جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە رۆژنامەی سەباحی فەرمی راگەیاند، چاوەڕێ دەکرێت پێش ھاتنی جەژنی رەمەزان، ئەنجومەنی نوێنەران  گفتوگۆکانی پڕۆژەیاسای بودجە تەواو بکات و پڕۆژەکە پەسەند بکات.

لای خۆیەوە باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٣ ژمارەیەک برگە و ماددەی یاسایی تێدایە کە یەکەمینجارە لە بودجەدا جێگیر دەکرێن، ئەو برگە و ماددانەش کارئاسانی دەکەن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان، پلانی گەشەپێدان، بونیادنانی ژێرخان و خزمەتکردنی ھاووڵاتیان.

بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە شەشـی ساڵی ٢٠١٩، وەزارەتی دارایی عێراق دەتوانێت پڕۆژەیاسای بودجە بۆ ماوەی سێ ساڵ ئامادە بکات، بەڵام یاسای بودجە تەنھا بۆ ساڵی یەکەم پابەندکارییە و بۆ دو ساڵەکەی تر وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان دەتوانن بە رەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران، دەستکاری بەشێک لە ماددە و برگەکانی بودجە بکەن.

دوێنێ حکومەتی فیدڕاڵ پڕۆژەیاسای بودجەی رەوانەی پەرلەمان کرد کە گەورەترین پڕۆژەی بودجەیە لە مێژوی وڵاتدا و قەبارەکەی ١٩٧ تریلیۆن دینارە.