کوردستانکوردستان

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عێراق بەبۆنەی دەستنیشانکردنی پەروین بوڵدان،  بە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستە کرد و رایگەیاند، سەرکردایەتیکردن و هەوڵە بێووچانەکانی بۆ زامنی یەکڕیزی و دادپەروەری و ئاشتی جێی شانازی و پێزانینە.

دەقی پەیامەکەی:

"پیرۆزبایی لە خاتوو پەروین بوڵدان دەکەم بەبۆنەی دەستنیشانکردنی وەک جێگری سەرۆکی پارلەمانی تورکیا. 
سەرکردایەتیکردن و هەوڵە بێووچانەکانی بۆ زامنی یەکڕیزی و دادپەروەری و ئاشتی جێی شانازی و پێزانینە. 
هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ ئەخوازم لە بنیاتنانی دوارۆژێکدا کە هەموو پێکهاتەکانی گەل لەخۆبگرێت، بەتایبەت پرۆسەی ئاشتی کە ئێستا کەوتۆتەگەڕ".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی دەستنیشانکردنی پەروین بوڵدان، بە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستە کرد و رایگەیاند، دڵنیام لەم ئەرکە نوێیەدا رۆڵی گرنگتر دەبینن لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و دابینکردنی مافەکانی گەلی کورد لە تورکیا.

دەقی پەیامەکەی...

بەڕێز خاتوو پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا

بەبۆنەی دەستنیشانکردنتان بە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا پیرۆزباییتان لێ دەکەم. 
بەگرنگیەوە دەڕوانینە هەوڵەکانتان وەک کەسایەتییەکی تێکۆشەری سیاسی و پەرلەمانی کە بەردەوام هەوڵی باشتر چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و برایەتی و پێکەوەژیان و رەخساندنی ئاشتی و دادپەروەری دەدەن. 
هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم و دڵنیام لەم ئەرکە نوێیەدا رۆڵی گرنگتر دەبینن لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و دابینکردنی مافەکانی گەلی کورد لە تورکیا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەفرەزەکانی نوسینگەی کوردساتی بەشی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی باندێکی پێنج کەسی دزینی ماتۆڕسکیلیان دەستگیرکرد کە لەچەند شوێنێکی شاری سلێمانی ماتۆڕسکیلیان دزیبوو.

پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی چەند هاووڵاتییەک سکاڵایان تۆمار کرد کە ماتۆڕسکیلیان لێ دزرابوو، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەست پێکردووە و توانرا لەماوەیەکی کەمدا تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و لەلایەن مەفرەزەکانەوە دەستگیر بکرێن.

تۆمەتبارەکان کە بە (د، و، ف - گ، ک، ع - ڕ، ع، ص - أ، ز، ص - ب، د، ن) ناسراون، دانیان بەتاوانەکەیاندا ناوە.

بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٤٦ لە یاسای سزادان راگیراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بەبۆنەی کۆچی دوایی هونەرمەندی دیاری کورد، "قەرەنی جەمیل"ەوە پرسەنامەیەکی ئاڕاستەی خانەوادە و هاوڕێیانی کۆچکردو کرد.

دەقی پرسەنامەکەی قوباد تاڵەبانی:

بەڕێزان خانەوادە و هونەرمەندان و هاوڕێیانی کۆچکردوو قەرەنی جەمیل


زۆر بەداخەوە هەواڵى کۆچی دوایی هونەرمەندی شێوەکاری دیاری کوردستان (قەرەنی جەمیل)م بیست. 

کۆچکردوو مامۆستای پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر و هونەرمەندێکی دڵسۆز و بەئەزمونی بواری هونەری شێوەکاریی بوو کە دەیان پیشانگەی لە وڵاتانی دەرەوە بۆ تابلۆ ناوازەکانی کردبۆوە و ژمارەیەکی زۆریش هونەرمەند لەسەر دەستییان پەروەردە کران، بۆ هەتایە جێگەدەستی لەبوارەکەدا دیاردەبێت.

بۆ ئەم کۆچە، هاوبەشی خەمی خانەوادە و هونەرمەندان و ئازیزانیم و پرسەو سەرەخۆشیان لێ ئەکەم. خوای گەورە لێی خۆش بێت و جێگەی بەهەشت بێت، سەبورى و دڵنەواییش بەهەموو لایەک ببەخشێت.

