بە سەرپەرشتی سەرۆكی هەرێم، كۆبوونەوەیەكی باڵای سەربازی و ئەمنی لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو و تێیدا، تاوتوێی دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەكانی ناوچەكە و لێكەوتەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان كرا.
ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، له سهرۆكایهتیی ههرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆك، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی و ئەمنیی کرد کە تێیدا وەزیری پێشمەرگە، وەزیری ناوخۆ، سوپاسالاری پێشمەرگە و فەرماندە باڵاکانی هێزی پێشمەرگە ئامادەی بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا، بە وردی تیشکخرایە سەر دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ههروهها چهندین بڕیار و رێنمایی بۆ پتهوكردنی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی ههرێمی كوردستان و چۆنیهتیی مامهڵهكردنی دهزگاكانی راگهیاندن لهگهڵ روداو و پێشهاتهكاندا دهرچوون.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لە شەڕ و ململانێکان و پاراستنی ئارامیی وڵات لە پێشینەی کارەکان دەبێت، هەر لەو چوارچێوەیەدا جەختکرایەوە به هیچ شێوهیهك رێگە نادرێت خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران یان هەر وڵاتێکی دیكهی دراوسێ.
لە تەوەرێکی دیکەدا، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تێکدەرانە کرا کە لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکانی عیراقەوە بە درۆن و موشەک دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و زیانی گیانی و ماڵییان لێ كهوتووهتهوه، لهمبارهیەوه ئەوەخرایەڕوو كه حکومەتی فیدراڵیی عیراق بەرپرسیاره لهوهی ئهركی خۆی جێبەجێ بکات بۆ رێگریکردن لەو هێرشانە و دۆزینەوە و سزادانی ئەنجامدەرانی، چونکە ئەم پەلامارانە پێشێلکارییەکی روونی سەروەریی وڵاتن و هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی گشتی.
لە کۆبوونەوەکەدا، هاوسۆزی و هاوخهمی لەگەڵ خێزان و بنهماڵهی شەهید و بریندارانی هێرشهكانی سهر ههرێمی كوردستان دووپات كرایهوه، هەروەها دەستخۆشی لە هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەکان کرا بۆ ماندووبوون و شەونخونییان لەپێناو پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان.
نوسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری کەرکوک بڵاویکردەوە، سبەینێ بەبۆنەی یادی شەهیدکردنی ئیمام عەلی ، لەسەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت و ناوەندەکانی خوێندن پشووی رەسمییە.
نوسینگەی راگەیاندنی رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک ئاشکرایکرد، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک، بڕیاریدا سبەینێ چوارشەممە رۆژی 11ـی ئاداری2026 لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت و ناوەندەکانی خوێندن بکرێتە پشووی رەسمیی.
بەپێی راگەیەنراوەکە ، پشووەکە سەرجەم فەرمانگە حکومییەکان، کۆلێژەکان، قوتابخانەکان و باخچەکانی منداڵان دەگرێتەوە، بڕیارەکەش بەبۆنەی یادی شەهیدکردنی ئیمام عەلی (سڵاوی خوای لێبێت) دراوە، وەک رێزگرتنێک لەو یادە ئایینییە لە سنوری پارێزگای کەرکوک.
پۆلیسی سلێمانی باندێکی دزینی زێڕیان دەستگیرکرد و لەماوەی کەمتر لە 24 سەعاتیشدا دەست بەسەر زێڕە دزراوەکەدا گیرا.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بە هاوکاری نوسینگەی رزگاری، سەرکەوتووبوون لە دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبار کە بڕێکی زۆر زێڕیان لە ماڵێک دزیبوو و دواتر فرۆشتبوویانەوە.
پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک سکاڵای تۆمارکرد، تیمەکانی لێکۆڵینەوە بە بڕیاری دادوەر دەستیان بە بەدواداچوون کرد. لە ماوەیەکی کەمدا توانرا تۆمەتباری سەرەکیی دزییەکە و تۆمەتباری دووەم کە ئەرکی فرۆشتنەوەی زێڕە دزراوەکانی لەئەستۆ بووە، دەستگیربکرێن.
