قوباد تاڵەبانی لەگەڵ هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی هۆڵندا کۆبووەوە و چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا تاوتوێکرا.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە کریستۆفەر پرۆمێرسبێرگەر، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی هۆڵندا لە عیراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا باسی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی سوپاسی حکومەتی هۆڵندای کرد کە لە ساڵانی رابردوودا لە بوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک و پەرەپێدانی تواناکان و کارسازیدا هاوکاری حکومەتی هەرێمی کردوە و هیواشی خواست لە داهاتوودا هاوکارییەکانی هۆڵندا بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە گرنگییەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی هۆڵندا و جەختی کردەوە لەسەر پێویستی کاری زیاتر بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاوازەکان و بە تایبەتیش لە بوارەکانی بازرگانی و کشتوکاڵ و پەرەپێدانی تواناکاندا.

قوباد تاڵەبانی روونیشی کردوە کە هەرێمی کوردستان لە قۆناغی گەشەسەندنی ئابوریدایە و لەم چوارچێوەیەدا داوایکرد وەبەرهێنەر و کۆمپانیاکانی هۆڵندا بەشداربن لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابوری کوردستان و ئامادەیی حکومەتی هەرێمیشی دەربڕی هەموو جۆرە کارئاسانییەک پێشکەشی  کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی هۆڵندا بکات.