دیلان غەفور: بێبەرانبەر 200 هەزار لیتر نەوتمان بۆ قەزای چەمچەماڵ دابینکرد
بڵند
٢٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
دیلان غەفور، کاندیدی دەرچوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندوە، لەسەر داواکاری ئەو، سەرۆک وەزیرانی عیراق بڕیاریداوە بە پێدانی 100 لیتر نەوت بۆ دوو هەزار خێزانی زیانلێکەوتوانی چەمچەماڵ.
دیلان غەفور، لە راگەیەندراوێکدا کە لە واڵی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردوەتەوە، دەڵێت؛ وەک بەشێک لە ئەرکی سەرشانیان بۆ بەدەمەوەچوونی زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، لە رۆژی روداوەکەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەرخەت بوون تا بتوانین خزمەتێک بەو خێزانانە بکەن، کە زیانیان بەرکەوتووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە، بە خۆشحاڵییەوە هەوڵەکانیان بەئەنجام گەیشتوە و توانیویان رەزامەندی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق وەربگرین بە پێدانی 100 لیتر نەوتی سپی بێبەرانبەر بۆ دوو هەزار خێزانی سنوری قەزای چەمچەماڵ، کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
لەبارەی کاتی دابەشکردنی نەوتەکەشەوە، دیلان غەفور دەڵێت؛ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پەیوەندیی بەردەوامدان تا بە زووترین کات نەوتەکە بگەیەننە دەست ئیدارەی قەزاکە بە مەبەستی دابەشکردنی.



