وەفدێكی باڵای هەرێم و وەفدی تەكنیكی وەزارەتی دارایی هەرێم دەچنە بەغداد و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی و وەزارەتی نەوتی عیراق دەستپێدەكەن.

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، بڕیارە رۆژی چوار شەممە وەفدێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان كە پێكدێن لە نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كۆمپانیا نەوتییەكان، سەردانی بەغداد بكەن و لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عیراق و كۆمپانیای سۆمۆ كۆببنەوە، بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان.

ئاماژەی بەوەکرد، وەفدی تەكنیكی حكومەتی هەرێمیش پێكدێن لە نوێنەرانی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی و لە بەغداد لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق و دیوانی چاودێری دارایی و ژوری یاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كۆدەبنەوە و باس لە گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغداد دەكەن لەبارەی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان.