کوردستانکوردستان

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هەموو تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئەم هەفتەی دوا خستووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، “لەبەر بەرژەوەندی گشتی، ئەم هەفتەیە واتە لە سبەی رۆژی شەممە 14ـی 6ـی 2025ەوە هەموو تاقیکردنەوەکان لە قوتابخانە حکومی و ناحکومیەکان بە قوتابخانە ناحکومیە نێودەوڵەتیەکان و تاقیکردنەوەکانی وەزاری پۆلی 12ـی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانیەوە دوا دەخرێت.”

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەروەها تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی قوتابخانە حکومی و ناحکومیەکانیش هەمووی بۆ هەفتەی داهاتوو دوا خراون.

وەزارەتی پەروەردە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە “لە هیچ ناوەندێکی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە تاقیکردنەوەکان ئەنجام نادرێن.”
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە “پاشتر لە رێگەی ڕاگەیەندراوێکەوە لە خشتەی تاقیکردنەوەکان ئاگادارتان دەکەینەوە.”
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان راگەیانراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات و ئاگاداری لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان دەدات.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە ئەم پێشهاتانە “ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکەن و دەبنە هەڕەشە لە سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی و نێودەوڵەتی.”

سەرۆکایەتی هەرێم جەختی لەوە کردووەتەوە کە “روبەروبوونەوە و رێکاری سەربازی، رەوشەکە خراپتر دەکات” و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە “کاردانەوەی خێرا و بەپەلە هەبێت.”

هەروەها لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە “کار بۆ ئەوە بکرێت ئاڵۆزی و پشێوییەکان لەوە زیاتر پەرە نەستێنن و تا زووترە رێ لە تەشەنەسەندنی زیاتری دۆخەکە بگیرێت.”

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سکرتێری گشتیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران رایگەیاند، شەڕفرۆشتن لە بەرژەوەندی هیچ لایەک نییە و دژی هێرشەکەی ئیسرائیلن.

محەمەد حاجی مەحمود سکرتێری گشتیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان هەڵوێستی خۆی لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران راگەیاند و ئاماژەی بەوەکردووە، لەکاتێکدا کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکا لە هەوڵی گفتوگۆ و دانوستاندا بوون، سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی جارێکی تر ئیسرائیل هێرشێکی ناڕەوای کردە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ نانەوەی ئاژاوە و شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی ناوچەکە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرش و پەلاماردانە دەکات بۆسەر خاکی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە دەبێتە هۆکاری ئاژاوە و نائارامی و ناسەقامگیری زیاتر لە ناوچەکەدا.

محەمەد حاجی مەحمود دەشڵێت: وێڕای تەئکیدکردنەوەمان لە پێویستی و گرنگی گفتوگۆ و دیالۆگ بۆ چارەسەری گرفتەکان لە ناوچەکە، رایدەگەیەنین؛ شەڕفرۆشتن لەبەرژەوەندی هیچ کەس و لایەک نییە و ئێمە دژی هێرش و پەلاماردانە ناڕەواکەی ئیسرائیلین، کە دەبێتە مایەی جەنگێکی درێژخایەن و زیانگەیاندن بە گەلانی موسوڵمانی ناوچەکە.

شەوی رابردوو ئیسرائیل لەرێگەی 200 فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشی کردە سەر ئێران و بەهۆیەوە سێ فەرماندەی پلەباڵای سەربازی و چەند فەرماندەیەکی دیکە و راووێژکاری خامنەیی و شەش زانای ئەتۆمی کوژران.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی کاری منداڵاندا، رێکخراوی یونیسێف ئاشکرای کرد کە 138 ملیۆن منداڵی تەمەن 5 بۆ 17 ساڵ لە سەرانسەری جیهاندا لە ساڵی 2024دا کاریان کردووە.

بەپێی دوایین راپۆرتی یونیسێف، رێژەی 40% لەم منداڵانە کارە مەترسیدارەکانیان کردووە کە بە بەراورد لەگەڵ تەمەنیان گونجاو نەبووە.

رێکخراوەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەم ژمارەیە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2020 ڤێگەی دڵخۆشیە و دابەزیوە، بەتایبەت لەو کاتەدا زیاتر لە 150 ملیۆن منداڵ کاریان دەکرد.

رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەدا بە شێوەیەکی بەرفراوان چاودێری دۆخی منداڵانی کارکەر دەکات و لە ساڵی 2022ەوە پڕۆژەکانی بۆ لابردنی ئاڵنگارییەکانی بەردەمیان جێبەجێ دەکات.

