وتەبێژی یەکێتی: هەوڵێک هەبوو بۆ تیرۆرکردنی سەرۆکی یەکێتی
محەمەد رزگار
٢٧ی ئابی ٢٠٢٥
وتەبێژی یەکێتی دەڵێت: هەوڵێک هەبووە بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێم و تیرۆرکردنی سەرۆکی یەکێتی، بەڵام خۆشبەختانە هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم توانییان رووبەڕووی تۆمەتباران ببەنەوە و رادەستی یاسا بکرێن.
کاروان گەزنەیی وتەبێژی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەوڵدرا ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێکبدرێت و پیلانی تیرۆرکردنی بافڵ جەلال تاڵەبانی دانرابوو، لە ئێستادا ئەو پرسە لە دادگایە و داوا دەکەین یاسا سەروەربێت.
وتیشی، وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رێگر دەبن لەهەموو دەستوەردانێکی حزبی لەو پرسەدا.
کاروان گەزنەی ئاماژەی بەوەشکرد، داواکارین تۆمەتباران و بکەرانی ئەو کردەوە پیلانگێڕییە رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە، داواکاریشین حکومەتی هەرێم بڕیارەکانی دادگا جێبەجێ بکات.



