بە پێی کارنامەی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دواپێشھاتە پەیوەندیدارەکانی پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق و لێکەوتەکانی لەسەر ھەرێمی کوردستان.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە باس لە ڕەشنووسی ئەو پڕۆژەیاسا و پەیڕەوانە دەکرێت کە تائێستا دەنگدانی کۆتاییان لەسەرنەکراوە.
ھاوکات لە کۆبوونەوەکەدا، بابەتی کاراکردنەوەی لیژنەی ماددەی ١٤٠ لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و بابەتی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون و ڕێکارەکانی خۆپارێزیی لەلایەن ھەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی تەندروستی تاوتوێ دەکرێن.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو رایگەیاند، ھێمن مستەفایی "خەڵکی شاری مەریوان کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران لەلایەن داواکاری گشتی پارێزگای سنە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، دوای ١٢ ساڵ لە بەندکردن سزاکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێکرا.
رێکخراوی ھەنگاو ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، کەسێکی دیکە بەناوی"عارف ھەواسی" تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی شاری ئیلام، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە سزاکەی جێبەجێکرا.
بەپێی ئامارەکانیش بە جێەجێکردنی سزای ئەو دوو بەندکراوەی کورد، ژمارەی لەسێدارەدراو لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان گەیشتە ٣٥١ کەس.
فەھمی بورھان بە کوردسات نیوز رایگەیاند، بەڵگەی جوتیارانی کورد بۆ خاوەندارێتی زەوییەکانیان بەڵگەی راست و رەوانن، بەڵام کێشەکە بە جۆرێکی دیکەیە بۆ دەستبەسراگرتن و داگیرکردنی زەویی جوتیارانی کورد.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەشێک لە جوتیارانی عەرەب لەو سنورە قەرەبووی ماددەی ١٤٠یان وەرگرتووە و گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، بەڵام بەشێکی ئەو جوتیارانە بە پاڵپشتی ھێزێکی چەکدار دێنەوە بۆ ھەراسانکردنی جوتیارانی کورد.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، حکومەتی عێراق بڕی ١٠ ملیار دیناری خستووەتەسەر ھەژماری وەزارەتی بازرگانی و پیشاسازیی ھەرێم، کە تایبەتە بە شایستە داراییەکانی جوتیاران بۆ ساڵی ٢٠٢٣ و دوای تەواوبوونی رێکارە کارگێڕی و داراییەکانیش، دەست بە دابەشکردنی دەکرێت بەسەر جوتیاراندا بەپێی رۆژی رادەستکردنی گەنمەکانیان بەسایلۆکان.
راشیگەیاندووە، ئەو ١٠ ملیار دینارە پێنج ملیاری بۆ پارێزگای سلێمانی، دوو ملیاری بۆ پارێزگای ھەولێر، سێ ملیار دیناریشی بۆ پارێزگای دھۆک تەرخان دەکرێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەھۆی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربانەوە، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون سێھەمین کۆبوونەوەی ھاوبەشی خۆی ئەنجامداوە و بڕیاردرا بە تەرخانکردنی دوو ملیار و ٧٧١ ملیۆن دینار بۆ ئەنجامدانی ھەڵمەتەکانی خۆپارێزی لە پەتاکە.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاماژەی بەوەشکرد، رێکاری توند لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بەرامبەر قەسابخانەکان دەگیرێتەبەر، بۆ ئەوەی بە ھیچ شێوەیەک رێگە بە سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی قەسابخانەکان نەدرێت و ھاتوچۆی ئاژەڵ سنوورداردەکرێت، بەشێوەیەک لە ژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڤێرتێرنەری بێت، جگەلەوەش لیژنەی تایبەت لەسەر ئاستی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای خوێنبەربوون پێکھێندراوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو روونیشیکردەوە، یەکەم وتاری جەژنی قوربان لە مزگەوتەکاندا تایبەت دەکرێت بە ھۆشیارکردنەوەی ھاوڵاتییان لە نەکڕینی گۆشتی سەر شەقامەکان، لە رۆژانی جەژنی قورباندا قەسابخانەکان کراوە دەبن بۆ ئاسانکاری و پشکنینی ئاژەڵەکان پێش سەربڕین و دوای سەربڕین.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری کوردسات نیوز کەوتووە، بەغداد رەزامەندی دەربڕیوە ٤٠٠ ملیاری تر بۆ تەواوکردنی مووچەی فەرمانبەران بخاتەسەر ھەژماری وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، وابریارە رۆژی پێنج شەممە پارەکەی بەغداد بگاتە ھەرێم.
