بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە پاڵاوگەیەکی هەولێردا سێ کەس گیانیان لەدەستدا
هەساو ئەمیر
١٦ی ئایاری ٢٠٢٥
پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوە کرد، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە پاڵاوگەیەکی سەر رێگای هەولێر-مەخمور، سێ کەس گیانیان لەدەستدا کە دووانیان کارمەندی بەرگری شارستانین.
پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوەکرد، روداوەکە سەعات 4:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ رویداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، روداوەکە بەو جۆرە بووە کە ئاگرێکی بچوک لە پاڵاوگەی کۆچەردا کەوتووەتەوە، کارمەندێکی پاڵاوگەکە لەکاتێکدا ویستوویەتی رێگر بێت لە گەیشتنی ئاگر بە خەزانێکی بەنزین، کەوتووەتە ناو خەزانەکەوە، دواتر پەیوەندی بە تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کراوە، بەڵام دوو کارمەندی بەرگری شارستانیش لەکاتی هەوڵدان بۆ رزگارکردنی ئەو کارمەندەی پاڵاوگەکە، کەوتوونەتە ناو خەزانەکە، بەهۆی ئەوەشەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، لە ئێستادا تەرمی کارمەندی پاڵاوگەکە و دوو کارمەندەکەی بەرگری شارستانیش دوای گەیاندنیان بە پزیشکی داد رادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە و بەخاکیان دەسپێرن.
پێشتر سەرجەم پاڵاوگەکان ئاگادار کراونەتەوە کە بەپێی رێنماییەکانی حکومەتی هەرێم کار بکەن و پابەندی سەرجەم مەرجەکان بن لەوانەش رەچاوکردنی مەرجی تەندروستی و ژینگەیی و دانانی سیستمی ئاگرکوژێنەوە.
لە رابردوودا لە سنوری پارێزگای هەولێر 138 پاڵاوگەی نایاسایی هەبوون، لەکۆی ئەو ژمارەیەش تەنها 60 پاڵاوگەیان داخران، کە داخستنەکە بەشێوەیەکی کاتی بوو و ئێستا بەشێکی ئەو پاڵاوگانە لەبری کارکردن بە رۆژ شەوان کاردەکەن.