وەزیری پێشمەرگە: هاوکاری ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت
١ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
وەزیری پێشمەرگەی هەرێم لەگەڵ لێپرسراوی نوسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەرێم کۆبووەوە و لەدیدارێکدا جەخت لە پرۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە کرایەوە، هاوکات دڵنیایدرا لە بەردەوامبوونی هاوکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە.
ئەمڕۆ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ دێک پایلویک، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و تیمێکی سەربازی یاوەری کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە بە بۆنەی دەستبەکاربوونی کۆڵۆنێڵ دێک، پیرۆزبایی ئاراستەکرد و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی و هەماهەنگی زیاتری نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و نوسینگەی هاریکاری ئاسایشی، بۆ خواست.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، دەربارەی دوایین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی چاکسازی و بنیاتنانی دوو ناوچەی سەرکردایەتی سەربازی و فیرقەکانی پیادە لە وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆکرا، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، پرۆسەی چاکسازی بەردەوامە و هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنی چاکسازی چڕترکردۆتەوە.
لەبارەی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەزیری پێشمەرگە و لێپرسراوی نوسینگەی هاریکاری ئاسایش گفتوگۆیانکرد، وەزیری پێشمەرگە ستایشی پشتیوانی بەردەوامی ئەمریکا و هاوپەیمانانی کرد بۆ وەزارەتی پێشمەرگە راشیگەیاند، هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە قۆناغی گەشەسەندن و بەهێزبووندایە بۆ ئەمەش پێویستمان بە هاوکاری دۆستەکانمانە لە سەروو هەموویانەوە ئەمریکا، دڵنیاشبووینەوە ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هاوکاری و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبن.
کۆڵۆنێڵ دێک پایلویک، بە سەردانیکردنی وەزارەتی پێشمەرگە و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی چاکسازی دڵخۆشی خۆیی دەربڕی و رایگەیاند، بەردەوام هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەبین بۆ بنیتانانی ژێرخانێکی سەربازی نیشتمانی بەهێز و بە ئامانج گەیاندنی پرۆسەی چاکسازی.



