هاوپەیمانی "کەرکووک هێز و ئیرادەمانە" پشتیوانی خۆی بۆ پارێزگاری کەرکوک دووپات دەکاتەوە
سەوسەن سەید
١٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
هاوپەیمانی "کەرکوک هێز و ئیرادەمانە" لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا جەختی لە گرنگیی پاراستنی تەبایی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکانی شارەکە کردەوە.
هاوپەیمانیکە ئاماژەی بەوە داوە: کەرکوک هەمیشە نموونەی برایەتی بووە و روونی کردەوە کە سەرۆک مام جەلال بەم رۆحیەتە کەرکوکی بە (چەپکە گوڵ) وەسف کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: جیاوازییەکان و ئاڵۆزییەکان ؛ە لە راگەیاندنەکان باسدەکرێت خزمەت بە شاری کەرکوک ناکەن و دەبێت سەرجەم جیاوازییەکانی بۆچوون لە رێگەی چوارچێوە یاسایی و دامەزراوەییەکانەوە چارەسەر بکرێن.
هاوکات هاوپەیمانی "کەرکوک هێز و ئیرادەمانە" پشتیوانی خۆی بۆ پارێزگاری کەرکووک، محەمەد سەمعان ئاغا، دووپات کردەوە بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی بەپێی یاسا، بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیریی حکومەتی خۆجێیی و خزمەتکردنی هاووڵاتییان.
لە کۆتاییشدا داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد هەڵمەتە راگەیاندنییەکان رابگرن و دیالۆگ و دامەزراوەکان بکەنە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.


