خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد چاوی بە وەفدێکی کۆمینا فیلمی رۆژئاوا کەوت و لە دیدارەکەدا کۆمەڵێک بۆچوونیان لەسەر رۆڵی هونەر و سینەما و ناساندنی کلتور و مێژوو ئاڵوگۆڕکرد.

لەمیانی دیدارەکەدا کە لە دەزگای میدیایی کوردسات بەڕێوەچوو، ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکان لەسەر رۆڵی هونەر و سینەما لە ناساندنی مێژوو، کەلتور، ناسنامە و پرسی کورد بە جیهان، کرا.

هەر لە دیدارەکەدا جەخت لەوە کرایەوە، کە سینەما تەنها ئامرازێک نییە بۆ بەرهەمهێنانی فیلم و کارە هونەرییەکان، بەڵکو پەیامبەرێکی بەهێزە بۆ ناساندنی راستییەکانی کۆمەڵگە و پردێکیشە بۆ تێگەیشتن و نزیکبوونەوەی نێوان کولتوورە جیاوازەکان. 

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا فیلمسازان و ئەندامانی کۆمەڵەکە؛ قەڵغانی رێزلێنانی هونەرگەی وڵاتیان بەخشییە خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، هەروەها سوپاسگوزاری خۆیان بۆ دەزگای میدیایی کوردسات دەربڕی لەبەرانبەر رۆڵی ئەو دەزگایە لە پشتیوانی و بەرجەستەکردنی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان.

لەم روانگەیەوە، پەرەپێدانی هاوکارییە هونەری و کلتورییەکان و گرێدانی پڕۆژە و بەرهەمی هاوبەش بەهەنگاوێکی گرنگ زانرا.