سەبارەت بە عیراق، هیچ زانیارییەکی نوێ لە ساڵی 2018ەوە بەردەست نییە. بەڵام بەپێی دوایین ئامارە رەسمیەکان،رێژەی کاری منداڵان لە عێراق 4.5% دیاری کرابوو.

زانیارییە نوێکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی 5% لە منداڵانی عیراق لە بازاڕەکاندا کار دەکەن. لەگەڵ ئەوەی ژمارەی منداڵانی تەمەن  5 بۆ 17 ساڵ لە عیراق 15 ملیۆن دەبێت، ئەمەش واتای ئەوەیە 600 بۆ 800 هەزار منداڵ کار دەکەن کە لە هەندێک حاڵەتدا ئەم ژمارەیە دەگاتە ملیۆنێک منداڵ.

ریزبەندی نێودەوڵەتی

بەپێی ریزبەندی نێودەوڵەتی، عیراق لە نێوان 97 وڵاتی جیهاندا لە پێگەی 55ـەمدایە لە روی پێوەرەکانی کاری منداڵانەوە. هەروەها لە ئاستی وڵاتانی عەرەبیشدا لە پلەی چوارەمدایە لە دوای سوودان، فەڵەستین و میسر.

12ـی حوزەیرانی هەموو ساڵێک وەک رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی کاری منداڵان ناسراوە. لەم رۆژەدا رێکخراوە تایبەتمەندەکانی بواری منداڵان زانیاری و ئامار و راپۆرتەکانیان لەم بارەوە بڵاو دەکەنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی سامانە سروستییەکانی هەرێم رایگەیاندووە، حكومەتی فیدراڵ سوورە لەسەر چەسپاندنی کۆمەڵێک یاسای رژێمی پێشوو و دەشڵێت، بڕینی موچە دڕندانەترین پێشێلکارییە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە لاپەڕەی رەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بە حکومەتی عیراق دەڵێت: بە ئاشکرا و بەردەوام دەستور پێشێل دەکەن، چەندین ساڵ رێگربوون لە پەسەندکردنی یاسای فیدڕاڵی نەوت و گاز، کە بنەمای چارەسەری هەموو کێشەکانی نەوتە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، حكومەتی فیدراڵ سوورە لەسەر چەسپاندنی کۆمەڵێک یاسای رژێمی پێشوو کە یاسای بەعسی و ناوەندییەتیی بەسەرچووە، بەتایبەتی یاسای ساڵی 1976، کە بەشێوەیەکی ئاشكرا دژی بنەماکانی سیستمی فیدراڵی و ماددەکانی دەستوری بەركارە.

سامانە سروشتییەکانی هەرێم ئەوەشی خستووەتە روو، سەرباری ئەوە حکومەتی عیراق موچە و بژێویی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستانی بڕیوە، کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە و سیاسەتی برسیکردنی بەرنامە بۆداڕێژراوە بۆ جێبەجێکردنی جیاکارییەکان کە دژی دەستورن، ئەوەش لە دڕندانەترین پێشێلکارییەکانە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ 12ی حوزەیرانە، بەڵام هێشتا موچەخۆرانی هەرێم موچەی مانگی ئایاریان وەرنەگرتووە و لە کۆتایی مانگی رابردووشدا موچەی مانگی نیسانیان وەرگرت.

لە ئێستاشدا بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عیراق، حکومەتی عیراق داوای کردووە هەرێم هیچ وەفدێک نەنێرێت تایبەت بە پرسی موچەی موچەخۆران تائەوکاتەی بە تەواوی پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دەبن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پۆلیسی ئاکرێ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەهۆی دروستبوونی شەڕەتەقە لەنێوان دوو خێزاندا، دوو کچی خێزانێکی دیکە گیانیان لەدەستدا و سیانی دیکەش بریندار بوون.

عیمان حسێن بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی ئاکرێ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە کۆمەڵگەی بەشیریان لە بەردەڕەش دوو خێزان بووەتە شەڕیان و دواتر شەڕەکە گەورە بووە و تەقەیان لە یەکتر کردووە.

وتیشی، بەهۆی تەقەکردنەکانەوە دوو کچی خێزانێکی دیکە گیانیان لەدەستداوە کە پەیوەندیان بە کێشەکەوە نەبووە و دایک و باوک و کچێکی دیکەیان بریندار بوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای روداوەکە راستەوخۆ کوژراو و بریندارەکان گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکانی خەبات و دواتر بۆ هەولێر گواستراونەتەوە.

باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا تەرمی دوو کچەکە بە خاک سپێدراون و دایک و باوک و خوشکەکەی دیکەشیان لەژێر چارەسەری پزیشیکدان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئۆجەلان داوای دیداری بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و چەند سەركردەیەكی تر دەكات، وتەبێژی دەم پارتیش دەڵێت، دیدارەكان بۆ ئەوەیە بەشێوەیەكی راستەوخۆ راوێژیان پێبكات و گفتوگۆی قۆناغی چارەسەری بكەن.

ئایشەگوڵ دۆغان وتەبێژی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان"دەم پارتی"لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەیانەوێت لە ماوەیەكی نزیكدا سەردانی ئیمراڵی بكەن و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی"پەكەكە" گفتوگۆ لەسەر قۆناغی ئاشتی و پڕۆسەی چارەسەری بكەن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، ئۆجەلان داوای بینینی هەریەك لە بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەزڵوم كۆبانێی كردووە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەسەر پرۆسەی ئاشتی راوێژیان و گفتوگۆیان لەگەڵ بكات.

هەروەها وتەبێژی دەم پارتی، داوا لە سەرۆكی پەرلەمانی توركیا دەكات، بەر لە پشووی هاوینەی پەرلەمان، پێویستە كۆمیسیۆنێك بۆ جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی ئاشتی بهێنێت و كۆبوونەوەیەك لەبارەی شێوازی كۆمیسیۆنەكە بەڕێوەبچێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاگرێکی گەورە لە یەکێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی کەوتەوە و بەهۆیەوە نزیکەی 50 دوکان سوتاون.

ئاگر لە دوكانەكانی بازاڕی پرۆژەی رۆژ سیتی لە سلێمانی كەوتەوە و بە هۆیەوە 50 دوكان زیانیان بەركەوت، بەهۆی سەخستی شوێنەكەشی نەتوانرا ئاگرەكە لەماوەیەكی كەمدا كۆنتڕڵ بكرێت، ئەوەشبوە هۆی ئەوەی قەبارەی زیانەكانی ئەو روداوە گەورەبێت

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسیی هەرێم پێشبینی نوێی لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێوە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ لە چەند ناوچەیەکی سنوریی؛ باران دەبارێت و پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە.

کەشناسیی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکان نیمچەهەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری نمەبارانێکی کەم لە کاتەکانی دوای نیوەرۆدا لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ پێنجشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و لە هەندێک ناوچەدا نیمچە هەور دەبێت.

ئەوەش هاتووە، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبنەوە و سبەینێش بە هەمان شێوە 1 بۆ 2 پلەی دیکە بەرز دەبنەوە.

 

بەرزترین پلەکانی گەرمای تۆمارکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەینێ بەمجۆرە دەبن:

هەولێر: 41 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 39 پلەی سیلیزی

دهۆک :  41  پلەی سیلیزی

کەرکوک : 44 پلەی سیلیزی 

زاخۆ  :  42 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە :40 پلەی سیلیزی

سۆران :  39 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 26 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 45 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە روداوێکی هاتوچۆدا لەسەر رێگای کەرکوک- هەولێر کەسێک گیانی لەدەستدا و سێی دیکە بریندار بوون.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، ئۆتۆمبێلێکی جۆری 'پیکئەپ' خۆی کێشاوە بە بارهەڵگرێکدا کە بلۆکی بارکردووە.

لە ئەنجامی روداوەکەدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و سێی دیکە برینداربوون، کە شۆفێر و سەرنشینی پیکئەپەکە بوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە قەزای قوشتەپە لە هەولێر کەسێک بە شەش گوللـە کوژرا.

پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوەکرد، بەپێی وتەی شایەتحاڵ و کەسانی نزیک لە روداوەکە، بنەڕەتی روداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ دوو ساڵ پێش ئێستا.

بەپێی زانیارییەکانی دەست کوردسات نیوز کەوتووە، ئەو کەسەی ئەمڕۆ کوژراوە ناوی 'ئاوارە ناسیح' بووە، دوو ساڵ بەر لە ئێستا بە ئۆتۆمبێل خۆی لە کوڕێکی بکوژەکە داوە و بەهۆیەوە کوڕەکە گیانی لەدەستداوە.

ئەگەرچی ئاوارە بەهۆی ئەو روداوەوە ساڵێک و شەش مانگ زیندانی کراوە و لە لایەنی کۆمەڵایەتیشەوە خێزانەکە کۆتاییان بە کێشەکە هێناوە، بەڵام ئەمڕۆ باوکەکە شەش گوللـەی بە ئاوارەوە ناوە.

لەو بارەیەوە پۆلیسی هەولێر رایگەیاندووە، روداوەکە سەعات 6:00ی بەیانی رویداوە و ئەو کەسەی کوژراوە تەمەنی 37 ساڵ بووە.