انا لله وانا اليه راجعون

قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لیژنەی دیاریکردنی نرخی موەلیدە ئەهلییەکان ئەمڕۆ سێشەممە کۆبووەوە و بەپێی نرخی سوتەمەنی لە بازاڕەکاندا، نرخی هەر کاتژمێرێک کارەبای موەلیدە بۆ یەک ئەمپێری 41 دینار دیاری کرد.

بەگوێرەی بڕیارەکە، نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدەی ئەهلی گەڕەکەکان لە ناوشاری سلێمانی لەنێوان 7500 بۆ 8500 دینار دەبێت.

بەپێی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی، ئەم جیاوازییە لە نرخدا بەهۆی ئەو کاتانەیە کە موەلیدەکان کاریان کردووە، کە لەنێوان 155 بۆ 179 کاتژمێر بووە. هەندێک فیدەری موەلیدەکان زیاتر کاریان کردووە، بۆیە پارەکانیان زیاترە.

رێنماییەکان بۆ خاوەنانی ئەو موەلیدە ئەهلیانەی دەکەونە ناو سنوری پرۆژەی روناکیەوە:

 پاککردنەوەی قەرزی موەلیدەکان

سەبارەت بەو موەلیدانەی کە دەکەونە سنوری پرۆژەی روناکی و کۆتایی مانگی رابردو بوون بە بیست و چوار سەعاتی، پێویستە پارەی موەلیدەکانیان پاکتاو بکەن، چونکە چیتر موەلیدەکانیان کارناکەن.

خشتەی کارپێکردن بۆ مانگی 6
خشتەی کارپێکردنی موەلیدەش بۆ مانگی شەش بیست و چوار سەعاتی دەبێت، هەر کاتێک کارەبای نیشتیمانی کوژایەوە ئەوان کاردەکەن.

رێکارەکانی پابەندبوون:

لیژنەی دیاریکردنی نرخی موەلیدە ئەهلییەکان جەختیان لەوەکردۆتەوە کە لەکاتی کوژاندنەوەی کارەبای نیشتیمانی نابێت کارپێکردنی موەلیدە و پێدانی کارەبا بەهاووڵاتیان لە 5 خولەک زیاتر بخایەنێت.

بەپێچەوانەوە، خاوەنی موەلیدەکە سزادەدرێت ئەگەر ئەم یاسایە پێشێل بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سبەینێ‌ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆدەبێتەوە و پرسی موچە و شایستە داراییەكانی فەرمانبەران تاوتوێ دەكات.

بڕیارە سبەینێ‌ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە، چەند تەوەرێكی گرنگ گفتوگۆیان لە بارەوە بكرێت، یەكێك لە تەوەرەكان گفتوگۆكردن و بەدواداچون بۆ پرسی موچە و شایستە داراییەكانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم.

 لەبەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا پرسی لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیریی كوڕ و كچی شەهیدان و گرێبەستی كارمەندانی حكومەت تاوتوێ دەكرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەمێک پێش ئێستا هونەرمەندی شێوەکار، قەرەنی جەمیل، لە تەمەنی 71ساڵیدا، لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر بە نەخۆشی کۆچی دواییکرد.
 
قەرەنی جەمیل لە ساڵی  1954 لە شاری هەولێر لەدایکبووە و لە ساڵی 1977 بڕوانامەی دیبلۆمی لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا بەدەستهێناوە.

ساڵی 1984 کۆرسی یەک ساڵەی (لیتۆگراف)ی لە ئیسپانیا تەواوکردووە و یەکەمین پیشانگەی تایبەتیی خۆی لە ساڵی 1977 لەهۆڵی (ئەیوبیە)ـی شاری هەولێر کردووەتەوە.

بەشداریی زیاتر لە (40) پیشانگەی هاوبەشدا کردووە لە (بەغدا، هەولێر، ئیتاڵیا، بەرشلۆنە، ئەلمونێیکەر، ڤالێنسیا، بڕۆکسل، کۆپنهاگن، هۆڵندە و پۆڵنیا).

قەرەنی جەمیل نەخۆشی شێرپەنجەی سییەکان و جگەری هەبوو، بۆ ماوەی شەش مانگ چارەسەری پزیشکی لە دهۆک و هەولێر وەرگرتووە و ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر کۆچی دواییکرد.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەم پارتی رایگەیاند، پەروین بوڵدان وەك جێگری نوێی سەرۆكی پەرلەمانی توركیا دیاریی كراوە  و بڕیارە جێگەی سری سورەیائۆندەر بگرێتەوە.

