شارەوانی سلێمانی سەرجەم هاووڵاتیان و شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە، سبەینێ شەقامی سەرەکی هەواری شار بە هەردوو ئاڕاستەی رۆشتن و هاتن بەرەو پارکی هەواری شار و یەکتربڕی کۆبانێ بەربەست دەکرێت.
بەشی پرۆژەکانی شارەوانیی ئاگاداری سەرجەم هاووڵاتییانی شاری سلێمانی بە گشتی و شۆفێران بە تایبەتی دەکاتەوە، سبەینێ، شەقامی سەرەکی هەواری شار بە هەردوو ئاڕاستەی رۆشتن و هاتن بەرەو "پارکی هەواری شار" و "یەکتربڕی کۆبانێ" بەربەستدەکرێت، شارەوانی سلێمانی دەشڵێت، بەمەبەستی قیرتاوکردنی چینی کۆتایی شەقامەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سنووری پڕۆژەکەدا لە چوارچێوەی کارەکانی پڕۆژەی فراوانکردنی "شەقامی هەواری شار و ئەندەرپاسی ناسراو بە والی" کە لەسەر شەقامی سەرەکی هەواری شار جێبەجێ دەکرێت.
شارەوانی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەکات شەقامە خزمەتگوزاریەکان وەک شەقامی جێگرەوە بەکاربهێنن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ لیوا روکن عومەر ساڵح، فەرماندەی هێزەکانی 70 کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین هەوڵ و هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، دۆخی ئهمنی و مهترسییهكانی تیرۆر و ههڕهشهكانی داعش لهسهر ئاسایش و ئارامی عیراق تاوتوێکرا.
سەرۆک بافڵ جەختی لەسەر یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کردەوە و وتی، لەگەڵ ئەوەداین کوردستان هێزێکی نیشتمانیی تۆکمەی هەبێت و ئێمە بە تەواوی توانامانەوە هاوکار دەبین بۆ لابردنی بەربەستەکانی بەردەم یەکخستنەوەی پێشمەرگە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی جهختی له بەرەنگاربوونەوەی داعش کردەوە و وتی، بۆ گەیشتن بە دڵنیابوونهوه له تێكشكاندن و لهناوبردنی یهكجارهكیی تیرۆریستان پێویستە بهردهوام هاریكاریی هاوبهش له نێوان هێزەکانی پێشمهرگه و سوپای عیراق و هێزهكانی هاوپهیمانان هەبێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گشتاندنێکدا بۆ سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، رێکارەکانی جێبەجێکردنی پلانی مۆڵەتی خوێندنی دیاری کردووە و تیایدا مەرج و چۆنێتیەکانی بەخاڵ داناوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان پێشبینی کەشی 48 سەعاتی داهاتووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ ئەگەری خۆڵبارین زۆرە.
بە پێی راگەیەندراوی کەشناسیی هەرێم، چاوەڕوان دەکرێت کەشی ئەمڕۆ سێشەممە بەم شێوەیە بێت:
- ئاسمان: ساماڵ و پەڵە هەور
- ناوچە تایبەتەکان: لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە سنوورییەکاندا نیمچە هەور دەبێت
- پلەی گەرما: بەرزبوونەوە بەراوورد بە تۆمارەکانی دوێنێ
کەشی سبەینێ - چوارشەممە 28-5-2025
بۆ کەشی چوارشەممە، کەشناسیی هەرێم ئەم پێشبینیانەی کردووە:
- بەیانی و نیوەڕۆ: ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور
- ئێوارە و شەو: ئەگەری خۆڵبارینێکی کەم لە بەشێک لە ناوچە جیاجیاکان
- پلەی گەرما: کەمێک بەرزتر بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ
کەشناسیی هەرێم بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراوی بۆ شارەکانی هەرێم ڕاگەیاندووە:
- هەولێر: 39 پلەی سیلیزی
- سلێمانی: 37 پلەی سیلیزی
- دهۆک: 38 پلەی سیلیزی
- کەرکوک: 43 پلەی سیلیزی
- زاخۆ: 39 پلەی سیلیزی
- هەڵەبجە: 38 پلەی سیلیزی
- سۆران: 36 پلەی سیلیزی
- حاجی ئۆمەران: 25 پلەی سیلیزی
- *گەرمیان: 43 پلەی سیلیزی
بەرزترین پلەی گەرما لە کەرکوک و گەرمیان تۆمار دەکرێت کە دەگاتە 43 پلەی سیلیزی، لە کاتێکدا نزمترین پلەی گەرما لە حاجی ئۆمەران دەبێت کە 25 پلەی سیلیزیە.
