بەبۆنەی ٢٨ ساڵەی دامەزراندنی حزبی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ سەعدی ئەحمەد پیرە، بە یاوەری سالار لالە سەرحەد لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە گشتییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و وریا زەنگەنە ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییەکان، سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان-یانکرد،  لەلایەن غەفور مەخموری، سکرتێری گشتیی حزب و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی و کادیرانی پێشکەوتووی حزبەکەوە پێشوازییان لێکرا.

لە دیدارەکەدا سەرەتا سەعدی ئەحمەد پیرە پیرۆزبایی، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پێڕاگەیاندن، دواتر تیشکی خستەسەر رۆڵ و پێگەی حزبی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان ھەر لە خەباتی مەدەنی سیاسی دوای راپەرین و رۆڵی ئەو حزبەی لە دامودەزگا حکومی و مەدەنییەکاندا بەرز نرخاند، ھیواشیخواست لەسەر بنەمای سیاسەتی چەپکە گووڵەکەی سەرۆک مام جەلال، کە ھەمیشە تەئکیدی لێدەکردەوە، بوونی ھێز و لایەنی سیاسی و بیروڕای جیاواز و خەباتی پێکەوەیی ببێتە مایەی باشتر خزمەتکردن بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.