پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، تۆمەتبارێک لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقەوە دەستگیرکرا، کە بڕی چوار ملیۆن دیناری لەناو دەغیلەی ماڵێکدا دزیبوو.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک سکاڵای یاسایی تۆمارکرد کە بڕی چوار ملیۆن دیناری لەناو دەغیلەی ماڵەکەیدا لێدزراوە، بە بڕیاری دادوەر لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ورد، مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق توانیان شوێنی تۆمەتبارەکە بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن، لە کاتی دەستگیرکردنەکەشیدا توانرا دەستبەسەر تەواوی بڕە پارە دزراوەکەدا بگیڕێت.

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆمەتبارەکە لەدایکبووی ساڵی 2003ـە، لە ئێستاشدا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (446) لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.