ھەر بە گوێرەی زانیاریەکانی کوردسات نیوز، رۆژی شەممە تا رۆژی سێشەممە مووچەی مانگی ئایاری سەرجەم وەزارەتەکان دابەش دەکرێت.
ھاوکات سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، وەزارەتی دارایی دوو جار بە نووسراوی رەسمی، داوای لە بەغداد کردووە بڕی ٤٠٠ ملیاری تر بنێرێت بۆ تەواوکردنی مووچەی مانگی ئایار.
رەنج پشدەری چالاکوانی کورد لە یۆنان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەلایەن ھێزی دەریاوانی یۆنانەوە ٦٣ کۆچبەری کورد رزگارکراون، کە لەناوچەی کەلەماتەی یۆنان گیریانخواردووە و بە وتەی خۆشیان ٨ منداڵیان لەگەڵدابووە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کۆچبەرە کوردانە چوار رۆژ لە ئاوی یۆناندا بوون دواتر بزوێنەری بەلەمەکەیان تێکچووە، دوای یەک سەعات لە تێکچوونی بەلەمەکەیان، لەلایەن ھێزەکانی دەریاوانی یۆنان بە ھاوکاری رێکخراوی یوئێن کۆچبەرەکانیان رزگارکراون.
رەنج پشدەری وتیشی، کۆچبەرە کوردەکان گواستراوەنەتەوە بۆ وشکانی و بڕیاریشە دوای پشکنین رەوانەی ئەسینا بکرێن.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، درەنگانی شەوی ڕابردوو، لە گەڕەکی گوڵانی شاری ھەولێر کەسێک دەستڕێژی گولـلە لە ھاوسەر وخوشکی ھاوسەرەکەی دەکات و لە ئەنجامدا ھاوسەرەکەی دەکوژێت و خوشکی ھاوسەرەکەیشی بریندار دەکات.
ئاماژەی بەوەشدا، لە دوای رووداوەکە تەرمی ژنەکە گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەری و بریندارەکەش گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە بە مەبەستی چارەسەر، لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، دوای ئەوەی لە بەغداد پشکنینی DNAبۆ ئەو ٣٩ رووفاتە کراوە و ناسراونەتەوە، ئەمڕۆ دەگەڕێنرێتەوە بۆ شنگال.
وتیشی، ئەو کەسانە دانیشتووی ناوچە جیاوازەکانی سنوی شنگال بوون و دوای رادەستکردنیان بەکەسوکاریان، لە زێدی خۆیان بەخاکدەسپێردرێن.
دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی:
بەڕێزان خێزان و خانەوادەی کۆچکردوو سۆران عوسمان
بەبیستنی هەواڵى کۆچی دوایی ڕۆژنامەنوس (سۆران عوسمان)، نیگەران و دڵگران بووم.
کۆچکردوو سۆران عوسمان، ڕۆژنامەنوسێکی دیار و پێشکەشکاری بەرنامەی بۆ مێژوو بوو کە لەهەردوو کەناڵی کوردسات و خاک تیڤی پەخش دەکرا، کۆچکردنی جێگای داخی هەمووانە.
بۆ ئەم خەمە پرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی ئێوەی خانەوادە و میدیاکارانی هەردوو کەناڵ و هاوڕێ و ئازیزانی دەکەم و هاوبەشی غەمتانم، خواى گەورە لەکۆچکردووان خۆش بێت، سەبورى و دڵنەواییش بەهەموو لایەک ببەخشێت.
انا لله و انا الیه راجعون
قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
بەمەبەستی گرنگیدان بەبەرھەمی ناوخۆ و پشتگیریکردنی کێڵگەکانی ناوخۆ و دیاریکردنی پێداویستییەکانی بازاڕ لە گۆشت و مریشک و ماسی، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری و چاودێری بازرگانی و ئاسایشی ئابوری لەگەڵ نوێنەری خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکان کۆبوەوە.
ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند، لیژنەکانی قائیمقامیەت ھەڵدەستێت بە راگرتنی ھاوسەنگی نرخ و دابینکردنی گۆشتی سور، مریشک، ماسی، ھێلکە و رێگەنادات بەرزبونەوەی نرخ روبدات و ببێتە بارگرانی لەسەر شانی ھاووڵاتیان.
نێچیرڤان فەخرەدین وتەبێژی تەندروستی ئاکرێ بە کوردسات نیوز رایگەیاند، رۆژی چوارشەممەی رابردوو، نەخۆشێک گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، کە گومانی توشبوونی نەخۆشی تای خوێنبەربوونی لێکراوە.
وتیشی، بۆ ئەو مەبەستە پشکنینی بۆ کراوە و پشکنینەکەی رەوانەی بەغداد کراوە، لەئێستاشدا ئەنجامی پشکنینەکەی گەڕاوەتەوە و دەرکەوتووە توشبووی تای خوێنبەربوونە.
توشبووەکە تەمەنی ٥٥ ساڵە و دانیشتووی ناحیەی دینارتەی سنووری قەزای ئاکرێیە، پیشەی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵە.
وتەبێژی تەندروستی ئاکرێ دەڵێت، توشبووەکە لە نەخۆشخانە چارەسەری پێویستی بۆکراوە، لەئێستاشدا دۆخی تەندروستی باشە و رەوانەی ماڵەوە کراوەتەوە.
رۆژنامەنووس و چالاکوان ڕەنج پشدەری، رایگەیاند، درەنگانی شەوی ڕابردوو یەختێک بە ٦٤ سەرنشینەوە لە دەریای ئیجە گیری خواردبووە، کە سەرجەمی سەرنشینەکان کورد بوون.
دەشڵێت دوای ئەوەی ھێزەکانی دەریاوانی لە ڕێگەی ژمارە ١١٢ەوە ئاگادارکردوەتەوە، بەدەم پەنابەرانەوە چوون و دوای چەندین کاتژمێر تەواوی کۆچبەرە کوردەکان ڕزگارکران.
ڕەنج پشدەری ئاماژەی بەوەشداوە، کۆچبەرەکان ژمارەیان ٦٤ سەرنشین بووە و لەنێویاندا ژنی دوگیان و منداڵ ھەبووە، کە بە ھاوکاری ھێزی دەریاوانی و نوێنەری پەنابەرە گەڕاوەکانی کوردستان سەرجەمیان ڕزگارکران.
خالد عەباس، بەڕێوەبەری نوسینگەی دھۆکی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، لەسەر داوای سەرۆکی ھەرێم، دوێنێ کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە ھەولێر کۆبووەوە سەبارەت بەوەی کە ئایا دەتوانێت ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رێکبخات یاخود نا.
وتیشی کۆمیسیۆن گەیشتە ئەو ئەنجامەی ئەگەر ھەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق دوابخرێت کە مانگی ١٢ی بۆ دیاریکراوە، ئەوا کۆمسیۆن دەتوانێت ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رێکبخات، ئەگەر نا کۆمیسیۆن وادەیەک پێشنیاز دەکات لە مانگی چوار یان پێنجی ساڵی داھاتوو، کە دەبێت لەسەری رێکبکەون و پاشان ئامادەکارییەکان دەکات.
خالد عەباس ئەوەشی روونکردەوە، ئەو کاتەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە زۆر نزیکە و رەنگە کۆمیسیۆن بڕیار بدات ئەو ھەڵبژاردنانە لە بەھاری ساڵی ٢٠٢٤ ئەنجام بدرێت، چونکە دواخستنی ھەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق کارێکی قورس دەبێت، بەوپێیەی یەکەمجارە بڕیار بدرێت ئەو ھەڵبژاردنە پێش ٢٠ی مانگی ١٢ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.
فەھمی بورھان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پشتیوانی ھەر ھەوڵ و بڕیارێک دەکەن کە ببێتەھۆی گەڕاندنەوەی زەویوزاری کورد و تورکمان و ھەموو پێکھاتە رەسەنەکان، کە بە ھەر ھۆکارێک لەلایەن رژێمی بەعسی روخاوەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو و درابوون بە خەڵکی دیکە.
وتیشی، نوسراوەکەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بە ھەنگاوێکی باش دەزانن و ئومێدیان وایە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقیش کاری جددی لەسەر بکات و بچێتەبواری جێبەجێکردنەوە.