وەفدی دەم پارتی بەرەو دوورگەی ئیمراڵی بەڕێکەوت
هەساو ئەمیر
٦ی تەمووزی ٢٠٢٥
ئۆفیسی راگەیاندنی دەم پارتی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، وەفدی دەمپارتی بۆ دیداری عەبدوڵا ئۆجەلان بەرەو دوورگەی ئیمراڵی بەڕێکەوت.
ئۆفیسی راگەیاندنی دەم پارتی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سەعات 10:00ی بەیانی ئەمڕۆ وەفدی دەمپارتی بۆ دیداری عەبدوڵا ئۆجەلان رابەری باڵای پارتی کرێکارانی کوردستان 'پەکەکە' بەرەو دوورگەی ئیمراڵی بەڕێکەوت.
وەفدەکە پێکهاتووە لە پەروین بوڵدان، میتحات سەنجەر، فایەق ئوزگور ئەرۆڵ و بڕیارە دیدارێکی تایبەت لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلاندا ئەنجام بدەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوای ١٠ ساڵ لە رێگریی دەسەڵاتدارانی توركیا، رۆژی ٢٨ی ١٢ی ساڵی رابردوو، رێگە درا وەفدێكی پەرلەمانتارانی پارتی یەكسانی و دیموكراسی 'دەم پارتی' بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بچنە دوورگەی ئیمڕاڵی و لەگەڵیدا کۆببنەوە، کە کۆبوونەوەکەش سێ سەعاتی خایاند.
لە کۆتایی ساڵی رابردوو و سەرەتای ئەمساڵەوە پرسی ئاشتی لە باکوری کوردستان و تورکیا سەری هەڵداوەتەوە و چەند جارێک وەفدی ئیمڕاڵی سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەیان کرد، لە رۆژی 27ی شوباتدا وەفدەکە پەیامێکی مێژووییان لەلایەن ئۆجەلانەوە بڵاوکردەوە و لە پەیامەکەدا عەبدوڵا ئۆجەلان رایگەیاندبوو: بانگەوازی چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتییەکەی دەگرمە ئەستۆ. پێویستە پەکەکە گۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
لەکۆتاییدا و لەرۆژی 12ی ئایاری ئەمساڵدا، پەکەکە ئەنجامەکانی کۆنگرەی 12ی خۆی بڵاوکردەوە و بەپێی راگەیەنراوەکە، خەباتی چەکداریی خۆی کۆتایی پێهێنا و لەمەودوا لەبری خەباتی چەکداریی لە فۆڕمێکی دیکەدا لە رێگای خەباتی سیاسییەوە بەردەوام دەبێت.