شارەوانی هەولێر: هەر هاووڵاتییەک خۆڵ و خاشاک لەسەر شەقام فڕێبدات روبەروی سزا دەبێتەوە
محەمەد رزگار
٥ی تەمووزی ٢٠٢٥
هەر هاووڵاتییەک خۆڵ و خاشاک لەسەر شەقام و رێگای سەرەکی فڕێبدات روبەروی سزا دەبێتەوە، شارەوانی هەولێریش داوا لە هاووڵاتیان دەکات شارەکە پاکوخاوێن رابگرن.
سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن ژمارەیەک بارهەڵگر لە شوێنی قەدەغەکراو سەرپێچیان کرد و هەڵسان بە فرێدانی پاشماوەی خانووبەرە، هەر زوو لەلایەن تیمەکانیانەوە لە بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی بارهەڵگرەکان دەست نیشان کران و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا ئەنجامدرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە بەرانبەر کارە سەرپێچیەکەیاندا بۆ ماوەی دوو رۆژ دوو گۆرەپانی گەورەی گەرەکی نیشتیمان و گەلاوێژ یان پێپاکراوەتەوە، وەکو سزایەک بۆ ئەو سەرپێچیەی کە کردوویانە.
شارەوانی هەولێر ئەوەشی خستوەتەڕوو، بۆ گلدانەوەی تەواوی زبڵ و پاشماوەکانی شاری هەولێر سەرچاوەی زبڵخانەی کانی قڕژاڵەی دەستنیشان کردووە، هەروەها هۆبەی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی وەک تیمێکی تایبەتی بە کەرەستە و پێداویستی و ئامێری قوڕس بۆ داپۆشینی زبڵ و پاشماوەکان جێگیر کراون، بەردەوام هەماهەنگن لەگەڵ هەموو ئەو ئۆتۆمبێلە کەپسانەی زبڵەکان دەگوازنەوە بۆ زبڵخانەکە یاخود کە هاووڵاتیان بۆ فڕێدانی پاشماوەکانی بیناسازی و خانووبەرە دێنە زبڵخانەی ناوبراو.
وتوشیەتی، پاک و خاوێنی شار ئەرکی هەموولایەکمانە لەپێناو رەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست و پاراستنی سیمای جوانی شارەکەمان .