وەزیری خوێندنی باڵا لە کونسڵخانەی چین بەدواداچوون بۆ کەیسی گیانلەدەستدانی خوێندکارێکی دکتۆرا دەکات
ئاری هەرسین, سەوسەن سەید
١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە یاوەری وەفدێکی وەزارەت، سەردانی کونسوڵخانەی وڵاتی چینی لە هەولێر کرد، بە مەبەستی گەیاندنی هاوخەمی و بەدواداچوونی ورد بۆ کەیسی گیانلەدەستدانی خوێندکاری دکتۆرا (محەمەد سەعدالدین هادی) لە چین و ئاسانکاری بۆ هێنانەوەی تەرمەکەی.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری خوێندنی باڵا جەختی لەسەر بەدواداچوونی یاسایی کەیسەکە کردەوە و ئامادەیی وەزارەتی نیشاندا بۆ رەوانەکردنی وەفدێک بۆ چین بە مەبەستی روونکردنەوەی هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی و ئاسانکاریکردن بۆ هێنانەوەی تەرمەکەی، تاوەکو ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دڵنیایی بداتە خانەوادەکەی و خوێندکارانی کورد لەو وڵاتە.
لە بەرانبەردا، کونسوڵی گشتیی چین هاوخەمیی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، لە ئێستادا باڵیۆزخانەی عیراق لە چین لەگەڵ زانکۆی دەریایی چین و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە لە پەیوەندیدان بۆ دیاریکردنی هۆکاری روداوەکە، و دڵنیاییدا کە کەیسەکە لەلایەن تیمێکی پیشەیییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.