ئەوەشی خستووەتە روو، لە ئێستادا تۆمەتبارەکە دەستگیر کراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ روداوەکە کراوەتەوە و دراوەتە دادگا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بۆ جاری چوارەم لە ناحیەی گردەسێنی سنووری قەزای ئاكرێ لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتیی شەڕە تەقە لەنێوان دوو بنەماڵدا روویداو و لە ئەنجامی شەڕەكەش كەسێك بریندارە و ماڵێكیش سوتا.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە ئاكرێ رایگەیاند، ئەو دوو بنەماڵەی شەڕەتەقە لەنێویاندا روویداوە كەسوكاری یەكترن و بریندارەكەش ژنێكە، كە كەسوكاری هیچ كام لە بنەماڵەكان نییە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.
ئەوەشی خستەڕو، شەڕە تەقەكە ماوەیەكی كەمی خایاندووە و دواتر هێزێكی زۆری پۆلیسی ئاكرێ لە شوێنی رووداوەكە بڵاوەیانپێكراوە بۆ كۆنترۆڵكردنی رەوشەكە.
پەیامنێری كوردسات نیوز راشیگەیاند، هەر لەسەر هەمان كێشەی كۆمەڵایەتی  پێش دوو مانگ پۆلیسی ئاكرێ 22 كەسی لە هەردوو بنەماڵە دەستگیركردووە، بەڵام هێشتا كێشەكە بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەڵێت: خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە هەرگیز لەژێر هیچ فشارێكدا دەستبەرداری مافە دەستوورییەكانمان نابین.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند: لێپرسراوانی حكومەتی فیدڕاڵی بە شێوەیەكی ناڕەوا و نایاسایی و نادەستووری، بڕیاری راگرتنی موچەی خەڵكی كوردستانیان داوە، ئەمەش بەشێكە لە سیاسەتی فشارخستنە سەر هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی لە كاروانی ئاوەدانی و پێشكەوتنی خۆی بوەستێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە دڵنیاییەوە حکومەتی فیدڕاڵ لەم هەوڵانەدا سەركەوتوو نابن و ئێمە بە پشتیوانیی خوای گەورە و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان، لە ساڵانی رابردوودا چەندین دۆخی سەختمان تێپەڕاندووە.

مەسرور بارزانی دەشڵێت، خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە هەرگیز و لەژێر هیچ فشارێكدا دەستبەرداری مافە دەستوورییەكانمان نابین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە قەزای دەربەندیخان،  بەشداری کرد لە پرسەی شەوکەت محەمەد رەسوڵ دایکی جەمال عەلی مینا.

لەمیانی بەشداریکردنی لە پرسەکەدا, سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە نزیکەوە پرسە و سەرەخۆشی گەیاندە جەمال عەلی مینا و کەسوکار و بنەماڵەی خوالێخۆشبوو، هیوای خواست ئەمە دواخەمی خانەوادە تێکۆشەرەکەیان بێت و سەبووری و ئارامی بە هەموولایەکیان ببەخشێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بۆ مانگی پێنجی رابردوو زیاتر لە 60 هەزار بەشداربووی پرۆژەی روناکی 20 بۆ 80 هەزار دینار پارەی کارەبایان بۆ دەگەڕێتەوە.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت: بڕی 1.4 ملیار دینار دەگەڕێندرێتەوە ئەو خێزانانەی کە بەشێکن لە پرۆژەی روناکی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاتر لە 60 هەزار خێزان کە کارەبای 24 سەعاتییان هەیە سوودمەند دەبن لەو بڕە پارەیەی حکومەت دەیگەڕێنێتەوە بەشێوەی کرێدت (رصيد) بۆ پسوولەکانی مانگی پێنج.

وەزارەتی کارەبا راشیگەیاندووە، بە تێکڕا هەریەکێک لەم ماڵانە تا 20 هەزار دینار بە‌شێوەی کرێدت لەسەر پسوولەکانیان وەردەگرنەوە، هەندێک گەڕەک هەن کە ماڵەکانیان بە تێکڕا تا نزیکەی 80 هەزار دیناریش وەردەگرنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، هاوکات زیاتر لە 10 هەزار خێزان بەهۆی گەڕانەوەی ئەمە بڕە بۆیان، هیچ بڕە پارەیەک نەدەن بۆ پسوولەی کارەبای مانگی پێنج.

 

 

ئەم هەنگاوە ئەو خێزانانە دەگرێتەوە:

(یەکەم) پێشتر پارەیەکی زیاترییان دابوو بۆ پسوولەی کارەبا بە بەراورد بەو نرخە نوێیانەی ئەنجومەنی وەزیران لە چەند هەفتەی رابروودا پەسەندی کرد.