پارتی یەكسانی و دیموكراتی گەلان دەم پارتی لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای كۆبونەوەی پارتەكەیان پەروین بۆڵدان، پەرلەمانتاری دەمپارتی لە پارێزگای وان و ئەندامی وەفدی ئیمراڵی وەك جێگری سەرۆكی پەرلەمان دیاریی كراوە.

لە راگەیەنراوەكەی دەم پارتیدا هاتوە كە دوای گفتوگۆی ئەندامانی پارتەكە پەروین بوڵدان پێشنیاز كراوە بۆ ئەوەی لە شوێنی سری سورەیا ئۆندەر ، وەك جێگیری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا دەست بەكار بێت.

سری سورەیا ئۆندەر، جێگری پێشوی سەرۆكی پەرلەمانی توركیا لەسەر پشكی دەم پارتی و ئەندامی وەفدی ئەو پارتە بۆ چاوپێكەوتنەكان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی، بەهۆی جەلتەی دڵ دوای 18 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە لە سێی مانگی ئایاری ئەمساڵ لە تەمەنی 65 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

دەم پارتی رایگەیاندوە كە لە رۆژانی داهاتودا ناوی پەروین بوڵدان بەشێوەیەكی رەسمی رادەستی پەرلەمان دەكرێت بە مەبەستی جێبەجێكردنی لایەنە یاساییەكانی و دەستبەكاربونی وەك جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شارەوانی سلێمانی بڵاویکردەوە، بەهۆی کارکردن لە یەکتربڕی تاسڵوجە لە رۆژانی داهاتوودا رێگای سلێمانی - دوکان لە نزیک پردی تاسڵوجە دادەخرێت، داواش دەکات هاووڵاتیان رێگای لاوەکی بەکاربهێنن وەک چۆن  لەنەخشەکەدا دیاری کراوە.

شارەوانی سلێمانی رایگەیاندووە، لە چوارچێوەی کاکردنی بەردەوام لە شەقامی 100 مەتری بەهۆی  کارکردن لە(یەکتربڕی تاسڵوجە)  سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی  و کۆمپانیای  جێبەجێکاربەپێی بەرنامەی کارکردنیان  لە رۆژانی داهاتوودا و لە نزیک پردی تاسڵوجە رێگای سلێمانی - دوکان دادەخرێت.                                       

شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، وەک لەوێنەکەدا هێلکاری داخستن وکردنەوەی رێگای لاوەکی دیاری کراوە، ئەوەی بەرەنگی (سور)دیاری کراوە دادەخرێت، هەروەها ئەوەی بە رەنگی (سەوز) دیاریکراوە رێگای لاوەکییە و دەکرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە كاتی چاككردنەوەیدا بۆرییەكی غاز  لە نێوان بێجی و كەركوك تەقییەوە و بەهۆی مەترسییەكانی ئاگر و چاكردنەوە بۆرییەكە بڕیاری داخستنی رێگای بێجی بۆ كەركوك درا. 

سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای غازی باكور سەر بە وەزارەتی نەوتی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لە كێڵگەی غازی عجێل سەر بە پاڵاوگەی بێجی بۆریەكی گواستنەوەی غاز لە سنوری ناحیەی یاییچی سەربە كەركوك،  لە كاتی چاكردنەوەیەدا گڕی گرتوە و تەقیوەتەوە.

سەرچاوەكەی كۆمپانیای غازی باكور  وتویەتی:  لەئێستادا قوفڵی بۆرێكە لە هەردوولا داخراوە بۆ ئەوەی ئەو غازەی تێدا ماوە كەم بێتەوە و بكوژێتەوە ،دواتر دەست بەچاككردنی تەواوەتی دەكرێت كە نزیكەی 24 کاتژمێری پێویستە.

 وتیشی بەهۆی مەترسیی ئاگرەكەوە رێگای نێوان كەركوك بۆ بێجی داخراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سبەینێ لە کۆبووەنەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق سێ پێشنیاز دەخڕیتەڕوو سەبارەت بە نانردنی موچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێم و بڕیار لەسەر ناردنی پارەی موچەی مانگی ئایار دەدرێت.

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی فیدراڵ ئاشکرایکردووە، سبەینێ لە کۆبوونەوەی ئەنجوممەنی وەزیران بڕیار لەسەر خەرجکردنی بە موچەی مانگی پێنجی موچەخۆرانی هەرێم دەدرێت و پارەکە رەوانە دەکرێت.

پەیامنێری کوردسات نیوز وتیشی: ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ بڕیاری خەرجکردنی پارەکە سێ پێشنیاز دەخرێتەڕوو، یەکەمیان بەشێوەی قەرز، یان بەشێوەی شایستەی دارایی (مینحە) یاخود بە سولفە خەرجدەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، جەخت لەوەکراوەتەوە پێش جەژن بەغداد موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت.

جێگەی ئاماژەیە، لەدوای سەرهەڵدانەوەی كێشەی موچە لە نێوان هەولێر و بەغداد، سەرۆك كۆماری عیراق هەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكە دەستپێكرد و كۆبوونەوەكەشی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆئەو مەبەستە رۆڵێكی بەرچاوی هەیە و گەشبینی دروستكردووە بەو ئاراستەیەی پێش جەژن بەغداد موچەی مانگی ئایاری موچەخۆرانی هەرێم رەوانە بكات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەمێک لەمەوپێش لە سەر رێگای سەرەکی عەربەت نزیک گوندی خەراجیان روداوێکی هاتووچۆ رویداوە کە گیانلەدەستدان و برینداربوون و زیانی قورسی لێکەوتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بڵاویکردەوە، ئوتومبێلێک لە جۆری تۆیۆتا شۆفێرەکەی بەخێراییەکی زۆر رۆیشتووە و کۆنترۆڵی لەدەستداوە و لە رێگا و ئاراستەی خۆی لایداوە.

 ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆتۆمبێلەکە خۆی کێشاوە بە بەربەستی ئاسنینی نێوان هەردوو رێگاکە پاشان پەڕیوەتەوە بۆ سایدی بەرانبەر و خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلێک لە جۆری هۆندا،

هاوتوچۆی سلێمانی راشیگەیاندووە، لە دەرئەنجامی ئەو پێکدادانە شۆفێری هۆنداکە گیانی لەدەستداوە و سەرنشینی تەنیشت شۆفێری هۆنداکە بەسەختی برینداربووە و شۆفێری پرادۆکە برینداربووە.

ئەوەشی خستەڕوو، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە شوێنی روداوەکە ئامادەبوون و هاتوچۆ بە ئەرکی خۆی هەستاوە و کەشف و هێڵکاری بۆ رووداوەکە کردووە

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە بەشداری قوباد تاڵەبانی و بەناونیشانی (پێکەوە بۆ ئاشتی و خۆشەویستی) یارییەکی دۆستانە لەنێوان دوو هەڵبژاردەی یاریزانە دێرینەکانی عیڕاق و سلێمانی ئەنجامدەدرێت.

بەبۆنەی یادی 50 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یارییەکی دۆستانە لەنێوان هەڵبژاردەی یاریزانە دێرینەکانی سلێمانی و هەڵبژاردەی یاریزانە دێرینەکانی عیراق بەڕێوەدەچێت و تێیدا قوباد تاڵەبانی بەشداری دەکات و یاری بۆ هەردوو لایان ئەنجام دەدات.

یارییەکە ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی 6ـی 2025، سەعات 7:30 ئێوارە لە یاریگای یانەی سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

پێش یاریەکەش یاریزانانی هەردوولا سەردانی مەزاری سەرۆک مام جەلال یان کرد و تاجەگوڵینەی رێز و وەفایان لەسەر ەمزارەکە دانا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی لەبارەی لێبڕینی خانەنشینی بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو بڵاوکردەوە و یاساکە دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی لەبارەی لێبڕێنی خانەنشینی بڵاوکردەوە کە بەپێی یاسای خانەنشینی عێراق دەبێت بەسەر خانەنشینانی هەرێمیشدا جێبەجێ بکرێت و رایگەیاندووە، لە موچەی مانگی شەشەوە لێبڕینەکە دەست پێ دەکات.

 

دەقی خاڵەکانی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی:

یەکەم: 3٪ی موچە لە سەرجەم فەرمانبەران دەبڕدرێت لە 1ی 1ی ساڵی 2014 بۆ 30ی 6ی 2024.

