سبەینێ دواوادەیە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنیکردنی خۆراک بێ بەرانبەر، تا ئێستاش زیاتر لە چوار ملیۆن کەس لە هەرێم فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەووە، سبەینێ سێشەممە 2ـی 9ـی 2025  کاتژمێر 12ـی شەو، پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی خۆراک کۆتایی دێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا لە كۆی ژمارەی گشتیی بەشداربووانی فۆڕمی خۆراک لە هەرێمی کوردستان، كە پێنج ملیۆن و 385 هەزار و 820 کەسە، چوار ملیۆن و 638 هەزار و 672 کەس فۆرمەکەیان پڕکردووەتەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، تەنیا 747 هەزار و 148 کەس ماوە و هێشتا فۆرمەکەیان پڕنەکردووەتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاشکراشیکردووە، بە تێکڕا رێژەی ئەو هاووڵاتییانەی تا ئێستا فۆرمەکانیان پڕکردووەتەوە 86% بووە، رێژەی بەشداریكردنی هاووڵاتییانیش لە شارەكانی هەرێم بەم شێوەیەیە، لە هەولێر  88%، سلێمانی: 87%، دهۆک: 83% و هەڵەبجە: 89% بووە.

جێگەی ئاماژەیە ئەو کەسانەشی تا ئێستا فۆرمەكەیان پڕنەكردووەتەوە، چەند هۆكارێكی هەیە، ئەوانیش خۆی لە نەبوونی کارتی نیشتمانیی، بوونیان لە دەرەوەی وڵات، یان پشتگوێیان خستووە، یان نەشارەزان و توانای پڕکردنەوەی فۆرمەکەیان نییە، یان دوورەدەستن و دەستیان بە ئینتەرنێت ناگات.

 فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاگاداری ئەو هاووڵاتیانە دەکاتەوە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی فۆڕمی خۆراک لە شارەکانیان بکەن و فۆرمەکە پڕبکەنەوە.