هێزەکانی پۆلیسی راپەڕین سێ کەسیان بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبیل لە ناحیەی چوارقوڕنە دەستگیرکردووە، کە یەکێکیان دانی بە دزینی ئۆتۆمبیلی پوری خۆشی دا ناوە.

بەپێی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین، دوای بەدەستهێنانی زانیاری لە لایەن هێزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕانیەوە، سێ کەس بە ناوەکانی (م، م، ق) لە دایکبووی ساڵی 2005 پیشە کاسب دانیشتووی کەرکوک-ئیسکان، (هـ، ج، ک) لە دایکبووی ساڵی2005 پیشە کاسب دانیشتووی کەرکوک-پەنجا عەلی، و (م، ئ، م) لە دایکبووی ساڵی 1998 پیشە کاسب دانیشتووی کەرکوک-رەحیماوا لە پێشانگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل لە ناحیەی چوارقوڕنە دەستگیرکراون.

بەپێی راگەیەندراوەکە، تۆمەتباران هەستاون بە هێنانی ئۆتۆمبیلی جۆری BMW330 مۆدێل 2024 رەنگی رەش لە شاری هەولێرەوە بۆ پێشانگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل لە ناحیەی چوارقوڕنە و لێکردنەوەی تابلۆکانی بە مەبەستی ساخکردنەوەی بە ئۆتۆمبیلی بێ سەرەتا. ئۆتۆمبیلەکە پێشتر لە لایەن تۆمەتبار (م، م، ق)ەوە بە کرێ بۆ ماوەی مانگێک بەکرێگیراوە.

دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا، تۆمەتبار (م، م، ق) لە کاتی وەرگرتنی ووتەکانیدا دانی بە تاوانێکی ترناوە. ئەو هەستاوە بە دزینی ئۆتۆمبیلی پوری لە جۆری کیا سپۆرتاج مۆدێل 2014 رەنگی سپی لە شاری کەرکوک و فرۆشتوویەتی بە بڕی 13000دۆلاری ئەمریکی.