خانمی یەکەمی عیراق بەشداری لەیەکەمین کۆنفرانسی هاوپەیمانی نەدا دەکات
سام
١٥ی ئایاری ٢٠٢٥
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، ئەمرۆ پێنجشەممە 15ـی 5ـی 2025، بەشداری یەکەمین کۆنفرانسی پاش دامەزراندنی هاوپەیمانی نەدا (هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتی هەرێمی) کرد کە لە پارێزگای سلێمانی لەژێر سەرپەرشتی یەکێتی ژنانی کوردستان دروشمی (بەرەو کۆمەڵگایەکی دیموکراتی لەسەر بنەمای شۆڕشی ژنان) بەڕێوەچوو.
لە کۆنفرانسەکەدا کە نوێنەرانی 18 وڵات و چالاکوانان و میدیاکارانی کاریگەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا ئامادەی بوون، تێڕوانینەکانی هاوپەیمانی نەدا وەک هاوپەیمانییەکی ژنانی هەرێمی تاوتوێکران کە ئامانجی بنیاتنانی ستراتیژێکی گشتگیرە لەسەر بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ و گرنگی بەهێزکردنی رێکخراوی ژنان وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگاکان لەسەر بنەمای ئازادی، دیموکراسی، یەکسانی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و کەرامەتی مرۆڤ.
خانمی یەکەم ستایشی هەوڵەکانی رێکخەرانی کۆنفرانسەکە و ژنانی بەشداربووی نوێنەرایەتی وڵاتانی جیاوازی کرد کە بۆ دامەزراندنی ئەم کۆنفرانسە گرنگە تێکۆشاون و ئاماژەی بەوەدا "ئێمە زۆر چاوەڕێی ئەم کۆنفرانسە بووین تا بوو بە ڕاستی و لەلایەن سلێمانییەوە میوانداریی کرا."
خانمی یەکەم ئەوەشی خستەڕوو کە یەکگرتنەوەی ژنان لەنێو خۆیاندا گرنگ و پێویستە بۆ یەکخستنی دەنگیان دوای جیاوازییان و رونیشیکردەوە کە ژنان بەرگەی ئازارێکی زۆریان گرت و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کۆنفرانسە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونی پێشوو و هەوڵدان بۆ یەکڕیزبوون لەهەموو بوارەکاندا چونکە نیگەرانییەکانی ژنان و ئەو ئاستەنگیانەی ڕووبەڕوویان دەبنەوە لەیەک دەچن.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، پشتیوانی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی لە کۆنفرانسەکەدا ئاماژەی پێدرا سەبارەت بە ئامانجی هاوپەیمانی نەدا بۆ دروستکردنی هێزێکی ژنانەی کاریگەر و پێشەنگ لە ناوچەکەدا کە بتوانێت دەستکەوتی چۆنایەتی و بەردەوام بۆ ژنان بەدەست بهێنێت.
خانمی یەکەم ستایشی سووربوونی ژنانی بەشداربووی کرد بۆ بەرەوپێشچوون سەرەڕای ئاستەنگییەکان بۆ بەدیهێنانی ئاسۆییەکی گەش لە ڕێگای خەباتی سیاسی ژناندا بەتایبەتی لە ڕیزەکانی هاوپەیمانی نەدا کە لەسەر بنەمای هۆشیارییەکی مرۆیی دامەزراوە و کار بۆ پشتیوانیکردن لە دەنگی ئازادی ژنان دەکات بۆ تاوتوێکردنی کێشە هاوبەشەکان و پێکەوە کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆیان.







