بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی پێشوازی لە د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق کرد.

لە دیدارێکدا کە قوباد تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوون پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی وڵات و ناوچەکە تاوتوێکران.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە چارەسەرکردنی هەموو ئەو کۆسپانە کرایەوە کە بوونەتە رێگر لە ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها پێویستیی پابەندبوونی هەرێمی کوردستان و عیراق بە رێککەوتنەکان بە پێویست زانرا.

لای خۆیەوە، بافڵ تاڵەبانی پێزانینی بۆ رۆڵ و هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونەکان و وتی، یەکێتی بەردەوام لەسەر هێڵە تاوەکو ژیانی خەڵکەکەمان لەمە زیاتر نەخرێتە مەترسییەوە.