دووەم: 3٪ی موچەی فەرمانبەرێتی خانەنشینان دەبڕدرێت، کە ئەو کەسانەی لە ئێستادا خانەنشینن و یاساکە دەیانگرێتەوە، لە 1ی 1ی 2014ـەوە تا رۆژی خانەنشینبوونیان.

سێیەم: بڕی پارەی کەڵەکەبووی سەر فەرمانبەران و خانەنشینان وەک قەرز تۆمار دەکرێت لە ئەستۆیان.

چوارەم: قەرزی ئاماژەپێکراو لە خاڵی 'سێیەم'، دەبێت فەرمانبەران لەماوەی سێ ساڵ و خانەنشینانیش لەماوەی پێنج ساڵدا بیدەنەوە.

پێنجەم: لێبڕینەکە لە موچەی مانگی شەشی ئەمساڵەوە دەست پێ دەکات تاوەکو قەرزەکە تەواو دەبێت.

وەزارەتی دارایی لە روونکردنەوەیەکدا ئەوەشی خستووەتە روو، ئەگەر موچەخۆرێک لە ساڵی 2014دا موچە بنەڕەتییەکەی 509 هەزار دینار بووبێت، ئەوا دەبێت موچە بنەڕەتییەکەی لێکدانی 3٪ بکات، کە دەکاتە 15 هەزار و 270 دینار بۆ هەر مانگێک، ئەگەر لە ساڵی 2015دا موچە بنەڕەتییەکەی بووبێتە 519 هەزار دینار، ئەوا دەبێت ئەو بڕە لێکدانی رێژەی 3٪ بکات.

دەشڵێت، بۆ فەرمانبەران لێبڕینەکان کۆدەکرێنەوە و دابەشی 36 مانگ دەکرێن، ئەو بڕەی دەردەچێت مانگانە لە موچەکەی دەربڕدرێت تاوەکو قەرزەکە کۆتایی پێدێت. بۆ خانەنشینانیش دابەشی 60 مانگ دەکرێت.

 

دەقی راگەیەنراوەکە:

May be an illustration of text

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە دانیێل هون، باڵیۆزی سویسرا لە عیراق کرد.
 
لە دیدارێکدا جەخت لە پێویستی پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لە هەرێمی کوردستان و عیراق کرایەوە لەپێناو رەخساندنی دەرفەت لەبەردەم وەبەرهێنەرانی بیانی تاوەکو هانبدرێن زیاتر بەشداربن لە بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی وڵات.
 
پەرەپێدان و فراوانترکردنی هاریکاری و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا جەختی لەسەر کرایەوە و سەرۆک بافڵ ئامادەیی یەکێتی بۆ ئاسانکاریکردن بۆ خاوەنکار و سەرمایەدارانی بیانی دەربڕی تاوەکو بێنە هەرێمی کوردستان و خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەشی هاونیشتمانییان بکەن.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوەکرد، لە بەردەم دادگای هەولێر دەستڕێژی گوللـە لە کەسێک کراوە و بریندار بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، روداوەکە لە ناو گەراجی ئۆتۆمبێلی دادگادا رویداوە و بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بووە.

وتیشی، ئەو کەسانەی تەقەیان کردووە دوو کەس بوون و چوار فیشەکیان بە کەسی بەرانبەرەوە ناوە.

ئەوەشی خستە روو، لە ئێستادا دۆخی تەندروستی ئەو کەسەی بریندار بووە ناجێگیرە و دوو نەشتەرگەریی بۆ ئەنجام دراوە.

روونیشیکردەوە، هەردوو لایەنەکە پێستر لە هۆڵی دادگادا بوون و لەوێش دەنگە دەنگ لەنێوانیاندا دروست بووە، دوای تەواوبوونی دانیشتنی دادگا لە دەرەوە جارێکی دیکە لە دەرەوەی دادگا شەڕ لەنێوانیاندا دروست بووە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، بریندارەکە تەمەنی نزیکەی 35 ساڵ دەبێت.

لەوبارەیەشەوە پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە، راستەوخۆ لەدوای رووداوەکە دوو تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە دەستیان گرتووە بەسەر دوو چەک و ئۆتۆمبێلێکیشدا.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...173174175176177...956