(دووەم) ئەو هاووڵاتییانەش دەگرێتەوە کە سوودمەند نەبووبوون لە پاڵپشتی حکومی بەڕێژەی ٪15 لە مانگی سێیەمدا کە ئەویش لە چەند هەفتەی رابردوودا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا. ئەمەش وەک پاڵپشتیەکی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەسەر پاڵپشتی مانگی یەکەم بەڕێژەی ٪50 و مانگی دووەم بەڕێژەی ٪25.

پێشتر ئەنجومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ نرخە نوێیەکانی کارەبای پەسەندکرد. لە ئەنجامدا، ئێستا ٪80ی هاووڵاتییان پارەیەکی کەمتر دەدەن بە کارەبا بە بەراورد بە پێشوو بۆ کارەبای مۆلیدەی ئەهلی و نیشتمانی. هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان تاکو بڕی 200 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەم پاڵپشتییانە و کۆمەڵێک دەستپێشخەری دیکە دابینکردووە بۆ پاڵپشتیکردنی زیاتری هاووڵاتییان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ كەریم شنگالی، وەزیری پێشوی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەهۆی نەخۆشی لە تەمەنی 75 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، هاوکات چەندین پرسەنامە ئاراستەی خانەوادە و بنەماڵەی کۆچکردوو کراوە کە ئەمەی خوارەوە دەقی پرسەنامەکانە...

 

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان پرسەنامەیەک ئاڕاستەی خانەوادە و کەسوکاری کەریم شنگالی دەکات 

بەڕێزان خانەوادە و کەسوکاری کاک کەریم شنگالی  

بەداخ و پەژارەوە هەواڵی کۆچی دوایی کەریم شنگالی، وەزیری پێشووی ناوخۆی هەرێمی کوردستانمان پێگەیشت.

بۆ ئەم خەمە، پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵە بەڕێزەکەتان دەکەم و لەخوای گەورە داواکارم گیانی کۆچکردوو بۆ هەمیشە شادبکات، ئارامی و دڵنەوایی بە هەموولایەک ببەخشێت.

 

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

پرسەنامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ کۆچی دوایی کەریم شنگالی

 

بەڕێزان/ مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

کەسوکار و خانەوادەی کۆچکردووی بەرێز کەریم شنگالی

بۆ کۆچی دوایی بەرێز کەریم شنگالی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پێشووی پارتی دیموکراتی  کوردستان و وەزیری ناوخۆی پێشووی  حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پرسە و ماتەمی خۆمان  ئاڕاستەی بەڕێزتان دەکەین.بە داخەوە بۆ ئەم ناخۆشی و مەرگەساتە.

لەیەزدانی مەزن داواکارین کۆچکردوو  بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و ئارامی  بە گشت لایەک ببەخشێت

انا للە وانا الیە راجعون

مەکتەبی سیاسی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

قوباد تاڵەبانی پرسەنامەیەک ئاڕاستەی خانەوادەی کۆچکردوو کەریم شنگالی دەکات و دەڵێت: کەریم شنگالی لەچەندین وێستگەی جیاوازی ژیانی سیاسەت و دەوڵەتدارییدا رۆڵی بینیوە وەک کەسایەتیەکی نیشتمانی و سەرڕاست.

 

دەقی پرسەنامەکەی قوباد تاڵەبانی....

 

بەڕێزان خانەوادەی کۆچکردوو کەریم شنگالی

 

زۆر بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایی کاک (کەریم شنگالی)م بیست.

کۆچکردوو کاک کەریم لەچەندین وێستگەی جیاوازی ژیانی سیاسەت و دەوڵەتدارییدا ڕۆڵی بینیوە وەک کەسایەتیەکی نیشتمانی و سەرڕاست. لەدەستدانی کاک کەریم مایەی نیگەرانی هەموو ئەو کەسانەیە کە رۆژێک لەڕۆژان کاریان لەگەڵ کردووە بەتایبەتیش ئێمە کە لە کابینەی حکومەتی هەرێم کاری پێکەوەیی و دەوڵەتداریمان کردووە.

بۆ ئەم کۆچە، هاوبەشی خەمی خانەوادە و هاوڕێیانی کۆچکردووم و پرسەو سەرەخۆشیان لێ ئەکەم. خوای گەورە لێی خۆش بێت و جێگەی بەهەشت بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەهەموو لایەک ببەخشێت.

 

انا لله وانا الیه راجعون

 

قوباد تاڵەبانی

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...169170171172173...956