادا پەسەندکراوە، پێموایە لە چارەکی رێگەکەداین، قۆناغی داھاتوو ناردنێتی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەوەش دەگەینە نیوەی رێگەکە، نیوەی تری رێگەکە جێبەجێکردنە، چەندین بڕە پارە ھەیە لە وڵات کە من پێموایە حکومەتی عێراق دەتوانێت بە یەکسانی ھاوبەشی پێبکات".
ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین ململانێ ھەیە، بەڵام لەکاتێکداین کە حکومەتی عێراق و ھەرێم لەیەکتر نزیکن و تا لەیەکتر نزیک بن ململانێکانیش کەمتر دەبنەوە.
سەبارەت بە یاسای نەوت، وتی، "دەبێت لەقۆناغێکدا بگەینە چارەسەرێک بۆ سیاسەتی نەوت لەگەڵ حکومەتی عێراق، رێککەوتن ھەیە لەسەر بابەتی تر، بەڵام کە دەگەینە قسەکردن لەسەر نەوت کێشە دروست دەبێت، بۆیە پێموایە ناتوانین چارەسەر بۆ کێشە دارییەکانی ھەرێم و بەغداد بدۆزینەوە تا یاسای نەوتمان نەبێت، یاسای نەوت دەبێت زۆر روون بێت بۆ ھەموو ئەو لایەنانەی دەیانگرێتەوە، کێ بەرپرسە لە دەرھێنان و دۆزینەوە و ھەناردە و وەرگرتنی پارەی کڕینی نەوت و کێ بەرپرسە لە دابەشکردنی بە دادپەروەرانە، ئەوە بابەتە گرنگەکەیە کە ئێمە دەمانەوێت تیشکی بخرێتەسەر".
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، "خودی خۆم و بەبیروبۆچوونی خۆم گرنگی بەوە نادەم کێ نەوتەکەمان دەفرۆشێت، کێ بە باشترین نرخ دەیفرۆشێت با بیفرۆشێت، بە رێگەیەکی شەفاف، من گرنگی بەوە دەدەم،ھەروەھا گرنگی بە داھاتی نەوتەکە دەدەم کە کەی دەستمان دەکەوێت و چۆن قەرز بدرێتەوە و رۆڵی حکومەتی عێراق لەوبارەیەوە چییە؟. ئێستا کاتی ئەوەیە کە باسی ئەوانە بکرێت، پێشموایە کە لەپڕۆژەیاسای بودجە باسی ئەوە ناکرێت و پرسیارەکە کە بە ملیۆن دۆلارە لە ئێستادا ئەوەیە چی لە داھاتی نەوت دێت لە وڵاتەکەدا".
سەبارەت بە کۆمپانیای "سۆمۆ"ش تایبەت بە بازاڕکردنی نەوت جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، "پێویستە ھەیکەلەی سومۆ دابڕێژرێتەوە و کیانێک دروست بکرێت لە بازاڕی نوێ کە بە بەشداری حکومەتی ھەرێم بێت کە نەوت دەفرۆشێت لە وڵاتەکە، بەوەش لەو یارییە تایبەتەی نەوت دێینە دەرەوە. ئێستا پێویستمان بە سیستمێکی نوێیە بۆ بازرگانیکردن بە نەوت، ھەروەھا پێویستمان بە کەیانێکی نوێیە بۆ دابەشکردنی داھاتی نەوت، ئەوەش بەڕای من چارەسەرێکی دەستوری و درێژخایەن دەبێت".
ھەر سەبارەت بە سیاسەتی نەوت، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لە ناو حکومەتی ھەرێم بۆچوونی جیاوازی ھەیە سەبارەت بە سیاسەتی نەوت و پێویستە سیاسەتی نەوت بەجۆرێک دابڕێژرێتەوە کە خزمەت بە ھاووڵاتییان بکات.
دەقی پەیامەکە...
پەیامی جێگری سەرۆکی ھەرێم لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجەدا
لە (٣٥)ھەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجەدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی شەھیدانی ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە دەکەینەوە، بە داخەوە لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ لە (١٩٨٨/٣/١٦)دا شەھیدبوون و برینداربوونی ھەزاران مرۆڤی بێتاوان لە گەنج و پیر و منداڵ، لەژێر دەسەڵاتێکی فاشیزمی دوور لە بەھا مرۆڤایەتییەکان بە بەرچاوی ھەموو جیھان ھاتە ئەنجامدان.
