وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا هۆشداریی بڵاوکردەوە سەبارەت بە زیادبوونی دیاردەی فێڵکردن و قۆڵبڕین لە هاوڵاتیان بە ناوی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکانییەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە کە ئەمڕۆ 13ی ئابی 2025 دەرچووە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، چەندین کەسی نەناسراو و ساختەکار، بە ناوی فەرمانبەری چاودێریی کۆمەڵایەتی و وەزارەتەوە پەیوەندییان بە ژمارەیەکی زۆر لە خانەوادەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانەوە کردووە.

ئەو کەسانە بە بەڵێنی دابینکردنی مووچەی کەمئەندامی و مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی، داوای زانیاریی کەسی و وێنەی کارتی نیشتمانییان لە هاوڵاتیان کردووە. هەروەها داوایان کردووە کە ناوی کەسانی دیکەی خاوەن پێداویستی تایبەت، نەخۆش، یان بەساڵاچوویان پێبدەن بۆ ئەوەی ناوی ئەوانیش تۆمار بکەن.

لە ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیدا هاتووە: "دواتر ئەو گروپە ساختەکارانە بە ناوی ئەو کەسانەوە پەیوەندییان بە خانەوادەکانیانەوە کردووە و داوای ناردنی کارتی مۆبایل و حەواڵەکردنی پارەیان لێکردوون."

وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە کە ژمارەیەک هاووڵاتی بوونەتە قوربانیی ئەم فێڵە و زیانی ماددییان بەرکەوتووە.

لەکۆتاییدا، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی جەختی لەوە کردۆتەوە کە "بەهیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەم جۆرە کارانە نییە و ئەمە بەشێکە لە فێڵکردن". هەروەها رایگەیاندووە کە لە کاتی پێویستدا، خزمەتگوزاری و ئاگادارییەکانی خۆی تەنها لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە بڵاودەکاتەوە و رێکاری یاسایی توند بەرامبەر بەو گروپ و کەسانە دەگرێتەبەر کە دەستیان لەم کارەدا هەیە.