شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: دەبێت چاوکراوەتربین تا زمانی دایکمان ون نەکەین
سام
١٥ی ئایاری ٢٠٢٥
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، لە رۆژی زمانی کوردیدا پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندوە، "لەم سەردەمی بەربڵاویی سۆشیال میدیا کە بەردەوام گۆڕانکاری لە پێکهاتەی پەیوەندییەکاندا دەکات، لەگەڵ تەشەنەسەندنی فەرامۆشی زمان لە هەندێ دامەزراوە پەروەردەییە تایبەتەکاندا، دەبێ چاوکراوەتربین تا زمانی دایکمان ون نەکەین".
دەقی پەیامەکە
لە رۆژی زمانی کوردی دا یادی باوکی کۆچکردووم مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد ئەکەمەوە کە پەیوەست و دڵبەندی زمانی دایک بوو لە بەرهەمە ئەدەبی و رۆژنامەوانییە دەوڵەمەندەکانیدا.
باوەڕی تەواوی وابوو پاراستنی زمانەکەمان بۆ زامنکردنی ناسنامە و بەهێزکردنی کۆدەنگیمان پێویستە.
ڕۆمانی (ژانی گەل) یەکێکە لە شاکارەکانی کە بە زمانێکی بەرزەفڕ تێکۆشانی کورد لە ناسەقامگیرترین قۆناغەکانی عێراق دەگێڕێتەوە.
رۆمانەکە کرۆکی خۆڕاگری و گرنگیی پاراستنی میراتی رۆشنبیریمان دەخاتەروو لەو نێوەندەدا گەشتەکەی جوامێر گوزارشتی تەواو لە پەرۆشی گەلەکەمان دەکات.
لەم سەردەمی بەربڵاویی سۆشیال میدیا کە بەردەوام گۆڕانکاری لە پێکهاتەی پەیوەندییەکاندا دەکات، لەگەڵ تەشەنەسەندنی فەرامۆشی زمان لە هەندێ دامەزراوە پەروەردەییە تایبەتەکاندا، دەبێ چاوکراوەتربین تا زمانی دایکمان ون نەکەین.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
خانمی یەکەمی عێراق