سەرۆکی دەستەی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە رەوشی قەزای عەینکاوە لە سنوری هەولێر پەیامێکی بلاوکردوەتەوە و دەڵێت: هەندێک لە هۆتێلەکان بۆ کاری بێ ڕەوشتانە بەکاردەهێندرێن.
د. مونا یاقو، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە رەوشی عەینکاوە لە سنوری هەولێر پەیامێکی بلاوکردوەتەوە و دەڵێت: ئەو شێواندنە نەریتیانەی لە عەینکاوە رودەدات کاریگەریی توندی لەسەر خەڵکی ناوچەکە هەبووە.
لە پەیامەکەدا هاتووە، شێواندنەکان بریتین لە بڵاو بونەوەى رەفتارى نا ئەخلاقى لە شەقامەکانى عەینکاوەدا، بە شێوەیەکى رۆژانە، بە تایبەت لە دواى نیوە شەوەوە، لە لایەن خەڵکانێکى بێگانەوە کە خەڵکى ناوچەکە نین.
سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێم ئاماژەی بەوەشداوە، زیادبونى ژمارەى هۆتێلەکان بە شێوەیەکى چاوەڕوان نەکراو، کە لەگەڵ قەوارەى قەزاکەدا ناگونجیت، هەروەها سەرپێچی رێنماییە کارپێکراوەکانە، بە تایبەتى هەندێکیان لە نێو گەڕەك و لە ناوچە نیشتەجێبونەکاندان لە هەموى خراپتر، هەندێکیان بۆ کارى بێ رەوشتانە بەکاردەهێنرێن، هەروەها دەنگى بەرزى هۆڵەکانی ئاهەنگ گێڕان، تا درەنگانی شەو، رێگری لە نەخۆش و خوێندکاران دەکات کە ژیانی ئاسایی خۆیان بژین و کەسانی دەوروبەری ئەو هۆڵانەش لە خەو بێ بەش دەکات.
لەپەیامەکەشدا هاتووە، هەندێ دیاردە پێشێلکارى نەریتی خەڵکی عەینکاوە دەکەن، وەک جلوبەرگى ناشایستەى هەندێك لەو خەڵکانەى کە سەردانى عەینکاوە دەکەن، هەروەها بڵاوبونەوەی نائاسایی مەیخانە و مەساجخانە و یانە شەوانەکان بەتایبەتی کە هەندێکیان دەکەونە ناو ناوچە نیشتەجێبونەکان، ئەمەش دانیشتوانی ناوچەکە نائارام دەکات و وایان لێدەکات هەست بە مەترسى بکەن بۆ کوڕ و کچەکانیان.
"زیادبوونی خاوەندارێتی موڵك لەلایەن کەسانی غەیرە مەسیحییەوە، لەڕێگەی فێڵى یاساییەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر دیمۆگرافیای ناوچەکە دەبێت و پێشێلکردنی بڕگەکانی دەستور و یاسایە، هەموو ئەمانە جێگەی قبوڵکردن نین و دەبێت هەنگاوی جدی بنرێت بۆئەوەی بابەتەکە بە شێوەیەک لە قاڵب بدرێت کە خزمەت بە خەڵکی عەینکاوە بکات. عەینکاوە کە بە (شاری برایەتی و ئاشتی) ناسراوە، دەبێت هەموومان کاربکەین بۆ پاراستنی کەرامەت و ناوبانگی خەڵکەکەى"، سەرۆکی دەستەی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان وادەڵێت.
بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەسەر چەند پرسێك لەكۆبوونەوەدایە.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، كۆبوونەوەكە لە دەباشان بەڕێوەدەچێت و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بەشدارن، تێیدا چەندین پرس و بابەتی گرنگ تاوتوێ دەكرێن، بە تایبەت پرسی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم و هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق. هەروەها تیشك دەخرێتەسەر چەند پرسێكی پەیوەست بە ناوخۆیی یەكێتی و گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت.
لە ماوەی پێشووشدا چەندین كۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵا لەنێوان یەكێتی و پارتی كراوە و مەرج و داواكارییەكان خراوەتەڕوو لەسەر پێكهێنانی حكومەت.
تائێستا وەزارەتی دارایی عیراق وردبینی لە لیستی موچەی هەرێم دەستیپێنەكردوە
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی لە عیراق دابەشكردنی موچە كۆتایی نەهاتووە، هێشتا بەشێك لە وەزارەت و دامودەزگاكانی عیراق موچەیان وەرنەگرتووە، وردبینی لە لیستی مانگی پێنجی موچەی هەرێم دەستی پێنەكردوە، چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو وردبینی لە لیستەكە دەستپێبكات.
