لە سنوری ئیدارەی گەرمیان بەهۆی کێشەی زەویوزار چوار کەس کوژران و حەوتی دیکەش برینداربوون، پۆلیسی گەرمیانیش دەڵێت؛ لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەستیپێکردووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لەسەر رێگای گوندی خاڵەبەگ سەربە قەزای رزگاری لەسەر زەوی وزار شەڕ لەنێوان دوو لایەن رویدا کە خزمی یەکترن، لە ئەنجامدا چوارکەس  لەیەک خێزان گیانیان لەدەستدا کە سێ کەسیان برای یەکترن و دانەیەکیان ئامۆزایانە هەروەها برایەکی سێ کوژراوەکە بریندارە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە لایەنەکەی دیکەش شەش کەس برینداربوون، دوای چارەسەری خێرا شەش لەبریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراون .

لەئێستادا لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ روداوەکە کراوەتەوە.

پۆلیسی گەرمیان ئەوەشی خستەڕوو، لەکاتی هەر گۆڕانکاریەک لە رەوتی لێکۆڵینەوە، هەر بەڵگەو زانیاریەک کە ئاڕاستەی پەڕاوەکە بگۆڕێت بەفەرمانی دادوەر یاخود هەر زانیاریەک پێویست بکات رای گشتی ئاگادار دەکەنەوە.

راشیگەیاند، ئەمە تەنها زانیارییە سەرەتاییەکانی  بەدەست هاتووی روداوەکەن، سەرجەم هێزەکانیش لەئامادە باشیدان بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم بڕیارەکانی دادوەری لێکۆڵینەوە  هەر لەفەرمانەکانی دەستگیرکردن تا هەموو بڕیارەکانی تر.