جێگای دڵخۆشی ھەموومانە کە یادکردنەوەی ئەمساڵ جیا لە ساڵانی ڕابردوو، مژدەیەکی خۆشی بۆ ھەڵەبجەییەکان تێدایە، ئەویش بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە، کە ڕێکارە فیدڕالییەکانی بە پارێزگابوونی ھەڵەبجەی لە سەر ئاستی عێراقی فیدڕاڵ تەواو کردوە و شاری ھەڵەبجەی وەک (١٩)ھەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای ھەرێمی کوردستان ناساندووە، ئیتر لێرەدا گرنگە ئاوەدانکردنەوەی ھەڵەبجە لەڕووی بنیادنانەوە وەکو شارێکی پێشکەوتوو لە بواری شارستانی و خزمەتگوزارییەوە بکەین بە ھەوێنی ساڕێژبوونی ئازار و زامی ھەڵەبجە و ھەڵەبجەییەکان، ئەرکی سەرشانی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵە بە ھاوکاری لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم بە یاسا قەرەبووی ماددی و مەعنەوی کەسوکاری شەھیدانی شاری ھەڵەبجە و دەوروبەری بکاتەوە، ھەروەھا لە ڕێگای پەرلەمانی عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە کار بکرێت بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانی ھەڵەبجە و پاکتاوی ڕەگەزی نەتەوەی کورد.
قەوارەی ھەرێمی کوردستان، بەرھەمی خوێنی شەھیدان و ئازار و مەینەتیەکانی خەڵکی کوردستانە، با ھەموومان بە تێکڕای بیروڕا جیاوازەکانەوە بەرھەمی خوێن و ئازاری میللەتەکەمان بکەین بە ھەوێنی ئاشتی و تەبایی و یەکڕیزی، بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی ئەو ئەزموون و ئازادی و دیموکراسییەی کە لە ناوچەکەدا بوونی ھەیە، کۆدەنگیمان بکەین بە بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکان و لەگۆڕنانی پلانی دوژمنانمان کە ھەمیشە کار دەکەن بۆ سڕینەوەی خاک و شووناسمان.
لە کۆتاییدا سەڕی ڕێز و وەفا دادەنەوێنم بۆ شەھیدانی ھەڵەبجە و گشت شەھیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازانی کوردستان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٣/٣/١٦
راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، بەفەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە ژمارە (٥٨٣٠) لە ٢٠٢٣/٣/١٦ و پاڵپشت بەماددەی چواردە لەسیستەمی ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١١ی پەیڕەوی نیزامی ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە تایبەت بەیاسای ژمارە (٣٨)ی ساڵی ٢٠٠٧، ئاماژە بە فەرمانی وەزاری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی ئیدارەی گشتی ژمارە(٦٠٣٣) لە ٢٠١١/١٢/٤ تایبەت بەڕێنمایی پلە بەرزکردنەوەی کارمەندان بریاردرا بە بەرزکردنەوەی پلەی (٧٤٥٥) پلەدارو پێشمەرگەی سەر بەدیوان ولیواکانی پیادەی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە لە خشتەی نەورۆزی ٢٠٢٣.
بە گوێرەی ئامارەکەی ئەنجوومەنی دادوەری، ساڵی ٢٠٢٢ لە پارێزگای ھەولێر ١٩ ھەزار و ١٩ مامەڵەی ھاوسەرگیری ھەبووە لەبەرامبەردا ٥ ھەزار و ٦٤٥ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە کە بەرزترین ژمارەی جیابوونەوەیە لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان.
لە پارێزگای سلێمانیش ساڵی رابردوو٢١ ھەزار و ١٦٤ مامەلەی ھاوسەرگیری ئەنجامدراوە بەڵام تەنیا پێنج ھەزار و ٥٣٣ حاڵەتی جابوونەوە ھەبووە.
سەبارەت بە پارێزگای دھۆک لە ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەی مامەڵەکانی ھاوسەرگیری ١٢ ھەزار و ٩٦٧ ھاوسەرگیری بووە، حاڵەتەکانی جیابوونەوەش گەیشتووەتە ھەزار و ٩٩٢ حاڵەت.
ھەر بە گوێرەی ئامارەکە، ساڵ ٢٠٢٢ لە ھەرێمی کوردستان ٨١ رێگەپێدان ھەبووە بۆ ئەنجامدانی ھاوسەرگیری دووەم.
دیارترین ھۆکارەکانی جیابوونەوە لە ھەرێمی کودستان بریتیبوون لە نەگونجان لەگەڵ یەکتر، ناپاکی ھاوسەرگیری، جیاوازی تەمەن، بەکارھێنانی مۆبایل و ئامێرەکانی تەکنۆلۆژیا، و چەند ھۆکارێکی دیکە.