وتیشی، لەبەرئەوەی لیستەكە هاوشێوەی مانگەكانی رابردووە، وردبینیكردنی زۆر ناخایەنێت و لە ماوەیەكی كەمدا دەتوانرێت وردبینی تەواو بكرێت.
ئەوەش لە كاتێكدایە وەزارەتی دارایی عیراق لیستی مووچەی مانگی ئایاری رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ كرد، هەروەها 22ی ئەم مانگەش بەشی گەنجینەی فیدراڵی لەداهاتی نانەوتی هەرێم خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
بڕیارە سبەینێ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆببێتەوە و چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ بکات.
سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە کوردسات نیوزی راگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا دواین ئەنجامەکانی دانوستانەکان لەگەڵ پارتی لە بارەی پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم و و ئامادەکارییەکانی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تاوتوێ دەکرێت ، لەگەڵ چەند پرسێکی پەیوەست بە ناوخۆیی یەکێتی .
وەزارەتی دارایی هەرێم راگەیەنراوێكی لەسەر موچەی فەرمانبەرانی گرێبەست بڵاوكردەوە و دەڵێت: موچەی چەند مانگێکی فەرمانبەرانی گرێبەست دابەش دەکرێت کە لەساڵی 2024 بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون.
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم بڵاویکردەوە، ئەو فەرمانبەرانەی ساڵی 2024 بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی دامەزراون، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەناو لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کەمانگانە دەچێتە بەغداد قبوڵ نەکراون و ماوەی چەند مانگێکە شایستەکانیان بۆ خەرج نەکراوە .
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە رۆژی چوارشەممەوە موچەی مانگی نیسانی ساڵی 2025ی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت، هاوکات موچەی مانگەکانی ئادار و نیسان و ئایار و حوزەیران و تەموزی ساڵی رابردووی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت، کەلەو مانگانە دامەزراون و شایستەکانیان بۆ خەرج نەکراوە.
وەزارەتی دارایی راشیگەیاندووە، لەمانگەکانی داهاتوودا لەگەڵ خەرجکردنی موچەی مانگانەیان قۆناغ بە قۆناغ ئەو موچانەشیان بۆ خەرج دەکرێتەوە کە لەساڵی رابردووەوە تا ئێستا پێیان نەدراوە.
ئەوەشی خستەروو، لە مانگی داهاتووەوە سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە مانگانە لەگەڵ مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا موچەکانیان بۆ خەرج دەکرێت کە تێکڕای تەمویلەکەیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئەندرۆ بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا پرسەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و عیراق گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە بەردەوامی پەیوەندی و لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنەکان بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا کرایەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و سەرۆک بافڵ وتی، دیدگای هاوبەشیی حکومڕانی داڕێژراوەتەوە کە دەبێتە بەرنامەی کاری کابینەی داهاتوو و هیوادارین وەفدی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی لە گفتوگۆکانیان بۆ دابەشکردنی پۆستەکان بگەنە ئەنجام.
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو و هەردوولا جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە.
وتەبێژی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی رایگەیاند، بۆ گەڕی داهاتووی دانووستانەكان لەگەڵ پارتی، یەكێتی گۆڕانكاری دەكات لە جۆری پۆستە دڵخوازەكانی لە حكومەتی داهاتووی هەرێم.
سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی وەفدی دانووستانكاری یەكێتی بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، بۆ گەڕی داهاتووی دانووستانەكانیان لەگەڵ پارتی، یەكێتی گۆڕانكاری دەبێت لە جۆری پۆستە دڵخوازەكانی لە حكومەتی داهاتووی هەرێم، بەمەبەستی گەیشتن بە دەرچەیەك بۆ ئەم قۆناغەی دانووستانەكان.
ئەوەشی خستەڕو، گۆڕانكارییەكان لە پۆستە باڵاكان و سیادییەكان دەبێت، بە ئامانجی زووتر پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم و چالاككردنەوەی دەسەڵاتی یاسادانان.
ئەوەش لەكاتێكدایە، تائێستا چەند جارێك وەفدی باڵای دانووستانكاری یەكێتی و پارتی لەسەر پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم كۆبوونەتەوە و لەسەر رەشنووسێكی ستراتیژی بۆ شێوازی كاركردنی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتن، بەڵام تاكو ئێستا لەسەر پۆستەكان نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.
وەزارەتی تەندروستی هەرێم سێ حاڵەتی توشبوون بە ئایدزی راگەیاند و دەڵێت: هەر سێ توشبووەکە بیانین.
وەزارەتی تەندروستی هەرێم بڵاویکردەوە، دوای پشکنینی تاقیگەیی رۆژانە بۆ کارمەندانی شوێنە گشتیەکان و دەرهێنان و نوێکردنەوەی مۆڵەتی تەندروستی، لەلایەن تاقیگەی تەندروستی گشتی، سێ حالەتی هەڵگری ڤایرۆسی HIV بۆ تووشبوون بە نەخۆشی ئایدز لەلایەن تیمەکانی تەندروستی دەستنیشانکرا، ئاماژەی بەوەشکردووە، توشبووەکان لە ئارایشتگەیەکی ژنان لە هەولێر کاریان دەکرد و هەموویان بیانی بوون و لایەنی پەیوەنداری لێ ئاگادارکرایەوە و رێککاری پێویست گیراوەتەبەر.
راشیگەیاندووە، چاودێری تەندروستی هەموو شوێنێک دەکرێت و سەلامەتی هاووڵاتیان دەپارێزین، رێککاری یاسایی دەگیرێتەبەر بۆ هەر شوێنێک بێ مۆڵەتی تەندروستی یان مۆڵەتی بەسەرچووبێت و کاربکات.
وەزارەتی تەندروستی هاووڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە خۆیان دوور بگرن لە شوێنی نارەسمی، پێویستە سەردانی شوێنی رەسمی بکەن و لە شوێنە گشتیەکان پرسیاری مۆڵەتی تەندروستی بکەن، هەروەها لە هەر گومانێک لە نەبوونی مۆڵەت یان دیاردەیەکی نا تەندروست ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆییە لەڕێگەی هێڵە گەرمەکانی پەیوەندی یان سندوقی سکاڵا تیمەکانی تەندروستی ئاگادار بکەنەوە.
لە بەرانبەر گرێبەستە نوێیەكانی لە ئەمریكا، عیراق سكاڵایەكی یاسایی دژی هەرێمی كوردستان تۆمار كرد.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری سێ سەرچاوەوە رایگەیاندووە، وەزارەتی نەوتی عیراق سكاڵای یاسایی لە دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كردووە لەسەر ئەو گرێبەستە لە بواری نەوت وغاز لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان ئیمزای كردووە لە چەند رۆژی رابردوودا.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشكردووە، ئەم رێكارە یاساییە نوێیە، ئاماژەیە بۆدروستكردنی بەربەست لە هەوڵەكان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆری نەوتی عیراق _ توركیاوە، سەرەڕای فشارەكانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەو مەبەستە.
هەفتەی رابردوو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی ئیمزاكردنی دوو رێككەوتننامەی وزەی بە بەهای 110 ملیار دۆلار لە ئەمریكا كرد كە بریتین لە پەرەپێدانی كێڵگە نەوتی و غازییەكانی میران و تۆفان و كوردەمیر لە چەمچەماڵ و گەرمیان.
بەغداد لەوبارەیەوە رایگەیاند، مامەڵەی راستەوخۆی كۆمپانیاكان و حكومەتی هەرێم بەبێ رەزامەندی حكومەتی فیدراڵ، پێشێلكردنی دەستوورە، هەربۆیە بە نایاسایی و پوچەڵ وەسفی كردن.
وەزارەتی پەروەردە پرسیار و وەڵامی تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی پۆلی 9ی بڵاوکردەوە.
لە رۆژی 15ی ئەم مانگەوە تاقیکردنەوەی نیشتمانی پۆلی 9ی بنەڕەتی دەستی پێ کردبوو و ئەمڕۆ 26ی ئایار، کۆتا تاقیکردنەوە ئەنجام درا.
پۆلی 9ی بنەڕەتی و 12ی بنەڕەتی ئەو دوو قۆناغەی خوێندنن کە تاقیکردنەوەی نیشتمانیان هەیە و لەدوایەوە خوێندکاران دەتوانن چارەنووسیان بۆ بەردەوام بوون لە خوێندن دیاری بکەن.
ئەو هەڵبژاردنانەی لەبەردەم خوێندکارانی پۆلی 9دان لەدوای ئەو قۆناغەی خوێندن، چوونە بۆ خوێندنی دواناوەندی، خوێندنە پیشەییەکان و ئیسلامییەکان، پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە.
خوێندکارانی پۆلی 12ش دوای بڕینی ئەو قۆناغە دەتوانن بچنە زانکۆ و پەیمانگەکانی سەر بە خوێندنی باڵا، یان خوێندنی سەربازی.
کۆبوونەوەی وەفدی دەمپارتی و یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی کۆتایی هات.
وردەکاری دەربارەی کۆبوونەوەکە: