شارەوانی سلێمانی ئاشکرایدەکات، وردبینیکردن لە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستیپێکردووە، هاوکات هەر فەرمانبەرێک پێشتر سودمەند بووبێت یاخود دوو فەرمانبەر هاوسەربن و هەردوولا فۆڕمیان پڕکردبێتەوە، ئەگەر شارەوانی ئاگادار نەکەنەوە تووشی لێپیچینەوەی یاسایی دەبنەوە.

سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەووە، دوای ئەوەی دەستکرا بە دابەشکردنی زەوی بەشێوەی تیروپشکی ئەلیکترۆنی لە رۆژی 28-8-2025، لە ئێستادا لیژنەکانی دابەشکردنی زەوی هەڵدەستن بە کاری وردبینیکردن بۆ داواکاری سەرجەم فەرمانبەران.

شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەم خاڵانەی خوارەوە کردووە و دەڵێت هەر فەرمانبەرێک پێچەوانەی ئەم خاڵانە فۆڕمەکەی پڕکردووەتە دەبێت ئاگاداریان بکاتەوە بە پێچەوانە تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبنەوە.

یەکەم؛ ئەگەر فەرمانبەر پێشتر سوودمەند بووە و فۆڕمی پڕکردۆتەوە و زانیاری دروستی نەداوە.

دووهەم؛ ئەگەر فەرمانبەری گرێبەست فۆڕمی پڕکردۆتەوە و بەهەڵە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەی بەرزکراوەتەوە بۆ وەزارەتەکەی خۆی.

سێیەم؛ ئەگەر فەرمانبەر خزمەتی فعلی هەشت ساڵ کەمتر بێت و فۆڕمی پڕکردبێتەوە بە هەڵە و بەسەر لیژنەی بەڕێوەبەرایەتییەکەیاندا تێپەڕیبێت.

چوارەم؛ ئەگەر هاتوو هەردوو هاوسەر فەرمانبەربن و هەردوولا فۆڕمیان پڕکردبێتەوە.

 شارەوانی سلێمانی راشیگەیاندووە، پێویستە بە نوسراوی رەسمی فەرمانگەی پەیوەندیدار ئاگاداریان بکاتەوە بە پێچەوانەوە بەپێی ئەو بەڵێننامەیەی کە پڕی کردوەتەوە لە کاتی پێشکەشکردنی فۆڕمی وەرگرتنی زەوی تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبن، هەروەها پێویستە فەرمانبەرانی فەرمانگەکان راستەوخۆ سەردانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی نەکەن بۆلای لیژنەی دابەشکردنی زەوی، بەڵکو هەر داواکارییەک یاخود پرسیارێک یاخود کێشەیەکیان هەبێت لیژنەکانی خۆیان ئاگادار بکەنەوە و ئەوانیش بەرزی بکەنەوە بۆ سەرۆکایەتییان، چونکە دەبێتە هۆی لۆد و قەرەباڵغی لە فەرمانگەکەیان.