پۆلیسی سلێمانی جەختیکردەوە، لەماوەی کەمتر لە 24 سەعاتدا توانیویانە دەست بەسەر تەواوی زێڕە دزراوەکان و ئەو بڕە پارەیەشدا بگرن کە لە فرۆشتنی زێڕەکە دەستکەوتبوو.
لە ئێستاشدا هەردوو تۆمەتبار (ش، هـ، ح) لەدایکبووی 1980 و (چ، أ، م) لەدایکبووی 1993، بەپێی مادەی 444 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
لە كۆی پێنج دەروازەی سنوریی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران، لە ئێستادا سێ دەروازەیان كراونەتەوە و هاتوچۆی بازرگانیی دەستیپێكردووەتەوە.
یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، رۆژانە دەروازە سنورییەكانی ئێران بە رووی هەرێمی كوردستاندا دەكرێنەوە و لە ئێستادا لەكۆی پێنج دەروازە، دەروازەكانی باشماخ و سەیران بەن و شوشمێ كراوەن.
باسی لەوەشكردووە، رۆژانە لە رێگای دەروازەی باشماخەوە 500 بارهەڵگر دێنە ناو هەرێمی كوردستان و سەوزە و میوە و خواردن و خواردنەوەكان هاوردەی هەرێم دەكەن، ئاماژەی بەوەشكردووە، رۆژانە هاتوچۆی بازرگانی و هاوردەكردنی كاڵا بۆ هەرێمی كوردستان لە زیادبووندایە.
یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێم راشیگەیاندووە، چاوەڕوان دەكرێت لە رۆژانی داهاتوودا دەروازەكانی حاجی ئۆمەران و پەروێزخانیش بكرێنەوە.
وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکان، حکومەتی هەرێم داوا دەکات رێگری لە گروپە لەیاسادەرچووەکان دەکرێت.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە تاگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی توندی هێرشەکانی ئەم دواییەی کرد بۆ سەر هاووڵاتیان، دامەزراوە مەدەنییەکان و نێردە دیپلۆماسییەکان، جەختیشی کردەوە، بە ئامانجگرتنی نێردە دیپلۆماسییەکان پێشێلکردنی راشکاوی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بەشێک نییە لەو شەڕ و ململانێیانە و هەمیشە لایەنگری ئاشتی و سەقامگیری بووە.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە داوای لە حکومەتی عیراق کرد، بەرپرسیارێتی پاراستنی سەروەریی وڵات بگرێتە ئەستۆ و رێگری لەو گروپە لەیاسادەرچووانەی ناوخۆی عیراق بکات کە هەرێمی کوردستان بە ئامانج دەگرن.
سەندیکای زێڕەنگرانی هەولێر نوێترین نرخی زێڕی بۆ ئەمڕۆ سێشەممە راگەیاند.
نرخەکان بەپێی گۆڕانکارییەکانی بۆرسەی جیهانی و نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێم دیاریکراون، کە تێیدا نرخی یەک ئۆنسە زێڕ گەیشتووەتە پێنج هەزار و 169 دۆلار.
هاوکات، ئۆنسەیەک زێڕی عەیارە 21 بە ملیۆنێک و 115 هەزار دینارە، بەهای 100 دۆلاریش بەرانبەر 154 هەزار و 750 دینارە.
نرخی فرۆشتنی مسقاڵێک زێڕ بە دینار:
یەک ئۆنسی زێڕ=5169$
نرخی فرۆشتن
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22=1,168,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21=1,115,000
مسقاڵێک زێڕعەیار 18=955,000
سەندیکای زێڕنگران ئاماژەی بەوەکردووە کە نرخەکان جێگیر نین و پەیوەستن بە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی بەهای دۆلار و گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی بۆرسەی جیهانی.
شەوی رابردوو، بە چەند درۆنێکی بۆمڕێژکراو هێرشکرایە سەر هەولێر و دژەتیرۆری هەولێریش دەلێت سەرجەم درۆنەکان لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە تێکشکێندراون.
