بافڵ تاڵەبانی: بەهەمان سیاسەتی سەرۆک مام جەلال لە هەوڵداین تا پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا سەربخەین
محەمەد رزگار
٢٧ی ئابی ٢٠٢٥
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی پێشوازی لە نامیق تان، جێگری سەرۆکی جەهەپە کرد.
لە دیدارێکدا کە قوباد تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوون باس لە پەیوەندییە لە مێژینەکانی نێوان هەردوولا و پەرەپێدانی کرایەوە.
بافڵ تاڵەبانی پەرۆشی یەکێتی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دووپاتکردەوە و وتی، بەهەمان سیاسەتی سەرۆک مام جەلال لە هەوڵداین تاوەکو ئەم هەوڵە نیشتمانییە بە هەموولایەکمانەوە سەربخەین و رۆحیەتی پێکەوەیی و برایەتی نێوان گەلانی ناوچەکە ببوژێنینەوە.
لای خۆیەوە، جێگری سەرۆکی جەهەپە بە گرنگییەوە ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆک مام جەلال لە ناوچەکەدا و هیوای خواست ئەم هەنگاوە ئەرێنییانە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی ببێتە هۆکاری کردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.



