د. هێرش رەسوڵ: کردنەوەی نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە رانیە هەنگاوی باشی بڕیوە
سام
١٤ی ئابی ٢٠٢٥
هەنگاوەکانی کردنەوەی نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە رانیە بەرەوپێشچوون و زەوی تایبەت لەلایەن شارەوانیی رانیەوە دابینکراوە.
پرۆفیسۆر دکتۆر هێرش رەسوڵ مامۆستای زانکۆ بە کوردسات نیوزی رایگەیاند: دوای ئەوەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی نووسینگەی تایبەتی خۆیەوە، هەوڵەکانی بۆ کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە شێرپەنجە لە شاری رانیە چڕکردەوە، سوپاس بۆ خوای گەورە هەنگاوەکان زیاتر دەچنە پێشەوە.
د.هێرش رەسوڵ ئاماژی بەوەشدا: بەپێی بەدواداچوونی مەیدانی و سەردانمان بەڕێوەبەری نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ڕاپەڕین و دکتۆر یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، بۆمان دەرکەوت؛ دوای تاووتوێکردنی ورد و سەردانی مەیدانی و چەند نووسراوێکی رەسمی، بیرۆکە و پڕۆژەکە قۆناغی باشی بڕیوە و لەسەر ئەرکی بنەماڵەی کەسایەتیی خێرخوازی ناوچەکە کاک (حاجی سێناجیانی) جێبەجێ دەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش زەویی پێویست لەلایەن شارەوانیی رانیەوە دابین کراوە.

