شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، ئەمڕۆ بەشداری لە کۆنفرانسی هاوپەیمانی سۆسیال دیموکرات لە جیهانی عەرەبیدا کرد، کە لە شاری سلێمانی بە سەرپەرشتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و بە هاوکاری هاوپەیمانی پێشکەوتنخوازانە کە سەرکردەی حزبە پێشکەوتنخوازەکان و رێکخراوەکانی ژنان و گەنجان لەخۆدەگرێت بەڕێوەچوو.

خانمی یەکەمی عیراق لە وتارەکەیدا بەخێرهاتنی میوانانی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە گرنگی ئەم کۆنفرانسانە بۆ باشتر تێگەیشتنە لە یەکتر و دروستکردنی پاڵپشتی راستەقینەی یەکترە کە ئەمەش دەبێتە مایەی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی برینەکان، هاوکات تیشکی خستەسەر پێویستی کۆکردنەوەی دیدگاکان سەبارەت بەو کێشانەی کە رووبەڕووی گەلان دەبنەوە و ویستەکان بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان و دڵنیابوون لە داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانمان.

شاناز ئیبراهیم جەختیکردەوە، کە لایەنێکی سیاسی وشەی "دیموکراسی"ی بۆ ناوەکەی زیاد کردووە  گرنگ نیە بەڵکو پێویستە کار بۆ جێبەجێکردنی تەواوەتی ئەم وشەیە بکەنن ، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەو بێدەنگییە نێودەوڵەتییەی کە خۆی سەرکزکرد لە ئاست شاڵاوەکانی ئەنفال و بۆردومانکردنی هەڵەبجە بەچەکی کیمیایی و گۆڕە بەکۆمەڵەکان هاوکات بۆسنەش بۆردومان نەدەکرا و کۆمەڵکوژییەکانی رواندا و شەنگالیش رووی نەدەدا. هەموو ئەم کارەساتە مرۆییە، و ئەوەی ئێستا ژنان و منداڵان لە غەززە روبەروی دەبنەوە، دەگەڕێتەوە بۆ بێدەنگی جیهان.

خانمی یەکەم جەختیکردەوە کە کاتی ئەوە هاتووە هەڵوێستی جددی بۆ پاراستنی شکۆمەند و مافەکانی مرۆڤ بگرنەبەر، ئاماژەی بەوەشکرد کە ژنان لەسەر دەستی چەتە تیرۆریستییەکانی داعش تاوانی گەورەیان دەرحەق کراوە کە وەک کاڵا و غەنیمەتی شەڕ لە بازاڕەکانی رەقە و دێرەزۆر و موسڵ فرۆشران.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، ژنان قورسترین باج دەدەن و رووبەڕووی گەورەترین ئاستەنگ دەبنەوە لە شەڕدا، داوای لە زلهێزەکانی جیهان و ناوچەکە کرد کە هەمان دیدگا و خەمی هاوبەشیان هەیە لە کاتی کارەسات و تاوانە گەورەکاندا بێدەنگ نەبن و یەکگرتوو بن لە دژی شەڕ و کوشتار.

ژنانی بەشداربوو پێزانینی خۆیان بۆ ئامادەبوون و بەشداری خانمی یەکەم شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە کۆنفرانسەکەدا دەربڕی، بەو پێیەی ئاماژەی بەوەدا کە ژنانی عێراق و کوردستان هەنگاوی بەرهەمداریان لە پێشخستنی کارەکانی ژناندا ناوە.