بەپێی راگەیەنراوێکی دژەتیرۆری هەولێر، سەعات 10:24ـی شەوی دووشەممە، هێزەکانی هاوپەیمانان توانیویانە سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو لە ئاسمانی هەولێر دەستنیشان بکەن و دەستبەجێ بیانتەقێننەوە.
راشیگەیاند، پاشماوە و پارچەی یەکێک لە درۆنە تێکشکاوەکان لە نزیک کونسوڵخانەی ئیمارات لە هەولێر کەوتووەتە خوارەوە.
دژەتیرۆری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، خۆشبەختانە روداوەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە و بارودۆخی ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە.

رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک، پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی رۆژی جلوبەرگی نەتەوەیی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە سەرجەم خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکانی شارەکە کرد ئەم یادە بکەنە دەرفەتێک بۆ نیشاندانی فرەڕەنگی و پێکەوەژیان.
پارێزگاری کەرکووک داوای لە خوێندکارانی (کورد، عەرەب، تورکمان، و کلدوئاشووری) کرد، سبەینێ بە پۆشینی جلی رەسەنی نەتەوەیی خۆیان، وێنەیەکی جوان لە برایەتی و ئاشتی لە کەرکوک نیشانی جیهان بدەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم رۆژە تەنها یادێکی نەتەوەیی نییە، بەڵکو رۆژی پتەوکردنی گیانی تەباییە لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، رێبوار تەها رایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆکی زانکۆی کەرکوک ئەنجامداوە، تێیدا دەستخۆشی و سوپاسی ئاڕاستە کردن بۆ ئەو هەماهەنگییە بەردەوامەی لەگەڵ ئیدارەی پارێزگاکەدا هەیانە بۆ سەرخستنی چالاکییە کلتوورییەکان.
دارایی هەرێم لەبارەی دوایین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی دووەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بە بڕی پارەی نێردراو و بڕی نەنێردراوی مانگەکانی رابردوو و ئەم مانگەش دەکات.
وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ بڕی 295 ملیار و 405 ملیۆن دینار وەک دوایین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێم، خرایە سەر هەژمار بانکییان.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، هەر ئەمڕۆ دوای تەواوکردنی رێککارەکان و وەرگرتنی پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عیراق، خشتەی مووچە رادەگەیەنرێت و دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.
هاوکات، وەزارەتەکە ئەوەشی روونکردووەتەوە، بۆ ئەم مانگەش وەزارەتی دارایی عیراق بڕی 16 ملیار و 107 ملیۆن کە شایستەی دارایی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازییە، رەوانەنەکردووە.
وەزارەتی رۆشنبیری رایگەیاند، ناوچەکەمان بە دۆخێکی سەخت و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و داوا لە کەناڵەکانی راگەیاندن دەکەین بە شێوەیەکی بەرپرسیارانەتر روماڵی روداوەکان بکەن.
وەزارەتی رۆشنبیری وەزارەتی رۆشنبیری راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت، هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو جەنگە و لە داهاتووشدا بەشێک نابێت لێی و بە تەواوی سەربەخۆیی و بێلایەنی خۆی دەپارێزێت.
هەر لە بڵاوکراوەکەیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە پێویستە کەناڵەکانی راگەیاندن بە شێوەیەکی بەرپرسیارانەتر روماڵی روداوەکان بکەن بەجۆرێک پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی سەروماڵی هاووڵاتییان کاری لەپێشینەوی کەناڵەکان بێت و لەکاتی روماڵی راستەوخۆی روداوەکاندا نەبنە هۆی دڵەڕاوکێ بۆ هاووڵاتییان و دوربن لە بڵاوکردنەوەی گواستنەوەی راستەوخۆ یان وێنەی ئاراستەکردنی درۆن و موشەک و شوێنی زیانپێکەوتووان.
لە کۆتایی بڵاوکراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، کە لەمکاتەدا ئەم هەڵسوکەوتە لەلایەن هەر دەزگا و رایەڵێکی میدیاییەوە بکرێت، دوورە لە یاسا و لۆجیک و پێچەوانەی مادەی سێیەم/بڕگەی سێیەمە لە (لە رێنمایی رێکخستنی فریکوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان). بۆیە وەزارەتمان ئەرکی خۆیەتی کە رێکاری یاسایی توند بەرانبەر بە سەرپێچیکارانی یاسا و رێنماییەکان بگرێتەبەر.

رێکخراوی سی پی تی: تائێستا 296 هێرشکراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و زۆرترین هێرشیش کراوەتە سەر هەولێر و سلێمانی.
رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی، نوێترین راپۆرتی خۆی لەبارەی هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی ئەم دواییە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، تائێستا 196 جار هێرشکراوەتە سەر شار و شارۆچکە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، شاری هەولێر 162 جار، سلێمانی 26 جار، دهۆک پێنج جار و هەڵەبجەش سێ جار هێرشیان کراوەتەسەر و لەو هێرشانەشدا، 43 هێرشیان بۆسەر بارەگای حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بوون و 58ـی دیکەشیان بۆسەر کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بووە.
رێکخراوەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، بەهۆی هێرشەکانەوە تائێستا جوار کەس گیانیان لەدەستداوە و 19 کەسی دیکەش برینداربوون و لەو ژمارەیەش، 15 قوربانییان لە هەولێر بوون و حەوتی دیکەیان لە سلێمانی و کەسێکیش لە دهۆک.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرشەکانی سەر هەرێم بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە دوای قسەکانی سەرۆک ترەمپ و سەرۆک پزیشکییان چاوەڕوانین کە ئاڵۆزییەکان لە هەرێمی کوردستان دووربخرێنەوە.
دەقی پەیامەکە...
هاوڵاتییانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان
هەرێمی کوردستان چەند شەوێکی ناخۆشی بەڕێکرد، سوپاستان دەکەین بۆ خۆڕاگری و تێگەیشتنتان لە ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکەمانی پێدا تێدەپەڕێت، هەر ئەوەش چاوەڕێ دەکرێت لە خەڵکە ئازا و خۆشەویستەکەمان.
ئێمە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا سەرجەم هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان خستووەتەگەڕ، لە ئاستی باڵا لەگەڵ سەرکردەکانی ئێران، ئەمریکا و تورکیا قسەمان کردووە بەمەبەستی پاراستنی کوردستان لەم بارودۆخە.
لە دوای قسەکانی سەرۆک ترەمپ و سەرۆک پزیشکییان چاوەڕوانین کە ئاڵۆزییەکان لە هەرێمی کوردستان دووربخرێنەوە.
ئێمە ناوی هەندێک لەو کەس و لایەنانەمان داوەتە بەغداد، کە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان، چاوەڕوانی بەغدادین کە هەنگاوی جددی بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست بنێت، من دەزانم هاوڕێکانمان لە بەغداد هەموو هەوڵێکی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ بەرگرتن لە ئاڵۆزی زیاتر، بەڵام ئەگەر رێکار نەگیرایە بەر، ئەوا ئێمە خۆمان مامەڵەی لەگەڵ دەکەین.
عێراق وڵاتێکی خاوەن شارستانیی مەزن و مێژوویەکی تایبەتە، دەبێت هەموو هەوڵە شارستانییەکانیش بۆ سەقامگیری و ئاشتی هەر لەم ناوچەیەوە بن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی لەبارەی موچەوە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، زیاتر لە 365 ملیار دیناری دیکە خراوەتەسەر هەژماریی بانکییان.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمدا ئەوەش هاتووە، دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 8ـی 3ـی 2026، گوژەمەیەکی تری بە بڕی 365 ملیار و 702 ملیۆن دینار وەک بەشێک لە تەمویلی موچەی مانگی دووی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەییان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عیراق.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتدا ئەوەش هاتووە، چاوەڕێدەکەن سبەی دووشەممە ، لەگەڵ گەیشتنی تەواوتی تەمویلی موچە لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە، راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی دوو دەکەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردووش وەزارەتی دارایی عیراق بڕی 274 ملیار و 962 ملیۆن دیناری خستبووە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم و چاوەڕوانیش دەکرا تاکو ئەمڕۆ تەواوی تەمویلی موچەی مانگی دوو بخرایەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێم.