لە روداوێکی دەگمەندا لە هەولێر، پزیشکێک چاوی نەخۆشێکی کوێرکردووە و دواتریش سکاڵای لەسەر تۆمارکردوون، هاوسەری نەخۆشەکە دەڵێت، "پزیشکەکە سوکایەتی پێکردین".

ئەو کەسەی چاوێکی لەدەستداوە دەڵێت: هەست دەکەم کەیسەکەم لە هەموو شوێنێک بەلاڕێدا دەڕوات و پزیشکەکە دەیەوێت کەیسەکەم 'دەمکوت' بکرێت.

ئاماژەی بەوەشداوە: داواکارم بەدواداچوون بکرێت بۆ بڕوانامەی پزیشکەکە چونکە تەنها بەناو پزیشکە.

هاوسەری نەخۆشەکە بە کوردسات نیوزی راگەیاند: سێ مانگ پێش ئێستا هاوسەرەکەم کێشەی لە چاویدا بۆ دروست بوو، چوینە لای ئەو پزیشکە، وتی کۆمەڵێک دەرزی بەکاردەهێنین گەر چاک نەبوو 'لێزەر'ـی بۆدەیەکن، بە هیچ جۆرێک باسی نەشتەرگەری نەکرا.

هاوسەری نەخۆشەکە زیاتری بۆ کوردسات نیوز باس کرد: دوای دەرزییەکان رەوشی هاوسەرەکەم باشتر بوو، بەڵام پزیشکەکە وتی گەر نەشتەرگەری بۆ نەکرێت کوێر دەبێت، بەڵام دوای نەشتەرگەرییەکە چاوەکە نەیبینی، چوینە لای دکتۆرەکە وتی دەبێت نەشتەرگەرییەکی دیکەی بۆ بکەین، ئێمە چوینە لای چەند پزیشکیکی تر بەڵام وتیان کێ نەشتەرگری بۆکردووە با هەر ئەو بۆی بکات.

"دواتر توشی پچڕانی 'شەبەکەی چاو' بوو، چوینەوە لای پزیشکەکە، وتی پێویستە نەشتەرگەری بۆبکرێت و چوار دەرزی لە چاوی دا، دواتر هاوسەرەکەم باش نەبوو، چوینەوە لای دکتۆرەکە و پێمان وت کە متمانەمان پێت نەماوە"، هاوسەری نەخۆشەکە وادەڵێت.

زیاتر بۆ کوردسات نیوز باسدەکات و دەڵێت: پزیشکەکە توڕەبوو وتی 'من خودا نیم' پاڵی بە دایک و باوکی نەخۆشەکەوەنا و کردنیە دەرەوە و سوکایەتی پێکردن، سکاڵامان تۆمارکردووە بەڵام کارەکان زۆر بە هێوشی بەڕێوەدەچن.

"سەرەڕای ئەوانە، من و دایک و باوکی نەخۆشەکە بانگهێشتی بنکەی پۆلیس کراین و لێکۆڵینەوەمان لێ کرا"، هاوسەری نەخۆشەکە وادەڵێت.