رێککەوتنی نێوان هەرێم و عیراق لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوت ئیمزاکرا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش دەڵێت: هەناردەکردنەوەی نەوت بەپێی بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکان دەبێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عیراق لە سەر میکانیزمی  هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتن و رەشنووسی رێککەوتنەکەش لەلایەن 23 کەسایەتی وەفدی هەردوولا ئیمزاکراوە، کە 17 کەسایەتی ئەندامی وەزارەتی نەوتی عیراق بوون. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆبوونەوەکان لە 17ـی مانگی 7 دەستیانپێکرد و لەم ماوەیە سەردانی تەواوی کێلگەکانی هەرێم کراوە و دوای هەڵسەنگاندنی کێشەکانی هونەری گفتوگویەکی زۆر، لە 11ـی ئەم مانگە رێکەوتن لە سەر میکانیزمی هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێم کراوە، کە بە پێی بەرهەمی رۆژانەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەوەشی خستووتەڕوو، دوای ئەوەی 50 هەزار بەرمیل بۆ پێویستی ناوخۆی هەرێم گلدەدرێتەوە، بەرهەمەکەی دیکە بۆ هەناردەکردن رادەستی  کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت.

راشیگەیاند، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ حکومەتی تورکیا  قسە بکات و پرۆسەکە جێبەجێ بکرێت.